شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی سەرما، بارانی بەخوڕ و بەفربارین کە لە دوێنێوە دەستی پێکردووە، تاوەکو ٥ی کانوونی یەکەم (مانگی ١٢) ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا شەپۆلەکە دەگاتە لوتکە و مەترسیی دروستبوونی لافاو لە هەندێک ناوچەدا هەیە.
ئاوێنە: سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی، لەبارەی هۆکاری دروستبوونی ئەم کەشوهەوایەوە ڕوونیکردەوە، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی درێژ بەسەر کەشێکی وشک و کەمبارانیدا، ئەم شەپۆلە نوێیە شێی خۆی لە دوو سەرچاوەی جیاوازەوە وەردەگرێت؛ ئەوانیش دەریای سپی ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسین لە ڕێگەی دەریای سوورەوە. هاوکات یەکگرتنی ئەم شێیە لەگەڵ بارستە هەوایەکی ساردی باکووردا، دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی هەورەکان و دابارینی بارانی بەخوڕ.
سەبارەت بە نەخشەی دابەشبوونی دابارینەکان، ئەو شارەزایەی کەشناسی ئەوەی خستەڕوو کە کاریگەریی سەرەکیی شەپۆلەکە لە دوێنێوە لە ناوچە سنوورییەکانی دهۆک و شاری هەولێر دەرکەوتووە و ئەمڕۆش (٢٩ی مانگ) بازنەی کاریگەرییەکەی فراوانتر دەبێت و شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک دەگرێتەوە. بەپێی پێشبینییەکان، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورەکان بەفر دەبارێت، لە کاتێکدا لە سەنتەری شارەکان و ناوچە نزمەکان بارانبارین دەبێت؛ زۆرترین ڕێژەی باران و چەقی کاریگەریی شەپۆلەکەش لە ناوچە سنوورییەکانی هەولێر و بەشێک لە سنووری سلێمانی تۆمار دەکرێت.
سالار حاجی عەلی باسی لەوەش کرد، ئەگەرچی شەپۆلەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لاواز دەبێت، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی مانگی کانوونی یەکەمدا دووبارە چالاک دەبێتەوە و دەگاتە بەرزترین ئاستی خۆی. لەم قۆناغەدا بارانبارین بە شێوەیەکی زۆر بەهێز دەبێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەکدا لە ئارادایە.
لە کۆتایی پێشبینییەکانیدا، ئەو شارەزایە جەختی لەوە کردەوە کە لە ئەگەری دابەزینی زیاتری بارستە هەوا ساردەکەدا، ڕێژەی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان ڕوو لە زیادبوون دەکات و پلەکانی گەرماش بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن؛ هەر بۆیە داوای لە هاووڵاتیان کرد ئامادەکاریی پێویست بۆ هاتنی شەپۆلی سەرماکە بکەن و بەرگی گەرم بپۆشن.