ڕۆژنامەی "مەعاریڤ"ی ئیسرائیلی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کردووە، بەهۆی جیاوازیی هەڵسەنگاندنەکان بۆ ئاستی مەترسیی ئەتۆمیی ئێران، ناکۆکی و بەریەککەوتن لە نێوان بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سوپای وڵاتەکەیدا دروست بووە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، نەتەنیاهۆ هۆشداری دەدات کە چارەنووسی ئیسرائیل بەهۆی ئێرانەوە لە مەترسیدایە، بەڵام لە بەرامبەردا سوپا پێی وایە تاران هێشتا زۆر دوورە لەوەی ببێتە هەڕەشەیەکی ئەتۆمیی وجوودی بۆ سەر دەوڵەتەکە.
"مەعاریڤ" ئاماژەی بەوەش کردووە کە نەتەنیاهۆ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی (مۆساد) و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ڕەوانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، بە مەبەستی دروستکردنی فشار لەسەر بەرپرسانی ئەمریکی سەبارەت بەوەی ئیسرائیل بە "مەترسیی ئەتۆمیی ئێران" ناوی دەبات.
لە لایەکی دیکەوە، سەرکردایەتیی سوپای ئیسرائیل هەوڵ دەدات ڕای گشتیی ناوخۆیی دڵنیا بکاتەوە؛ بە جۆرێک کە دامەزراوە سەربازییەکە لە کۆتایی هەفتەدا ڕوونی کردووەتەوە، ئێران لە ئێستادا هیچ ئامرازێکی لەبەردەستدا نییە کە هەڕەشە لە بوونی ئیسرائیل بکات و هێشتا زۆر دوورە لەوەی توانای هەڵدانی بۆمبی ئەتۆمیی بۆ سەر وڵاتەکە هەبێت.