بە مەبەستی پاراستنی ئاسمانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکی درۆنی و موشەکی کە زیان بە بەرهەمهێنانی غاز و کارەبا دەگەیەنێت، حکومەتی عێراق بڕیاریدا سیستمی بەرگریی ئاسمانی و موشەکی لەو کێڵگەیە جێگیر بکات.
ئاوێنە: سەباح نوعمان، وتەبێژی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد کە زیاتر لە ٥٠ شوێن لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراون بۆ دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، کە بەشێکیان دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستانەوە و کێڵگەی غازی کۆرمۆریش یەکێکە لەو شوێنە دیاریکراوانە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە بودجەی پێویست بۆ کڕینی ئەو سیستمانە تەرخان کراوە و پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا، بەدیاریکراوی لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا، سیستمەکان بگەنە عێراق و پڕۆسەی جێگیرکردنیان دەست پێ بکات.
بڕیاری دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەم کێڵگەیە دوای ئەوە دێت کە تاوەکو ئێستا، بە دوایین هێرشی شەوی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ـەوە، بە کۆی گشتی ١٤ جار هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ کێڵگەکە ١٣ جار بە موشەک و درۆن کرابووە ئامانج، کە قورسترینیان هێرشەکەی ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٤ بوو و بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کارمەند، هەروەها هێرشەکەی شەوی ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ کە بووە هۆی ڕاگرتنی تەواوەتیی بەرهەمهێنانی غاز.
لە دوایین پێشهاتیشدا، بەگوێرەی زانیارییەکان، شەوی یەکشەممە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ (لەم مانگەدا)، لە ڕێگەی درۆنەوە هێرش کرایەوە سەر کۆگای غازی شلی کێڵگەکە، کە جگە لە کەوتنەوەی ئاگر و ڕاگرتنی بەرهەمهێنان، بووە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی دوو هەزار و ٨٠٠ مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان.