ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا ئیلهام ئەحمەد، سیاسەتمەداری دیاری کوردی وەک ئەندام پەرلەمان دەستنیشان کرد، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک بۆ تێکەڵکردنیان بە دامودەزگاکانی دەوڵەتی ناوەندی.
ئاوێنە: ئەنجوومەنی گەلی سووریا ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند شەرع فەرمانێکی دەرکردووە ئیلهام ئەحمەد کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە پۆستی هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆسەری بەدەستەوەیە، وەک "ئەندامێکی ئەنجومەنی گەل بۆ پڕکردنەوەی شوێنی بەتاڵی ئەندامێکی دەستلەکارکێشاوە، بەمەش ژمارەی ئەندامانی لە ٢٠٥ ئەندامەوە بۆ ٢٠٦ کەس بەرزبووەتەوە".
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، کوردو دەسەڵاتە نوێیەکەی سوریا لەسەرەتای ئەمساڵدا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد کە تێیدا مەرجی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانیان لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بوو.
مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو، دوابەدوای پەرەسەندنی سەربازی لەگەڵ دیمەشق، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی ڕاگەیاند، کە بڕبڕەی پشتیان لەلایەن کوردەوە پێکهێنراوە و ڕووبەڕووی دەوڵەتی ئیسلامی بوونەتەوە، پێش ئەوەی شەرع، عەبدی وەک ڕاوێژکاری خۆی دەستنیشان بکات.
هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی (هەسەدە) کۆتاییهاتنی قۆناغێکی بەرچاوی مێژووی کوردانی سوریا بوو، کە هیوایان خۆبەڕێوەبەری و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لەساڵانی ململانێکاندا بەدەستیان هێنابوو، ئیلهام ئەحمەد یەکێک بوو لە دیارترین بەرگریکارەکانی.
لە ماوەی دەیان ساڵ چالاکیی سیاسیدا، ئیلهام ئەحمەد کە لە ساڵی ١٩٧٢ لە عەفرین لەدایک بووە، ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەبەرگریکردن لە دۆزی کورد و بەشداری ژنان لە کاری سیاسیدا.
ئەحمەد چالاکی سیاسی خۆی وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان لە زانکۆی حەلەب دەستپێکرد و لەوێ ئەدەبیاتی عەرەبی خوێندووە. دواتر بوو بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو خۆبەڕێوەبەرییەی کە لە دوای سەرهەڵدانی ململانێی سوریا لەلایەن کوردەوە دامەزرا.
ئیلهام ئەحمەد و مەزڵوم عەبدی دوای ئەوەی بە توندی بانگەشەیان بۆ سیستمێکی لامەرکەزی و فرەیی لە سوریا کرد، لەلایەن دیمەشقەوە بە توندی دژایەتی دەکرا، ئەحمەد و عەبدی دیارترین دانوستانکار بوون لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، ئەمەش بووە هۆی واژۆکردن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی یەکگرتنەوە.