مه‌سعود بارزانی: هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ بڕیارێك ناكات كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور بێت
  2026-11-25     

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی له‌باره‌ی بڕیاره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رێم مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ بڕیارێك ناكات كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور بێت و هیچ كەس و لایەنێكیش بۆی نییە بە بڕیاری نادەستوری و عەقڵییەتی نكۆڵیكار، ئیرادەی خۆی بەسەر گەلی كوردستاندا بسەپێنێت.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی باره‌گای بارزانی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ پیرمام، مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق كردو لەكۆبونه‌وه‌ی نێوانیاندا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق بەگشتی و هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتە تازەكانی نێو پەیوەندییەكانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی كرا.

پەیوەست بەو پرسه‌وه‌، بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە "بڕیارە سەربازییەكە"ی دوێنێی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ جەختی لەوە كردەوە كە "دەستور، جۆری سەڵاحیات و جۆری پەیوەندیی نێوان هەردولای دیاریكردوە و هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ هیچ بڕیار و بابەتێك ناكات كە لە دەرەوەی دەستوری عێراقی بێت."

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، مه‌سعود بارزانی ئەوەشی خستەڕو كە "هەمو هەوڵێك دەدرێت بۆ ئەوەی گرفتەكان چارەسەرببن بەڵام هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە بە بڕیاری نادەستوری و عەقڵییەتی نكۆڵیكار، ئیرادەی خۆی بەسەر گەلی كوردستاندا بسەپێنێت."

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بە بایەخەوە سەیری ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان دەكات و پشتیوانی لە هەرێمی كوردستانێكی بەهێز و یەكگرتو دەكات. هیواشی خواست كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم بە دیالۆگ و لێكتێگەییشتن چارەسەر ببن و بگەنە ئەنجامێكی باش.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×