ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە لە دژی قەوارەی هەرێم ڕەتدەکەینەوە
  2026-11-25     

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا، هەڵوێستی فەرمیی خۆی سەبارەت بە ڕێکارەکانی دوێنێی حکومەتی فیدراڵ و ڕاگەیەندراوی وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق خستەڕوو و جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا کردەوە.

ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی ڕێکارە نوێیەکانی حکومەتی فیدراڵ. لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە کە وەک چۆن پابەندە بە جێبەجێکردنی سەرجەم ئەرکە دەستوورییەکانی، لە بەرامبەریشدا داوای جێبەجێکردنی تەواوی مافە دەستوورییەکانی دەکات، هەروەها ئامادەیی هەمیشەیی خۆی بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای دەستوور نیشانداوە.

سەبارەت بەو ڕاگەیەندراوەی بە ناوی وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە و بە "پێشێلکارییەکی دەستووری" وەسفی کردووە. بە بڕوای حکومەتی هەرێم، ئەو هەنگاوە پێشێلکردنی مافەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و "ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ باوەڕنەبوون بە سیستەمی فیدراڵی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ ڕژێمێکی ناوەندی و مەرکەزی"، کە ئەمەش بە پێچەوانەی دەستووری عێراق دەزانێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشەی ڕەتکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم هەنگاوانە وەک "پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراو لە دژی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان" دەردەکەون.

لەبارەی پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کارە نایاساییەکان، حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە کە بەردەوام پشتیوانی لە هەر ڕێکارێک کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیشدا هاوکار و هاوئاهەنگ بووە و دەبێت بۆ سنووردانان و نەهێشتنی کارە نایاساییەکان. هاوکات داوای کردووە گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراقدا بنبڕ بکرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەی پێگەی هەرێمدا ئاماژەی بەوە کردووە کە قەوارەی هەرێم بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە و خوێنی هەزاران شەهیدە و "کەس خێری بە خەڵکی کوردستان نەکردووە". هەروەها جەختی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری لە هێنانەئارای سیستەمی فیدراڵیی ئێستای عێراقدا هەبووە و خۆی بە خاوەنی دەزانێت، هەرگیزیش دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت، کە بە گوتەی ئەنجومەنەکە، تەنیا لە مووچە و بودجە و شایستە داراییەکاندا کورت نابنەوە، بەڵکو "پرس و مافێکی سیاسی و دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستانن".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆ، دانوستان، لەیەکتێگەیشتن و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن. هەروەها داوای جێبەجێکردنی تەواوی دەستووری هەمیشەیی عێراقی کردووە و هۆکاری بەردەوامبوونی کێشەکانی بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوور گەڕاندووەتەوە، بەتایبەت ماددەی ١٤٠ی دەستوور کە بە گوتەی ئەنجومەنەکە، چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان نەنراوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×