ناتانیاهۆ پێشنیاریکردووە لەچوارچێوەی سیستەمی گۆڕینەوەی سەرۆکوەزیران، ببێتە جێگری سەرۆکوەزیران و گادی ئایزنکۆت بکات بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
ئاوێنە: زە جۆرنالیزم پۆست بڵاویکردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ یەکەمجار ڕایگەیاند کە ئامادەیە لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانی، پۆستی سەرۆکوەزیرانی بە گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی حیزبی یاشار بسپێرێت، و خۆیشی ببێتە جێگرەوە سەرۆکوەزیران.
ناتانیاهۆ وتیشی "لە بنەڕەتدا پێموایە دەبێت سەرۆکایەتی حکومەتی یەکگرتووی نیشتمانی بکەم، چونکە حزبەکەم گەورەترین حزبە؛ بەڵام ئامادەم لەو مافەی خۆم پاشەکشە بکەم".
ئەو ڕوونیکردەوە "لەبەر ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە، و بۆ ئەوەی حکومەتێک پێک نەیەت کە نەتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە، وەک سەرکردە، بەرپرسیارێتییەکەم وا دەکات ناکۆکییەکان پشتگوێ بخەم".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیکردەوە "ڕازییم ئایزنکۆت لە سەرەتای ماوەی حکومەتەکەدا ببێتە سەرۆکوەزیران و خۆشم پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران بگرمە ئەستۆ".
هەروەها داوای لە هەردوو لایەن کرد کە دەستبەجێ دەست بە دانوستانی ڕاستەقینە، دڵسۆزانە و خێرا بکەن، و چاوەڕێی ئەوەیە لایەنی ئایزنکۆتیش هەمان ئامادەیی بۆ سازش و پاشەکشە پیشان بدات.
ئەو وتی حکومەتی یەکگرتووی پێشنیارکراو کار دەکات بۆ "دوورخستنەوەی ئەم مەترسییانە و پاراستنی ئاسایش و داهاتووی ئیسرائیل".