تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانی نوێی سەربازی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران داڕشتووە. پلانەکان ئەگەری بەکارهێنانی گەورەترین بۆمبی نائەتۆمی لە جبەخانەی ئەمریکادا لەخۆدەگرن کە بە "دایکی بۆمبەکان" (GBU-43/B) ناسراوە، ئەمەش بە مەبەستی بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە و بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول یان دوای هەڵبژاردنەکان، فەرمانی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەربکات.
ئاوێنە: بەگوێرەی سەرچاوەکان، پەنابردن بۆ بەکارهێنانی ئەم بۆمبە بۆ یەکەمجار لە ململانێی لەگەڵ ئێراندا، وەک پەرەسەندنێکی گەورە و بەرچاو دادەنرێت، هەرچەندە گومانی جیدی هەیە لەسەر توانای بۆمبەکە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە ستراتیژییانەی ترەمپ رایگەیاندوون، یاخود یەکلاییکردنەوەی هاوکێشەی جەنگەکە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە کە ترەمپ فەرمانی بە سوپا کردووە پاکێجی هێرشی زیاتر دژی ئامانجە ئێرانییەکان پەرەپێبدەن، کە بەشێکی زۆری ژێرخانی وزە دەگرێتەوە، سەرباری ئەگەری بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان". هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە داڕشتنی پلانەکە وا نیشان دەدات هێرشەکە پێش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بێت لە ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم)؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی رەنگە ئیدارەی ئەمریکا بیەوێت گورزی زیاتر بوەشێنێت و سەرکەوتن رابگەیەنێت، پاشان بەخێرایی هێزەکانی بکشێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی دووەم جەختی کردووەتەوە کە پلانە سەربازییەکان بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەتایبەتی دامەزراوەی ژێرزەمینی لە ناوچەی "کێوی قوڵنگ" (جبل الفأس)، بە راشکاوی باس لە بەکارهێنانی ئەو بۆمبە زەبەلاحە دەکەن. ترەمپ لە مانگەکانی رابردوودا و تەنانەت دوای راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گشتگیرەکان لە سەرەتای ئەمساڵدا، چەندین جار هەڕەشەی لێدانی ئەو بنکەیەی کردووە، کە واشنتن و تەلئەڤیڤ پێیان وایە تاران بەشێک لە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی تێدا شاردووەتەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکا بوو کە بە شێوەیەکی کردەیی بڕیاری بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان"ی دا؛ ئەوەش لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بوو لە ساڵی 2017، کاتێک رێگەی بە سوپا دا بەهێزترین بۆمبی نائەتۆمی دژی پێگەکانی رێکخراوی داعش لە ئەفغانستان بەکاربهێنێت.
گومانەکان لەسەر کاریگەرییە سەربازییەکەی
بەرپرسێکی ئەمریکی روونیکردووەتەوە کە سوپا بە شێوەیەکی رۆتینی لیستی بژاردەکان بۆ بڕیاربەدەستان ئامادە دەکات کە لە ئاستی هێزی نزمەوە بۆ بەرز دەستپێدەکات، و ئامانجە قووڵەکانیش پێویستیان بە تەقەمەنی گەورەتر هەیە و "دایکی بۆمبەکان"یش گەورەترینیانە.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوەکان گومانیان لە کاریگەریی ئەم بۆمبە هەیە دژی بنکە قایمکراوەکانی ژێر زەوی. سەرەڕای ئەوەی بۆمبەکە توانای وێرانکردنی رووبەرێکی هەیە کە هاوتایە بە نزیکەی 9 بلۆکی نیشتەجێبوون، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە ناتوانێت بە قووڵایی پێویست زەوی ببڕێت بۆ لەناوبردنی دامەزراوە گومانلێکراوەکانی "کێوی قوڵنگ"، کە مەزەندە دەکرێت بە چینی ئەستووری بەردی گرانیت پارێزراو بن.
سەرچاوەیەکی سێیەم ئاماژەی بەوە داوە کە بۆمبەکە بۆ پاککردنەوەی رووبەری فراوان نایابە، بەڵام وەک کڵاوەیەکی جەنگیی بڕەری قووڵ (ئەشکەوتبڕ) دیزاین نەکراوە. پێشبینیش دەکرێت کاریگەرییە وێرانکەرەکەی تەنها لەسەر رووی زەوی بمێنێتەوە و قەبارەی تەقینەوە گەورەکەشی مەترسی کەوتنەوەی قوربانی مەدەنی لێبکەوێتەوە، بەتایبەت ئەگەر ئەو دامەزراوانە بکرێنە ئامانج کە نزیکن لە ناوچەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانەوە.
چەکێکی دەروونی و بژاردە سیاسییەکان
سەرەڕای ئەم تێبینییە تەکنیکییانە، ئەگەری هەیە ترەمپ وەک ئامرازێکی شەڕی دەروونی پەنا بۆ بۆمبەکە ببات، لە کاتێکدا دەسەڵاتی ئێران سوورە لەسەر هەڵوێستەکانی.
سەرچاوەی سێیەم بە "سی ئێن ئێن"ی راگەیاندووە: "سەرۆک خۆی خستووەتە دۆخێکەوە کە نزیکە لەوەی ناچاری بکات کارێک ئەنجام بدات؛ لە غیابی تەقەمەنییەکیشدا کە بتوانێت بگاتە ئەو قووڵاییە زۆرە، دەبێت چاو لە کاریگەرییە دەروونییەکان بکرێت کە ئەم بۆمبە هەڵگری تایبەتمەندییەکانیەتی."
بەرپرسان جەخت دەکەنەوە کە بەکارهێنانی ئەم چەکە ئەستەمە ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات یان سەرکەوتنێکی ستراتیژی مسۆگەر بکات، بەڵام دەکرێت بژاردەیەکی دیکە بخاتە بەردەم ترەمپ بەبێ ئەوەی ناچار بێت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گشتگیر دەستپێبکاتەوە. سەرچاوەیەکی چوارەمیش ئاماژەی بەوە کردووە کە داڕێژەرانی پلانی سەربازی چەند بژاردەیەکیان پەرەپێداوە کە رەنگە لە "نمایشێکی یارییە ئاگرینەکان" بچێت، بە ئامانجی دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ سەرۆک، تەنانەت ئەگەر گورزەکان ئامانجە راگەیەندراوەکانی جەنگەکەش نەپێکن.
فشارە سیاسییەکان و هەڵبژاردنی نیوەی خول
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ترەمپ رووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە لە ناوخۆدا پشتیوانییەکی ئەوتۆی نییە، هاوکات کۆمارییەکان خۆیان بۆ کاردانەوەیەکی نەرێنیی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا ئامادە دەکەن، لە سایەی کەمیی ئاماژەکان بۆ رێککەوتنێکی نزیک دوای زیاتر لە شەش مانگ لە بۆردوومانەکانی ئەمریکا. بەشێک لە بەرپرسان بە نهێنی پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئایا کۆشکی سپی بەڕاستی خاوەنی ستراتیژییەکە کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە یان نا.
هەرچەندە ترەمپ بە ئاشکرا رایگەیاندبوو کە پێش هەڵبژاردنەکان هیچ هەنگاوێکی نوێ نانێت، بەڵام راوێژکارەکانی لە دانیشتنە تایبەتەکاندا دەڵێن دڵنیا نین لەوەی ئەو بڕیارە کۆتایی بێت. زۆرێک لە ناوخۆ و دەرەوەی ئیدارەکە پێیان وایە یەکلاییکردنەوەی تەواوەتی پێویستی بە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی هەیە کە رەنگە ژیانی هەزاران سەربازی ئەمریکی بخاتە مەترسییەوە، لە ئێستاشدا هیچ کەسێک لەناو ئیدارەکەدا داوای هەنگاوێکی وا ناکات.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، چەند هەفتەیەکە گەورە بەرپرسانی ئەمریکا سەرنجیان خستووەتە سەر دۆزینەوەی دەرچەیەک کە دەستکەوتێکی رەمزی ببەخشێتە ترەمپ بەبێ پەکخستنی هیچ کرانەوەیەکی دیپلۆماسی، کە لە رێککەوتنێکەوە بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز دەستپێدەکات. هاوکات پێدەچێت سوپا خۆی بۆ کاردانەوەیەکی گریمانەکراوی ئێران ئامادە بکات، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی خولیی هێزەکان لە ناوچەی فەرماندەیی ناوەندی دەستپێبکات، لەگەڵ ئەگەری پڕنەکردنەوەی شوێنی بەشێک لەو سەربازانەی ناوچەکە جێدەهێڵن.
لە بەرامبەر ئەم زانیارییانەدا، بەرپرسێکی کۆشکی سپی رەتیکردەوە لێدوان لەسەر پلانە سەربازییە هەستیارەکان بدات و تەنها گوتی: "سەرۆک ترەمپ سەرجەم بژاردەکان لەسەر مێز دەهێڵێتەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." لەلای خۆشییەوە بەرپرسێکی پێنتاگۆن رایگەیاند کە وەزارەتی بەرگری پلان بۆ کۆمەڵێک سیناریۆی فراوان دادەنێت بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی سەرۆک و وەزیری بەرگری.
پڕۆفایل: "دایکی بۆمبەکان" (GBU-43/B) چییە؟
تایبەتمەندییەکان: بۆمبێکی زەبەلاحی شەپۆلی هەواییە، کێشەکەی نزیکەی 8482 کیلۆگرامە لە ماددەی تەقەمەنیی بەهێزی جۆری (H6). درێژییەکەی 9.1 مەترە و تیرەکەی 103 سەنتیمەترە. لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە ئاراستە دەکرێت و بە پەڕەشووت لە فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازییەوە فڕێدەدرێتە خوارەوە.
میکانیزمی کارکردن: کەمێک پێش بەرکەوتنی بە زەویدا دەتەقێتەوە و شەپۆلێکی راچڵەکاندنی یەکجار فراوان دروست دەکات، توانای بڕین و چوونە ناو زەویشی دەگاتە نزیکەی 60 مەتر پێش تەقینەوەی کڵاوە جەنگییەکەی.
مێژووی دروستکردن: لە ماوەی جەنگی عێراقدا پەرەی پێدرا و لە ساڵی 2003 خرایە خزمەتی سەربازییەوە. ئەوکات بەرپرسانی سەربازی رایانگەیاند کە بۆمبەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ ئۆپەراسیۆنی دەروونی و شڵەژاندنی هێزەکانی بەرامبەر دیزاین کراوە.
بەکارهێنانی پێشوو: دۆناڵد ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکا بوو کە لە ساڵی 2017 فەرمانی کردەیی دا بە بەکارهێنانی دژی مۆڵگەکانی رێکخراوی داعش لە ئەفغانستان. هێرشەکە زنجیرەیەک تونێلی قایمکراوی کردە ئامانج و بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەفغانستان، بووە هۆی کوژرانی 36 چەکداری رێکخراوەکە بەبێ تۆمارکردنی هیچ زیانێکی گیانی لە ریزی مەدەنییەکاندا. ئەو هێرشە لەوکاتەدا پرسیاری زۆری لەسەر پێویستیی بەکارهێنانی بۆمبێکی لەو قەبارەیە دروست کرد، و پێشبینی دەکرێت هەمان ئەو پرسیارانە دووبارە ببنەوە ئەگەر دژی ئێران بەکاربهێنرێت.