لە چوارچێوەی پەرەسەندنی پیشەسازییە بەرگرییەکاندا، تفەنگی هێرشبەری «کەی سی ئاڕ 556» (KCR 556) وەک یەکێک لە بەرهەمەکانی کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگریی «کالی کالیپ» (KALEKALIP)ـی تورکیا دەردەکەوێت. ئەم چەکە بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاستێکی بەرزی کارایی و پشتپێبەستراوی لە هەلومەرجە مەیدانی و ژینگە جەنگییە جیاوازەکاندا دیزاین کراوە.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی کۆمپانیای بەرهەمهێنەر بڵاوی کردوونەتەوە، «KCR 556» یەکەم تفەنگی هێرشبەری دروستکراوی تورکیایە بە عەیاری (5.56×45 ملم) کە پشت بە سەکۆی «ئەی ئاڕ-15» (AR-15) دەبەستێت و سەرکەوتووانە تاقیکردنەوەکانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ـی تێپەڕاندووە. هەروەها کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات کە تایبەتمەندییە هونەرییەکانی چەکەکە لە کەمترین پێوەرە داواکراوەکانی ستانداردە سەربازییە پێوانەییەکان (MIL-SPEC) تێدەپەڕن.
لە ڕووی میکانیزمی کارکردنەوە، تفەنگەکە پشت بە سیستەمی پستۆنی گازی کورت-هەنگاوی خۆڕێکخەر دەبەستێت. ئەم دیزاینە ڕێگری دەکات لە گواستنەوەی گەرمی و پاشماوەی گازەکان بۆ نێو کۆمەڵەی میل، ئەوەش وا دەکات چەکەکە پێویستییەکی کەمتری بە پاککردنەوە و چاککردنەوە هەبێت، بەتایبەتی لە دۆخە سەختەکانی بەکارهێناندا.
دیزاینە ئەندازیارییەکەی ئاسانکاری بۆ جووڵە و مانۆڕکردن دەکات، هاوکات پێکهاتە مۆدیولار (پێوانەیی و گۆڕاو)ـەکەی چەندین ڕووکار و بنکەی جێگیرکردن لەخۆدەگرێت بۆ بەستنی دووربین، ئامێر و پاشکۆ جیاوازەکان. لە ئێستاشدا هێزەکانی جەندرمەی تورکیا ئەم چەکەیان وەک بەشێک لە چەکە فەرمییەکانیان پەسەند کردووە و کۆمپانیاکە ئامانجیەتی لە ڕێگەیەوە پێداویستیی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان، بە یەکە تایبەتمەندەکانیشەوە، پڕ بکاتەوە.
کۆمپانیای «کالی کالیپ» ئەم تفەنگە بە سێ جۆری ستاندارد بەرهەم دەهێنێت کە لە درێژیی لوولەدا جیاوازن، تاوەکو لەگەڵ سروشتی ئەرک و بەکارهێنانە تاکتیکییەکانی هەر جۆرێکیاندا بگونجێت.
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان:
عەیار (قەبارەی فیشەک): 5.56×45 ملم.
سیستەمی کارکردن: پستۆنی گازی کورت-هەنگاوی خۆڕێکخەر.
شێوازەکانی تەقەکردن: دۆخی سەلامەتی (قوفڵ)، تەقەی نیمچەئۆتۆماتیکی (یەک فیشەک لەگەڵ هەر دەستپێداگرتنێکی پەلەپیتکە)، و تەقەی ئۆتۆماتیکیی تەواو.
تێکڕای تیۆریی تەقەکردن: لە 750 تا 1000 فیشەک لە خولەکێکدا (بەگوێرەی جۆرەکەی).
مەودای کاریگەر: لە 300 تا 500 مەتر (بەگوێرەی درێژیی لوولە).
خێرایی سەرەتایی فیشەک لە دەمی لوولەوە: لە 700 تا 870 مەتر لە چرکەیەکدا.
کێش (بەبێ مەخزەن): لە 2.7 تا 3.35 کیلۆگرام (2700 بۆ 3350 گرام).
درێژیی گشتی: لە 580 تا 890 ملم (بەگوێرەی دۆخی قۆناغ و درێژیی لوولە).
درێژیی لوولە (ماسوورەی تەقەکردن): بە سێ درێژی بەردەستە کە بریتین لە 190، 280 و 368 ملم، لەگەڵ ڕێژەی پێچانەوەی (سووڕانەوەی) یەک خولی تەواو لە هەر 7 ئینجێکدا.
تەمەنی گریمانەیی لوولە: 15,000 فیشەک.
جیاوازییەکانی لەگەڵ کڵاشینکۆفی ڕووسی و «M4»ـی ئەمریکی
لە سایەی ململانێی نێوان زلهێزەکان لە پیشەسازیی چەکدا، تورکیا لە ڕێگەی پەرەپێدانی چەکی ناوخۆیی و ڕکابەریکردنی نموونە جیهانییەکانەوە، هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە بازاڕی جیهانیی چەکدا داوە. لە بەراوردکردنی تفەنگی «KCR 556» لەگەڵ هەردوو هاوتا بەناوبانگەکەی —کڵاشینکۆفی ڕووسی «AK-47» و «M4»ـی ئەمریکی— چەندین خاڵی جیاوازی تەکنیکی و دیزاین دەردەکەون:
١. کێش و قەبارە: تفەنگی «KCR 556» بە سووکیی کێشەکەی جیادەکرێتەوە کە بەبێ مەخزەن و بەپێی جۆرەکەی لە نێوان 2.7 بۆ 3.35 کیلۆگرامدایە، لە کاتێکدا کێشی کڵاشینکۆفی کلاسیکی (AK-47) بە مەخزەنێکی بەتاڵەوە نزیکەی 4.3 کیلۆگرامە؛ ئەمەش نەرمییەکی زیاتر لە هەڵگرتن و جووڵەدا دەبەخشێتە چەکە تورکییەکە.
٢. سیستەمی جێگیرکردن و کۆنترۆڵ: تفەنگە تورکییەکە بە ڕووکار و بنکەی تایبەت تەیار کراوە بۆ بەستنی دووربین و ئامێرە بینراو، گەرمی و شەوانەکان، سەرەڕای هەبوونی کلیل و ئامرازەکانی کۆنترۆڵ کە بۆ بەکارهێنان بە هەردوو دەستی ڕاست و چەپ گونجاون. ئەم تایبەتمەندییانە نەرمییەکی زیاتری کارپێکردن دەڕەخسێنن بەراورد بە دیزاینە کلاسیکییەکەی کڵاشینکۆف، کە تەنیا بۆ دەستی ڕاست دروست کراوە و بنکەی جێگیرکردنی سەردەمیانەی نییە.
٣. سیستەمی کارکردن و چاککردنەوە: تفەنگی «KCR 556» پشت بە سیستەمی پستۆنی گازی کورت-هەنگاو دەبەستێت، بەڵام تفەنگی «M4»ـی ئەمریکی سیستەمی گازی ڕاستەوخۆ بەکاردەهێنێت. جیاوازیی ئەم دوو سیستەمە لە شێوازی ئاراستەکردنی گازەکاندایە لە نێو میکانیزمی کارکردنەکەدا؛ سیستەمەکەی «M4» دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی گەرمی و پاشماوەی کاربۆن لە نێو کۆمەڵەی میلەکەدا، کە ڕەنگە پێداویستییەکانی پاککردنەوە و چاککردنەوە زیاد بکات، بەتایبەت لە هەلومەرجە سەختەکانی بەکارهێناندا.
٤. عەیار و ئاستی کارایی: هەردوو تفەنگی «KCR 556»ـی تورکی و «M4»ـی ئەمریکی تەقەمەنیی عەیار 5.56 ملم بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا کڵاشینکۆفی کلاسیکی پشت بە تەقەمەنیی عەیار 7.62×39 ملم دەبەستێت. تەقەمەنیی عەیار 5.56 ملم بەوە جیادەکرێتەوە کە کێشی سووکترە و لێدانەوەی (ارتداد) تا ڕادەیەک کەمترە، ئەمەش دەرفەت دەدات بە هەمان کێش بڕێکی زیاتری فیشەک هەڵبگیرێت و لە کاتی تەقەی یەک لەدوای یەکیشدا کۆنترۆڵکردنی چەکەکە ئاسانتر بێت.