قاسم عەبودی، ڕاوێژکاری ئەمنی نیشتمانیی عێراق، لە گەشتی خۆیدا بۆ تاران، لەگەڵ سکرتێری ئەمنیى ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەوە.
ئاوێنە: لە کۆبوونەوەکەدا، جەنراڵ موحسین ڕەزایی جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و بەهێزکردنی ئاسایش لە سنوورە هاوبەشەکان کردەوە.
ڕەزایی وتیشی "عێراقێکی سەربەخۆ، بەهێز و پێشکەوتوو دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ و بنەڕەتی لە دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی هاوکاری و هاوتەریبیی ئەمنی لە ناوچەکەدا بگێڕێت".
هەروەها ناوبراو جەختی لەسەر گرنگی فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی ئابووری لەنێوان هەردوو وڵات کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە نابێت ڕێگە بدرێت وڵاتانی دەرەکی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەوتی ئەم هاوکارییە دابنێن.
لەبەرامبەردا، قاسم عەبودی جەختی لە پابەندبوونی عێراق بە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامە ئەمنییەکە کردەوە.
عەبودی باسی لەوەشکرد، ئاراستەی عێراق بەرەو جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەکەیە و جەختیشی کردەوە کە عێراق ڕێگە نادات ئاسمان و خاکی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکەی دراوسێ بەکاربهێنرێت.