عەلی حەمەساڵح، لە ڕێگەی پەڕەی فەرمیی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە بە وتەی ناوبراو، پەیوەستە بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ خستنەژێر دەسەڵاتی کەرتی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان.
ئاوێنە: بەپێی ئەو نەخشەیەی عەلی حەمەساڵح خستوویەتییە ڕوو، حکومەتی عێراق کار بۆ ئەوە دەکات هەریەک لە کێڵگەکانی کۆرمۆر، خورمەڵە و سەفییە، کە لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی کوردیدان، بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
ناوبراو هاوپێچ لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نەخشەکەدا پەیامێکی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم کردووە و تێیدا ڕایگەیاندووە: "بۆ گوێتان لێمان نەگرت! ساڵەهای ساڵە هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان بە بیرمدا نەهاتووە خیانەت لەم گەل و خاکە بکەم، هەموو ئەو ڕەخنانەش کە ساڵەهای ساڵە دەمگرت لە پێناو دادپەروەری و حوکمڕانییەکی باش بوو."
لە درێژەی نووسینەکەیدا، عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بە کاردانەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرامبەر ڕەخنەکانی ڕابردووی کردووە و نووسیویەتی: "ڕۆژێک یەکێک لەمانە نەهات گوێیەکی جدیمان بۆ بگرێت، هەموو ڕۆژ تۆمەتێک و بوختانێک. ئێمە دەمانوت جوان لەسەر کورسییەکە دانیشن، دەتانوت جاشن! ئەوەتە مشاریان ئامادەکردووە بۆ بڕینەوەی دوو قاچی کورسییەکە."
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا، ناوبراو تیشکی خستووەتە سەر دۆخی بژێویی هاووڵاتییان و دەڵێت: "ئێوە ئێستاش تەنیا گوێتان لە دەوروبەری خۆتانە، دەنگی خەڵک و ئازاری گیرفانیان نابیستن. دەزانن خەڵکێک نەتوانێت بەرمیلێک نەوت و پارەی کارەبا و خواردنی منداڵی دابین بکات، ئیتر لای گرنگ نییە چی لە کۆرمۆر و خورمەڵە ڕوودەدات. نەخشەی بڕینی دەماری دڵی دەسەڵاتداری لە هەرێم دانراوە."