ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە فەرمی داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارانەی وەک خۆی باسی دەکات لە ڕێگەی قاچاغی نەوت و دەروازە سنوورییەکانەوە براونەتە سەر هەژماری بانکیی بەشێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو بۆ پێدانەوەی مووچە نەدراوەکانی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخان بکرێن.
ئاوێنە: غالب محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی ڕەوتی هەڵوێست، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ناوەڕۆکی داواکارییەکی بڵاو کردەوە کە بە نووسراوێک ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی پەرلەمانتارەکە خستوونیەتە ڕوو، لە نووسراوەکەیدا داوای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و دارایی کردووە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو داهات و پارانەی کە بە گوتەی خۆی بە شێوەیەکی نایاسایی و لە ڕێگەی قاچاغی نەوت و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە کۆکراونەتەوە و خراونەتە سەر هەژمارە بانکییەکانی بەشێک لە سەرکردە و بەرپرسانی هەرێم.
لە تەوەرێکی دیکەی نووسراوەکەیدا، پەرلەمانتارەکەی ڕەوتی هەڵوێست ئەو پێشنیازەی خستووەتە بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق کە دوای وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارانە، ڕاستەوخۆ تەرخان بکرێن بۆ قەرەبووکردنەوە و پێدانەوەی سەرجەم مووچە نەدراو و پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، فراکسیۆنەکانی ڕەوتی هەڵوێست، کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. بەپێی ئەوەی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاو کراوەتەوە، زەیدی ڕایگەیاندبوو کە زانیاری لەسەر دوو هەژماری بانکیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەستکەوتووە، کە یەکێکیان بڕی ١٤ ملیار دۆلاری تێدایە و لەوی دیکەشیاندا بڕی ٣٢ ملیار دۆلار هەیە.