لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر ئەو لێدوانانەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە تێیدا لایەن و هێزە سیاسییەکانی بەغدای بە بڕوانەبوون بە سیستمی فیدراڵی تۆمەتبار کردبوو، عەبدولئەمیر تەعیبان، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند کە ئەو لێدوانانە «لە جێی خۆیاندا نین».
ئاوێنە: تەعیبان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی «علنا»ی کەناڵی ئاسمانیی «سۆمەرییە»، ئاماژەی بە بنەمای دەستووریی سیستمی حوکمڕانی لە عێراقدا کرد و لە وەڵامی تۆمەتەکانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا وتی: «سیستمی فیدراڵی لەو دەستوورەدا جێگیرکراوە کە گەلی عێراق دەنگی پێداوە، هەر بۆیە ئەو لێدوانانەی بارزانی لە جێی خۆیاندا نین».
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆکاری ئاڕاستەکردنی ئەم ڕەخنە و هەڵوێستانەی بۆ کاریگەریی بڕیارە نوێیەکانی بەغدا گەڕاندەوە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە توندیی ئەم لێدوانانە و هەڵوێستەکانی ڕەتکردنەوە و دژایەتیکردن، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی زیانگەیشتنە بە بەرژەوەندییەکان، بەهۆی ئەو زنجیرە بڕیارە نوێیانەی کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەریکردوون.
ئەم ئاڵوگۆڕی لێدوانانە لە نێوان بەرپرسانی هەردوولادا لە کاتێکدایە کە بڕیارەکانی بەغدا تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان، گرژییەکی سیاسیی لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی باڵا لە شاری بەغدا بە مەبەستی تاووتوێکردنی ئەو دۆسیانە بەڕێوەبچێت.