ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، پێویستە یەکێتی و پارتی بۆ ئە دۆخەی ئێستا بە زوویی کۆببنەوە، ناکۆکییەکانیان وەلابنێن، چونکە "هەوڵ هەیە هێز بنێردرێتە دەروازەکانی هەرێم".
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، مازن غەریب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەمیدیای پارتی وت "هەوڵێک هەیە دەیانەوێت هێز بنێرنە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان"، وتیشی "پێویستە سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی بەزوویی دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە بکەن، ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و حکومەتێکی بەهێز دروست بکەن، بۆ ئەوەی هەمووان بە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بن دژی هەر پرس و بابەتێک کە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت."
بەوتەی مازن "ئەم هەنگاوانە دوای ئەوە دێت کە کورد لە زۆربەی ناوچەکان پەرتەوازەیە، بۆیە پێویستە واز لە بەرژەوەندییە حزبی و تاکەکەسییەکانیان بهێنن."
وەکو ئەو دەشڵێت "ئەگەر کورد لە بەغدا یەکدەنگ بێت، دەتوانێت بەرامبەر هەموو ئەو بڕیارانە بوەستێتەوە کە بیانەوێت هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە."
جێی ئاماژەیە، ئێوارەی ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی راگەیەنراوەێکی هاوبەشیان بڵاویکردەوەو رایانگەیاند، پێشهاتەکانی چەند رۆژی رابردوو چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمان بوو بۆ هاوڵاتییانی هەرێم و ئاماژەشیان بەوەکرد، کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی گەلە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانیشی هێڵی سوورن.