لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر ڕاگەیەندراو و بڕیارە نوێیەکانی بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی ئەمڕۆی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەو گفتوگۆیانەدا یەکناگرێتەوە کە پێشتر لە نێوان هەردوولادا هەبوون، جەختیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک هەنگاوی نادەستووری پەسەند ناکات.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، لە میانی وەڵامدانەوەی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ و بەیاننامەکەی بەغدا کرد و نیگەرانیی خۆی نیشان دا. بە گوتەی مەسرور بارزانی، دەرچوونی ئەم بەیاننامەیە بووەتە مایەی سەرسوڕمانیان، چونکە پێشتر شاندی بەغدا پەیامی جیاوازی پێگەیاندبوون کە ئاراستەکە بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکانە لە چوارچێوەی دەستووردا، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوە بە هیچ جۆرێک جێگەی قبووڵکردن نییە.
سەبارەت بە دۆسیەی سامانە سروشتییەکان، مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەر هەنگاوێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور بێت لای ئەوان پەسەندکراو نییە. ناوبراو ئامادەیی حکومەتەکەی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و کۆمپانیاکان دەربڕی بە مەبەستی خزمەتکردنی بەرژەوەندیی سامانە سروشتییەکان و خەڵکی عێراق، بەڵام بەغدای بەوە تۆمەتبار کرد کە «هەمیشە بەڵێنیان داوە و بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە».
پرسی کێڵگەی کۆرمۆر و بەردەوامیی گفتوگۆکان
پەیوەست بە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی چەند ڕۆژی ڕابردوو کە تایبەت بوو بە کێڵگەی کۆرمۆر، پێشهاتەکانی گازی سروشتی و بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەسرور بارزانی ڕوونی کردەوە کە لەو کۆبوونەوەیەدا پێشکەوتنی باش بەدەست هاتبوو لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرسی سەرچاوە سروشتییەکاندا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو کە دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دانەخراوە و پێیان وایە سەرجەم کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر دەکرێن، بەو مەرجەی گفتوگۆکان بە تەواوی لەسەر بنەمای دەستوور بن، نەک لەسەر بنەمای بڕیاری تاکەکەسی و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان. هەروەها جەختی کردەوە کە لەسەر گفتوگۆ بەردەوام دەبن و ئەگەر بنەماکە دەستوور بێت، دەرگایان واڵایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەسەر هەموو پرسەکان.
بانگەواز بۆ یەکڕیزیی ناوخۆیی
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، مەسرور بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە ناوخۆییەکان کرد و هیوای خواست هەموو لایەک هەست بەوە بکەن کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەم ئەزموونە لە هەموو دەستکەوتێکی کەسی و حزبی گەورەترە. ناوبراو داوای کرد هەموو تاکێکی هەرێم هەست بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی بکات و گوتی: «ئێمە ئامادەین ناکۆکییەکانمان وەلا بنێین و هەموومان ببین بە پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان».
ناوەڕۆکی بڕیارە نوێیەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق
ئەم کاردانەوەیەی هەولێر دوای ئەوە دێت کە سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەرچوونی کۆمەڵێک بڕیار و ڕێنمایی نوێی لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ڕاگەیاند. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بڕیارەکان ئەم خاڵانە لەخۆدەگرن:
هەناردەکردنی نەوت: ڕاسپاردنی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان نەدات، تەنها لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت، ئەوەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان.
دەروازەکان و کێڵگە نەوتییەکان: سەندنەوەی سەرجەم دەروازەکان و کێڵگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و سەلاحەدین لە هەرێمی کوردستان.
گۆڕانکاریی کارگێڕی و ئەمنی: بەخشینی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە پۆستەکەی، هەروەها دوورخستنەوەی هەریەک لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک لە پۆستەکانیان، بە هۆکاری بەدواداچوون نەکردنیان بۆ دۆسیەی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان.