مەسعود بارزانى: ناچینە ژێر باری سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێك
  2026-11-24     

 سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بڕیارە لەناکاوەکانی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەدات کە هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی "ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێك".

 

ئاوێنە: مەسعود بارزانی رایگەیاندووە "لە ناوەندەكانی بڕیاری عێراقیدا جموجۆڵ و هەڵچوونێكی ناسروشتی لەدژی هەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت كە خۆی لە هەوڵدان بۆ پێشێلكردنی بنەماكانی فیدراڵییەت و دەستووری عێراق و پشتگوێخستنی مافەكانی گەلی كوردستان و خستنەڕووی بڕیار و بیرۆكەی ناتەندروست و سەركێشانە دەبینێتەوە".

وتوشیەتی "هەموو لایەك ئەوە باش دەزانن كە گەلی كوردستان خەباتێكی دوورودرێژی لەپێناو دەستەبەركردنی مافەكانیدا هەبووە و لەو ڕێگەیە كارەساتی گەورەی بەسەردا هێنراوە هەر لە ئەنفال و كیمیابارانەوە بگرە هەتا تێكدانی هەزاران گوند و دەركردنی زۆرەملێ و گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە كوردنشینەكان و دەیان تاوانی گەورەی تر كەلە دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون. بەڵام گەلی كوردستان ئیرادەی خۆی لەدەست نەدا و بە خوێن و قوربانیدانی خۆی لەدژی هەموو چەشنە ستەمكارییەك وەستایەوە".

سەرۆکی پارتی زیاتری رونکردووەتەوە "هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2003 ڕۆڵی سەرەكیی هەبوو لە ڕووخانی ڕژێم و كۆتایهێنان بە دیكتاتۆرییەت و هەروەها ڕۆڵی باڵای هەبوو لە بنیاتنانی عێراقی تازە و داڕشتنی دەستوور، دەستوورێك كە لەژێر سایەیدا هەموو عێراقییەكان بحەسێنەوە و كۆتایی بە نەهامەتی و نكۆڵیكاری بێت. ئەو ڕۆڵەش بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بوو كە ڕێگەی دا هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەشداری لە ڕووخانی ڕژێم و بیاتنانی عێراقی نوێدا بكەن".

دەشڵێت "ئێمە هەموومان وامان دەزانی كەلە دەستووری عێراقدا ئەرك و مافەكانی هەموو لایەك جێگیر بووە و حوكمڕانانی عێراق ڕێز لە دەستوور و ئیرادەی گەل دەگرن. بەڵام بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەكرا و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەستكرا بە دژایەتیكردنی ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پێشێلكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، كە ئەو پڕەنسیپانە لە هەموو سەردەمێكدا كلیلی ڕزگاركردنی عێراق لە قەیرانەكان و گەیشتن بە پێشكەوتن و ئاسوودەییە بۆ هەموو عێراقییەكان".

سەبارەت بە حكوومەتی تازەی عێراق، مەسعود بارزانی ئاشکراشیکردووە "ئێمە هەر لە سەرەتاوە پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرۆكوەزیران عەلی زەیدی ڕاگەیاند لە چارەسەركردنی كێشەكان و پاڵپشتی بووین لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بە كردەوە ئەوەمان ئەنجامداوە. ئێستاش كە هەڵمەتێكی چەواشەكارانە و زاڵمانە هەیە لەدژی هەرێم و ڕۆژانە تۆمەتی ناڕەوا لە دژی هەرێم بڵاو دەكرێتەوە. ئێمە پێمانوایە چارەسەركردنی گرفتەكان بە هەڵمەتی نادروست و تۆمەتی بێ بنەما و بڕیاری تاكلایەنە ناكرێت. ئێمە چۆن هاوکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووین لە بنبڕکردنی گەندەڵی، ئەوهایش هاوکار دەبین لە ڕێگریکردن لە کاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچێتی، بەڵام لە ڕێگەی یاسایی و دەستوورییەوە".

سەرۆکەکی پارتی ئەوەشی خستووەتەروو، "پێویستە هەموو لایەكمان دەست بە بنەماكانی دەستوورەوە بگرین و لەو وڵاتەی بۆ ڕزگاربوونی لە دیكتاتۆریەت و گەیشتن بە ئازادی ڕەنجی زۆری بینیوە پێویستە عەقڵ حاكم بێت و هیچ كەسێك پشت بە میزاج و زانیاریی هەڵە و بڕیاری نادروست و ماڵوێرانكەر نەبەستێت".

مەسعود بارزانی جەختیشی کردووەتەوە، هەرێمی كوردستانی عێراق لە دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی سەت ساڵەی گەلی كوردستان و بە خوێنی سەدان هەزار شەهید هاتووەتەكایەوە و خاوەن مافی ڕەوای خۆیەتی. "هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێك".
 

زۆرترین بینراو
عەلی حەمەساڵح نەخشەیەک لەبارەی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێم بڵاودەکاتەوە و هۆشداری لەبارەی "دەستبەسەرداگرتنیان لەلایەن بەغداوە" دەدات
سەرۆک کۆمار: نە لەگەڵ دابەشکردنی هەرێم و جیاکردنەوەی بودجەم، نە پارتی و یەکێتیش بەبێ یەکتر دەتوانن حکومەت پێکبهێنن
حکومەتی عێراق وادەی گەیشتن و دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە کۆرمۆر ئاشکرا دەکات
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید: عه‌لی زه‌یدی ده‌ڵێت، بودجه‌ نابێت تا هه‌رێم مه‌رجه‌كانم جێبه‌جێ نه‌كات
دەم پارتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئۆجەلان ئاشکرا دەکات
مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتو: بۆ ده‌رچون له‌ دۆخی چه‌قبه‌ستوی هه‌رێم چه‌ند هه‌نگاوێكی كرده‌یی ده‌نێین
حه‌لبوسی بۆ زێدان: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و‌ "تۆمه‌تانه"‌ بكرێت كه‌ ئاڕاسته‌ی خۆم و خانه‌واده‌كه‌م كراون له‌باره‌ی به‌قاچاخبردنی نه‌وت
کچێکی 19 ساڵان بە دەستی دایک و باوکی کوژرا
وه‌زیری نه‌وتی عێراق: پێشێلكاری له‌و كێڵگه‌ نه‌وتییانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی به‌سه‌رداگرتون
ئاوات شێخ جەناب هۆشداری لە "بچووککردنەوەی هەرێم" دەدات: ئەم فشارانە لە سەردەمی سەدام حسێنیشدا لەسەر کورد نەبوون
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×