ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پەکەکە تەواوی کەمپەکانی لە خواکوڕک، زاپ و مەتینا چۆڵ کردووە، ناوبراو بەهۆیەوە دەڵێت "خوا یار بێت پرۆسەی ئاشتی دەگەیەنینە ئەنجام".
ئاوێنە: ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی تورکیا کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی پرسی چەکدانان و کشانەوەی پەکەکە بوو، ئاشکرایکرد "بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی ئەو مەترسییانەی دووچارمان دەبنەوە، ئەوان وەک دەسەڵات و مەهەپەی هاوپەیمانیان، بە دڵ و گیان کاریان کردووە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و بە کۆتاییهێنان بە شەڕوشۆڕ و چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکان".
وتیشی "ئێمە دەمانەوێت سازانی نیشتمانی لەنێوان سەرجەم لایەنەکان هەبێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، بەڵام ڕێگەش نادەین ئەم بابەتە بکرێتە کارتێک بۆ ئامانجی سیاسی".
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا سەربارەت بە چۆڵکردنی پەناگەکانی پەکەکە، وتی "چۆڵکردنی ناوچە جیاوازەکان لەلایەن رێکخراوەکەوە لە ناوچەکەدا و دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوەیان، لەرووی بەستنەوەی داهاتوو بە بنەمایەکی تەندروستەوە هەنگاوێکی گرنگە".
ئەو دەشڵێت "هەر قۆناغێک تێدەپەڕێنرێت وا دەکات زیاتر لە ئامانجەکە نزیک ببینەوە و نیشانەکانی داهاتوویەکی پڕ لە هیوا بۆ هەموو ناوچەکە رۆژ بە رۆژ روونتر دەبنەوە". ئاماژەی بەوەشکرد کە "نە تورک دوژمنی کوردە، نە عەلەویش دوژمنی سوننەیە، نابێت ببێت و ناشبێت. ئێمە هەموومان پێکەوە تورکیاین، هەموومان پێکەوە گەلی تورکین."
ئەم قسانەی ئەردۆغان و باخچەلی دوای ئەوە دێت، دوێنێ دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026؛ سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا رایانگەیاندبوو کە پەکەکە 14 پەناگەی دیکەی لە ناوچەی خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان چۆڵ کردووە، لەپاڵ چوار پەناگەی ناوچەی مەتین لە 8ـی تشرینی یەکەم.