یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ: پێشوازی له‌ رێكخستنی داهاته‌ سروشتی و سنورییه‌كان ده‌كه‌ین له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیان نه‌ك حزب
  2026-11-25     

یه‌كگرتوی ئیسلامیی كوردستان و كۆمه‌ڵی داگه‌ریی كوردستان له‌باره‌ی پێشهاته‌ نوێیه‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا رایده‌گه‌یه‌نن، پێشوازی له‌ رێكخستنی داهاته‌ سروشتی و سنورییه‌كان ده‌كه‌ین له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیان نه‌ك حزب و گروپ و كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتو. ئه‌و دو حزبه‌كه‌ داواش ده‌كه‌ن حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی بە گفتوگۆیەکی جدی و بەرپرسیارانەو لە چوارچێوەی دەستوردا کێشەکان چارەسەربکەن.

ئاوێنه‌: لیژنه‌ی هاوبه‌شی یه‌كگرتوی ئیسلامیی كوردستان و كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، كۆبونه‌وه‌و راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان سەبارەت بە پێشهاتە نوێیەکان و لێکەوتەکانی بڕیارەکانی عەلی زەیدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌و دو حزبه‌ رایانگه‌یاندوه‌ "ئێمە وەک هەردو لایەن، پێشوازی لە ڕێکخستنی داهاته‌ سروشتی و سنورییەکان دەکەین، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیان بێت، نەک لە بەرژەوەندیی حزب و گروپ و کەسانی دەستڕۆیشتو. داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان، موڵکی گەلە و دەبێت بە شەفافییەت و بە دادپەروەرییەوە خەرج بکرێت بۆ خزمەتی هاوڵاتیان."

كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه‌"دڵسۆزان زو هەستیان بەم مەترسییانە کرد و هۆشدارییان دا، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گوێیان بۆ دڵسۆزان نەگرت و بەردەوام بوون لە سیاسەتی تاکڕەوی و ناشەفافیەت. ئەمڕۆ لێکەوتەکانی ئەو سیاسەتە هەڵەیە بەسەر هەمووماندا دەشکێتەوە."

ئه‌وان داواشیان كردوه‌ "حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی، بە گفتوگۆیەکی جددی و بەرپرسیارانە و لە چوارچێوەی دەستووردا، کێشەکان چارەسەر بکەن و مووچە و قووتی هاووڵاتیان نەکەنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان."

وتوشیانه‌، یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم و مافەکانی هاووڵاتیان و سەروەریی یاسادا، بەردەوام لە هەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییەکانیان بەردەوام دەبن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بسم الله الرحمن الرحیم

کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتوی ئیسلامی، لەسەر پێشهاتە نوێیەکان و بڕیارەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەڵوێستی هاوبەشی خۆیان بەم شێوەیە ڕادەگەیەنن:

دەوڵەتی عێراق دەوڵەتێکی فیدڕاڵییە و بەپێی دەستوور مافی هەموو لایەک دیاری کراوە و قەوارەی هەرێمی كوردستان، قەوارەیەکی دەستووریی جێگیرە و هیچ لایەنێک نابێت لە دەرەوەی دەستوور مامەڵە بکات و مافەکانی لایەنی تر پێشێل بکات.

ئێمە وەک هەردوو لایەن، پێشوازی لە ڕێکخستنی داهاتی سروشتی و سنوورییەکان دەکەین، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بێت، نەک لە بەرژەوەندیی حزب و گرووپ و کەسانی دەستڕۆیشتوو. داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان، موڵکی گەلە و دەبێت بە شەفافییەت و بە دادپەروەرییەوە خەرج بکرێت بۆ خزمەتی هاووڵاتیان.

دڵسۆزان زوو هەستیان بەم مەترسییانە کرد و هۆشدارییان دا، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گوێیان بۆ دڵسۆزان نەگرت و بەردەوام بوون لە سیاسەتی تاکڕەوی و ناشەفافیەت. ئەمڕۆ لێکەوتەکانی ئەو سیاسەتە هەڵەیە بەسەر هەمووماندا دەشکێتەوە.

بۆیە داوا دەکەین:

حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی، بە گفتوگۆیەکی جددی و بەرپرسیارانە و لە چوارچێوەی دەستووردا، کێشەکان چارەسەر بکەن و مووچە و قووتی هاووڵاتیان نەکەنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان.

یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم و مافەکانی هاووڵاتیان و سەروەریی یاسادا، بەردەوام لە هەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییەکانیان بەردەوام دەبن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×