وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە واشنتنی پایتەخت پێشوازی لە شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر دەکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران. بەپێی کارنامەی فەرمیی ڕووبیۆ کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە کۆبوونەوەکە کاتژمێر ٢:٠٠ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆیی واشنتن (١٩:٠٠ بە کاتی گرینیچ) بەڕێوەبچێت. چاوەڕوان دەکرێت هەردوولا جگە لە تاوتوێکردنی ڕۆڵی نێوەندگیریی قەتەر لە نێوان تاران و واشنتن، پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیش بخەنە بەر باس.
ئاوێنە: ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، شاندێکی دانوستانکاری قەتەر سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبووەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئێران و ئەمریکا بۆ سەر مێزی دانوستان و کۆتاییهێنان بە جەنگ. لەوبارەیەوە کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی ڕۆژی شەممە پشتڕاستی کردەوە کە شاندە قەتەرییەکە پێش بەجێهێشتنی تاران، بۆ ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێر گفتوگۆیان ئەنجامداوە. غەریب ئابادی ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ نێوەندگیرەکان، لە نێویشیاندا قەتەر، بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری پێدانی دەرفەتێکی دیکە بە دیپلۆماسیەت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، سەردانەکەی شاندی قەتەر بۆ تاران دوای کۆبوونەوەیەکی گرنگ هات کە ڕۆژی پێنجشەممە لە بەرلین لە نێوان ستیڤ ویتکۆف و جارێد کۆشنەر، نێردەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای قەتەر بەڕێوەچوو. ماڵپەڕەکە لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی بەرلیندا کە تایبەت بووە بە هەوڵەکانی نێوەندگیری نێوان واشنتن و تاران، هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی قەتەر و عەلی زەوادی، نێردەی قەتەر، لەگەڵ ویتکۆف و کۆشنەر بەشدارییان کردووە.
دەوڵەتی قەتەر کە ڕۆڵی نێوەندگیری سەرەکی لە نێوان واشنتن و تاران دەگێڕێت، ماوەی چەند هەفتەیەکە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ دەستپێکردنەوەی ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بە جۆرێک کە ڕێگری لە سەرهەڵدانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی نوێ بکات. هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی قەتەر هەفتەی پێش ڕابردوو سەردانی واشنتنی کرد و بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئێران لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە. دوای ئەو کۆبوونەوەیە، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدانی هەڵمەتێکی سەربازیی نوێی دژی ئێران بە "زۆر دوور" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە پێویست دەرناکەوێت؛ بەڵام لە بەرامبەردا ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ترەمپ لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە، ڕووبەڕووی فشارێکی توند بووەتەوە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ دژی ئێران ئەنجام بدات.