لاهور شێخ جه‌نگی له یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنیدا له زیندانه‌وه رایده‌گه‌یه‌نێت، دادوه‌ره‌كان راسته‌خۆ فه‌رمان له قوباد تاڵه‌بانی و بافڵ تاڵه‌بانی وه‌رده‌گرن و به ئهستهمیشی ده‌زانێت له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رێككه‌وتن بكات. ئه‌و ده‌شڵێت، په‌یوه‌ندییه‌كی شه‌خسی باشم له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی هه‌یه. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه كه هێرشی سه‌ر ماڵه‌كه‌ی دژی دوایین سه‌نگه‌ری خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستان بوه.
ئاوێنه: لاهور شێخ جه‌نگی له یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنیدا له زیندانه‌وه له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی "زه ئامارگی" كه به زمانی ئینگلیزی ئه‌نجامدراوه، باس له دۆخی زیندان و سزادانی له‌لایه‌ن دادگا و هه‌روه‌ها هێرشی سه‌ر ماڵه‌كه‌ی و چه‌ند پرسێكی دیكه ده‌كات.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی وه‌رگێڕدراوی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یه:
زە ئامارگی: زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەستگیرکردنتدا تێپەڕیوە. دۆخەکە بۆ تۆ چۆن بوە؟ کاتەکانت چۆن بەسەردەبەیت؟ لە کاتی دەستبەسەریدا چۆن مامەڵەت لەگەڵ کراوە؟
لاهور شێخ جەنگی: بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە ژوری تاکەکەسیدا بوم کە لە سەرەتادا زۆر سەخت بو، بەڵام له‌گه‌ڵ تێپەڕبونی کات ئاسانتر ده‌بو، کاتەکەم زیاتر بە خوێندنەوە بەسەر دەبردو دوای ١٢ مانگ ڕێگەم پێدرا قەڵەم و کاغەزم هەبێت، بۆیە دەستم کرد بە نوسین، به‌تایبه‌تی نوسینی شیعر و یاداشتەکانم. هەروەها دەستم کردوە بە وێنەکێشان؛ ئەوە شتێک بو کە لە سەردەمی گەنجیمدا تێیدا باش بوم، بەڵام لە ٣٠ ساڵی ڕابردودا بەهۆی کار‌و سەرقاڵییەوە ئەنجامدانی سەخت بو. لە یەکەم ڕۆژی دەستگیرکردنمدا لێکۆڵینەوەم لەگەڵ کرا و تا وادەی دادگاییکردنم دوای ٨ مانگ هیچ کەسێک قسەی لەگەڵ نەکردمەوە، بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵمدا باش بو و بە تەنیا جێهێڵرام.
زە ئامارگی: لە سەرەتادا داوات کرد دادگاییکردنەکەت لە هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام سەرەنجام لە سلێمانی بەڕێوەچو. هۆكاره‌كه‌ی چی بو؟ هەست دەکەیت دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە كراویت؟
لاهور شێخ جەنگی: بەتەواوی متمانەم بە سیستەمی دادوەری لە سلێمانی لەدەستداوە، ٩٩٪ی دادوەرەکان بەشێوەی سیاسی دانراون و ڕاستەوخۆ فەرمان لە قوباد [تاڵەبانی] و بافڵ [تاڵەبانی] وەردەگرن، بۆیە هیچ هیوایەکم نییە. ئەوان ڕێگرییان لە گواستنەوەی کەیسەکەم کرد بۆ دادگای پێداچونەوە (تەمیز) لە هەولێر، چونکە دەزانن بەڵگەکان لە دادگای پێداچونەوەدا ناسه‌لمێنرێن.
زە ئامارگی: کاتێک ئاوڕدەدەیتەوە بۆ دواوە، پێتوایە لە مانگه‌كانی پێش دەستگیرکردنت یان کاتێک ڕونبوەوە کە ڕوبەڕوبونەوەیەکی توندوتیژانه ڕودەدات، هیچ شتێکت به‌شێوازێكی تر ئه‌نجام ده‌دا؟
لاهور شێخ جەنگی: تاکە شتێک کە دەکرا بەشێوازێكی جیاواز بیکەم، جێهێشتنی سلێمانی بو بۆ ڕێگری لە دەستگیرکردنم و ئەمەش شتێک بو کە بەهیچ نرخێک ئامادە نەبوم بیکەم. من بەو شێوەیە لەدایک بوم و پەروەردە کراوم – کە لەسەر پێی خۆم بوەستم و گەلەکەم بەجێنەهێڵم. ئەمە بەڵێنێک بو کە بە گەلەکەمم داب‌و. پابەندی بەڵێنەکەم بوم هەرچەندە باجێکی قورسم دا، بەڵام پەیامێکی بەهێز بو بۆ ئەوەی پیشانی بده‌م کە پێویستە دژی گەندەڵان و به‌کرێگیراوانی دوژمنی کورد بوەستیتەوە.
زە ئامارگی: پێتوایە هیچ ئومێدێک بۆ ئاشتەوایی لەنێوان تۆ و یەکێتیدا هەبێت؟ دواجار ڕێککەوتنێکمان لەنێوان نەوەی نوێ و یەکێتیدا بینیوە.
لاهور شێخ جەنگی: هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەندامانی بنکەی جەماوەریی یەکێتیدا نییه، نیگەرانیی من لە سەرکردایەتیی گەندەڵی ئێستای یەکێتییە کە لە داهاتودا کارکردن لەگەڵیان زۆر سەخت دەبێت، بۆیە پێموایه ئه‌نجامه‌كه ئەوەیە کە جێگەیەک بۆ هەردولامان نییە، تەنها یەکێکمان دەتوانین بمێنینەوە. لە ئێستادا لە زیندانم، بەڵام ئەگەر ڕۆژێک هاتمە دەرەوە، ئیدی كاتی ئه‌وه‌یه ئه‌وان بڕۆن.
زە ئامارگی: حیزبەکەت [بەرەی گەل] هێشتا نوێنەرایەتی لە پەرلەمانی کوردستاندا هەیە. پێت وایە چی بەسەر حیزبە سیاسییەکەتدا دێت؟
لاهور شێخ جەنگی: حیزبە سیاسییەکەم هێشتا چالاکەو لەم دواییانەدا بە ٢ کورسی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بینی و یارمەتیده‌ر بو بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان.
زە ئامارگی: هەندێک کەس دەڵێن بڕیاره‌كه‌ت بۆ هێشتنه‌وه‌ی هێزێکی چەکدار – هێزی دوپشک – یارمەتیده‌ر بوه بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دەستگیرکردنت. لە کاتێکدا حیزبێکی سیاسیت دامەزراندبو، بۆچی هێزەکەت هێشتەوە؟
لاهور شێخ جەنگی: من ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پێشوی زانیاری و دژەتیرۆر بوم لە کوردستان و بەهۆی کارەکەمەوە، بەداخەوە دوژمنی زۆرم لە ناوچەکەدا بۆ خۆم دروست کرد، هەر بۆیە ڕێگەم پێدرا هێزێکی پاراستنم هەبێت بۆ پاراستنی خۆم و خێزانەکەم، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە سلێمانی بوەتە گۆڕەپانی تەراتێنی گروپە بریكاره‌كانی ئێران.
زە ئامارگی: پەیوەندیی ئێستات لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان چۆنە؟
لاهور شێخ جەنگی: هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیم لەگەڵ پارتیدا نییە، بەڵام پەیوەندییه‌كی شه‌خسی باشم لەگەڵ سەرۆکوەزیران [سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی] هەیە.
زە ئامارگی: دەنگۆ هەن کە پیلانگێڕیی جیۆپۆلەتیکی لە ئارادا بون له په‌یوه‌ست به دژایەتیکردنی تۆ بۆ سەرکردایەتیی یەکێتی لەسه‌ر هێنانه‌ناوه‌وه‌ی ئێران، ئیسرائیل و ئه‌ژی ئەمین [سەرۆکی پێشوی دەزگای زانیاریی یەکێتی]. هیچ بنەمایەک بۆ ئەمە هەیە؟
لاهور شێخ جەنگی: لە دەربڕینی بۆچونە سیاسییەکانمدا زۆر ڕاشکاو بوم، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێران، تورکیا و سوریا. هەربۆیە لەلای دراوسێکانمان زۆر خۆشەویست نەبوم و ناوبەناو بەشێوەی ناڕاستەوخۆ هەوڵی دورخستنەوەیان ده‌دام – بەتایبەتی دراوسێکانی ڕۆژهەڵات.
زە ئامارگی: پێتوایه لێكه‌وته‌و شوێنه‌واری دەستگیرکردنهكهت و ئه‌و شێوازه‌ی پێی ئه‌نجامدرا، بۆ سه‌ر سیاسەت لە هەرێمی کوردستان چی ده‌بێت؟
لاهور شێخ جەنگی: باوەڕم وانییە کە هێرشەکەی سەر ماڵەکەم و شێوازی ئەنجامدانی تەنها دژی من بوبێت، به‌ڵكو پێموایه وایە دژی دوایین سه‌نگه‌ری خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بو. هێرشەکەی سەر ماڵەکەم سەلماندی کە دیموکراسی لەم هه‌رێمه‌دا بونی نییە و هەروەها کاریگەریی دراوسێکانمانی لە ناو هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە سلێمانی و سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتیدا نیشان دا.