عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکانی حکومەت کردەوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، جێبەجێکردنی یاسا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر سامانی نیشتمانی لە سەرجەم ناوچەکانی عێراقدا.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، ئەم لێدوانەی زەیدی لە میانی پێشوازیکردنیدا هات لە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانیان کرد و تیشکیان خستە سەر گرنگیی بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی وەک زەمینەسازییەک بۆ پەرەپێدانی بەرنامە گەشەپێدان، ئابووری و وەبەرهێنانەکانی حکومەت. هاوکات گفتوگۆ لەسەر بەرنامەکانی بەهێزکردنی توانای هێزە چەکدارەکان بە هەموو جۆر و پێکهاتەکانییەوە کرا، بە دەستەی حەشدی شەعبیشەوە. زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: «حکومەت لە هەموو بستێکی خاکی عێراقدا بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پلانەکانی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی سامانی نیشتمانی.»
جوڵەی سەربازی لە جورف سەخر دوای ١٢ ساڵ
ئەم هەڵوێستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو (٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق بۆ یەکەمجار لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی ئاشتییانە چوونە نێو بەشێک لە ناحیەی جورف سەخر (جورف نەسر) لە باکووری پارێزگای بابل.
بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک، ئەم شارۆچکەیە بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵ و هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و بەرەی مقاوەمەدا بوو و وەک ناوچەیەکی داخراو مابووەوە کە هاتوچۆ و چوونەناوەوەی هاووڵاتییان تێیدا قەدەغە بوو. هەرچەندە حکومەت ڕایگەیاندووە کە چوونی هێزەکان لە چوارچێوەی فەرمانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتیی نەوتدایە، بەڵام بەهۆی هەستیاریی ناوچەکەوە، ئەم جوڵە فەرمی و سەربازییەی دەوڵەت لەلایەن چاودێران و لایەنە سیاسییەکانەوە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ سەیر دەکرێت و پرسیاری جددیی لەسەر ئامانجە درێژخایەنەکان و لێکەوتەکانی دروست کردووە.
لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ دەروازەکانی هەرێمی کوردستان
هاوکات لەگەڵ پێشهاتەکانی جورف سەخر، بەغدا جوڵەکانی بەرەو سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیش فراوان کردووە و لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕەوانەی دەروازەی باشماخ لە پارێزگای سلێمانی و سنووری زاخۆ لە پارێزگای دهۆک کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ڕاپۆرتی هەواڵگری لە ئاستی دەرەکیدا گەیشتووەتە دەست عەلی زەیدی کە ئاماژە بە بەقاچاغبردنی نەوت دەکات لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی سلێمانی و دهۆکەوە. لە زانیارییەکاندا هاتووە کە وێنە ئاسمانییەکان و ڕاپۆرتی دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق پشتڕاستی ئەو دۆسیەیان کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتاریش زانیاری و بەڵگەیان لەبارەی بەقاچاغبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە پێشکەشی سەرۆک وەزیران کردووە.
بەرپرسانی عێراق جەخت دەکەنەوە کە ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی سەرتاسەری بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە قاچاغچێتیی نەوت، کە هەموو ناوچەکان لە بەسرەوە تا زاخۆ دەگرێتەوە.
بڕیارەکەی عەلی زەیدی دوای ئاشکرابوونی دۆسیەیەکی گەورەی بەقاچاغبردنی نەوت و بوونی پاڵاوگەی نایاسایی لە ناوچەکەدا هات، کە بەهۆیەوە چەندین بەرپرسی ئەمنی و ئیداری، لە نێویاندا بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی بۆرییە نەوتییەکان، دەستگیر کران یان لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە. بەگوێرەی پلانی ئەمنیی حکومەت، لە ئێستادا «بارەگایەکی کۆنترۆڵ» (مقر المسيطر) لە ناوچەکەدا دامەزراوە؛ ئەرکی پاراستنی بۆرییە نەوتییەکان بە پۆلیسی وزە سپێردراوە و دەزگای دژەتیرۆریش وەک هێزی یەدەگ لە ئامادەباشیدایە بۆ کردنەوەی ڕێگە ستراتیژییە داخراوەکان.