حکومەتی فیدراڵیی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت و بەدوور دەگیرێت لە هەر دۆسیە و پرسێکی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئاوێنە: حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی دەرکردووە بە مەبەستی زامنکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ڕێگریکردن لە هەر دەستبردن و دەستکاریکردنێکی.
وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، دۆسیەی مووچە بە تەواوی لە سەرجەم دۆسیەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا جیاوازە، هاوکات جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە "بەهیچ گفتوگۆیەکی پەیوەست بە دۆسیەیەکی دیکەوە گرێ نادرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبودی تیشکی خستە سەر کارنامەی گشتیی حکومەت و ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی دیدگا و بەرنامەکانیدا بەردەوامە، بەتایبەت لە بوارەکانی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، جێبەجێکردنی یاسا، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر سامانی نیشتمانی لە سەرانسەری عێراقدا.