لە کاردانەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا، فەریق عەزیز وەیسی بانی، فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی، پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئامادەباشیی هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند.
ئاوێنە: بەگوێرەی پەیامەکەی فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی، سەرجەم هێزەکانیان لە دۆخی ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان و ئامادەن لەو پێناوەدا گیانی خۆیان بەخت بکەن. عەزیز وەیسی لە دەقی پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە: «وەک فەرماندەیا پێشمەرگەیێن زێرەڤانی ئامادەینە بە گیان و خوینا خۆ پاراستنێ ژ ئێکەتییا هەرێما کوردستانێ بکەین و چاڤەڕێی هەر فەرمانەکێینە».
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، فەرماندەی زێرەڤانی ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی، هێزەکانی ناوخۆ، دەزگای ئاسایشی هەرێم، فەرماندەیی دەڤەری یەکی پێشمەرگە و تەواوی هێزە چەکدارەکانی دیکە لە ئامادەباشیی تەواودان و سوێندیان خواردووە بە خوێنی خۆیان خاکی هەرێمی کوردستان بپارێزن. هاوکات جەختی کردووەتەوە کە لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستاندا گیانیان فیدا دەکەن و چاوەڕێی فەرمانن بۆ ئەنجامدانی هەر چالاکییەکی سەربازی.
ئەم هەڵوێستەی فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی دوای ئەوە دێت کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا جەختی کردەوە کۆنترۆڵکردنی ناوچەی جورف سەخر تەنیا سەرەتایەکە و دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر سەرجەم خاکی عێراقدا دەسەپێنن.
ئەم هەنگاوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە کە پێشتر دەزگای هەواڵگریی عێراق ڕاپۆرتێکی لەبارەی ئەو ناوچانەوە بڵاو کردبووەوە کە کاری قاچاخچێتیی نەوتیان تێدا ئەنجام دەدرێت؛ لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتەش، عەلی زەیدی بڕیاری کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی دا و ئەمڕۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی لە ناوچەی جورف سەخری سەر بە پارێزگای بابلەوە دەست پێ کرد.