یه‌كێتی: ئاماده‌ین بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كسان نییه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم
  2026-11-25     

وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جه‌خت له‌ ده‌ستوریبونی قه‌واره‌ی هه‌رێم ده‌كاته‌وه‌و ده‌شڵێت، حزبه‌كه‌یان ئاماده‌یه‌ ده‌ستی هه‌ر لایه‌ن و كه‌سێك ماچ بكات كه‌ قه‌واره‌كه‌ ده‌پارێزێت به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كسان نییه‌ به‌وه‌ی كه‌ سازش له‌سه‌ر مافه‌كانیان بكه‌ن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم. ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات كه‌ دو مه‌رجیان هه‌یه‌ بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ پارتی. راشیده‌گه‌یه‌نێت، یەکێتی داوای کردوە به‌شه‌ بودجه‌ی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین لە بودجه‌ی 2027ی عێراق جێگیربکرێت.

ئاوێنه‌: كاروان گه‌زنه‌یی، وته‌بێژی یه‌كێتی، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی خسته‌ڕو كه‌ تێیدا دو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی باسكراون: كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، بابه‌تی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم.

ئه‌و وتی، یه‌کێتی وەکو هێزێکی نیشتمانی سەرتاسەری باوەڕی نەگۆڕى بەوە هەیە کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و لە دەستووردا ئەو مافە چەسپێنراوە و ئەم قەوارەیە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی سەدان ساڵەی گەلی کورد و بەرهەمی گیانفیدایی پێشمەرگە و هێزە نیشتمانییەکانی خۆمانە.

وتیشی، ئەم قەوارەیە بەرهەمی ئەنفال و جێنۆساید و چیمیاباران و قوربانی دان و ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی گەلی کوردستانە و ئه‌مانەتی خوێنی شەهیدانە لەسەر شانمان و ئه‌مانەتی نەوەکانی داهاتوومانە لەسەر شانمان کە دەبێ وەکو بیلبیلەی چاوەکانمان بیپارێزین.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، هاوتەریب لەگەڵ ئەمە ڕوئیای یەکێتی بۆ دەوڵەتی عێراقی بەگشتی ئەوەیە کە عێراقی تازە بەرهەمی بیری قوڵ و خەبات و تێکۆشانی مام جەلال و هاوڕێکانی لە سەرکردایەتی کوردستانییە و کە عێراقێک بێت خزمەت بە تەواوی گەلانی عێراق بکات و عێراقێک بێت کە دەستورێکی هەڵبژێردراوی هەیە لەلایەن گەلی عێراقەوە بۆ ئەوەی کە بتوانێت کێشە و مەشاکیلەکانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراقی تێدا یەکلا بکرێتەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بۆیە هوتافی توندی دەمارگیری لە هیچ لایەنێکەوە لە هەر تەرەفێکەوە بێت خزمەت بە دۆزەکە ناکات و چارەسەری کێشەکانمان ناکات. یەکێتی نیشتمانی کوردستان باوەڕی چەسپاوی بەوە هەیە کە دەبێ زمانی دایالۆگ شوێنی زمانی توند و زبر بگرێتەوە و دەستوور ببێتە سەنگی مەحەک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوانمان.

وتیشی، وێڕای ئەوەش یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێداگرە و موکڕە لەسەر ئەوەی کە دەبێت شەفافییەت بنەمای ئەساسی حوکمڕانی بێت لە عێراقدا و لە هەرێمی کوردستانیش. یەکێتی نیشتمانی کوردستان باوەڕی بەوە هەیە کە دەبێ بەتوندی ڕووبەڕووی قاچاخچییەتی و هەوڵەکانی گەندەڵی و هەوڵی ئەساسی بدەین بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی لەسەرتاسەری عێراقدا.

له‌باره‌ی ته‌وه‌ری دوه‌میش كه‌ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌، كاروان گه‌زنه‌یی وتی، لە 5ی 11ی 2026 سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی نەخشەڕێگەیەکی پێشکەش کرد. یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێداگرە و ڕژدە لەسەر ئەوەی کە ئەم نەخشەڕێگەیە نەخشەڕێگەی پێکهێنانی کابینەی ده‌یه‌می حکومەتی هەرێمی کوردستانە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان سازش ناکات لە هیچ حەقێکی خۆی بۆ پێکهێنانی کابینەی ده‌یەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بەڵام پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان یەکسان نییە بە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی ده‌یەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامادەیە دەستبخاتە دەستی هەر لایەنێک و دەستی هەر کەسێک ماچ بکات کە ئامادەیە ئەم قەوارەیە بپارێزێت، بەڵام ئەمە هەرگیز و هەرگیز یەکسان نییە بۆ ئەوەی کە سازش لەسەر مافەکانی خۆمان و ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆمان بکەین بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی خزمەتگوزاری عادلی سەرتاسەری لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا.

ئه‌و له‌ وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نوساندا وتی، یەکێتی ئامادەیە لەگەڵ تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی بکات و دەستبخاتە ناو دەستیان بۆ پاراستنی قەوارەکەمان، بەڵام لەسەر بنەمای دەستوور و گفتوگۆی ژیرانە و دانایانە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بۆ گەشتن بە چارەسەر. ئێمە پێمان وا نییە کە کێشەیەک هەبێت قابیلی چارەسەرکردن نەبێت و بۆ ئەم پرسە هەمومان یەک و یەکگرتو دەبین لەسەر بنەمای دەستور و بە شێوەیەکی دانایی و بە شێوەیەکی عەقڵانی بتوانین کێشەکانمان لە بەغدا چارەسەر بکەین.

له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌ی پێشوی وه‌فدی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی و به‌رده‌میدان به‌ كۆبونه‌وه‌كان، كاروان گه‌زنه‌یی وتی، ئێمە لە یەکێتی دو مەرجمان هەیە بۆ دانیشتن کە لە کۆبونەوەکەی وه‌فدی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردو بەرونی ئاماژەی پێکراوە، یەکەمیان، هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دوەمیشیان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌یه‌ كه‌ "بەشێکیان بە زەبر، بەشێکیان بە ترساندن، بەشێکیان بە تۆقاندن" بردراون بۆ  پەرلەمانی کوردستان.

هه‌روه‌ها وتیشی، به‌ڵێ یەکێتی داوای کردوە کە به‌شه‌ بودجه‌ی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین لە بودجه‌ی 2027ی عێراقی جێگیر بکرێت، ئەمەش پێم وایە مافێکی ڕەوای خەڵکی ئەم ناوچەیە و تەواوی کوردستانیشە، بۆ ئەوەی کە بودجه‌  نەبێتە چەکێک بە دەستی لایەنێکەوە یان کەسێکەوە یان هێزێکەوە لە هەر کاتێکدا کە ویستی سزایه‌كی بەشێکی کوردستانی پێ بدات.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كێشه‌كانی خه‌ڵك وای کردوە کە یەکێتی ئەوەندە پێداگر بێت کە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی بۆ دو ساڵ دوا بکەوێت، بەڵام بەو شێوەیەی ڕابردو پێک نەهێندرێت، بەڵکو حکومەتێک پێکبهێندرێت کە حکومەتێکی خزمەتگوزار بێت، حکومەتێک بێت لە ئاستی داخوازی هاوڵاتیاندا بێت، حکومەتێک بێت بتوانێت بە فیعلی کێشەی کارەبا چارەسەر بکات، کێشەی نەوت چارەسەر بکات، کێشەی خزمەتگوزاری چارەسەر بکات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×