ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنال لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانیەوە ئاشکرایکردووە، سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگری دەرەوەی ئیسرائیل (مۆساد)، لە گەشتی هەفتەی ڕابردووی بۆ واشنتۆن، داوای دەستپێکردنەوەی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆسەر ئێران کردووە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوناڵد ترەمپ هێشتا هەڵبژاردەکانی بەردەمی لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاراندا هەڵدەسەنگێنێت.
ئاوێنە: ڕۆمەن گافمەن، سەرۆکی مۆساد، ڕۆژی هەینیی هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ترەمپ، لەوانەش جۆن ڕەتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا (سیا)، کۆبووەوە و زانیارییەکانی ئیسرائیلی دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی خستە بەردەستیان. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، گافمەن لەم دیدارەدا پشتیوانیی لە دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی چەند ڕۆژە بۆسەر ئێران کردووە.
رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوەشکردووە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چەندین مانگە داوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆسەر ئێران دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی تەلئەڤیڤ هێشتا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە. لە بەرامبەردا، وڵاتانی کەنداوی فارس، بە سەرکردایەتیی قەتەر، کە نیگەرانن تاران لە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکاندا ژێرخانی ئەوان بکاتە ئامانج، هەوڵ دەدەن گفتوگۆ دەست پێ بکات و ڕێککەوتنێک بەدەست بهێنرێت؛ بەڵام ئەم هەوڵانە تائێستا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.
ئەوەشی خستووتەروو، بڕیاری کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لەلایەن ترەمپەوە دەدرێت. لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ترەمپ جارێک هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی توندی کردووە و جارێکیش باسی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی ئێرانی کردووە. لەلایەکی دیکەوە، زۆرێک لە شیکەرەوان پێیان وایە کە ئەنجامدانی هێرشە نوێکان نە ئێران ناچار دەکات ڕێککەوتنێک قبوڵ بکات و نە دەبێتە هۆی ڕووخانی حکومەتەکەش.