دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، لە چوارچێوەی هەنگاوە کارگێڕی و ئەمنییەکانیدا، بڕیارێکی نوێی بە ژمارە (ق/١١٦) دەرکرد کە تایبەتە بە ڕێکخستنەوەی میکانیزمی فرۆشتن و تۆمارکردنی سیمکارتی مۆبایل لە سەرتاسەری وڵاتدا.
ئاوێنە: بەگوێرەی ناوەڕۆکی بڕیارەکە، پرۆسەی کڕین و خاوەندارێتیکردنی سیمکارت گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا دێت و بە تەواوی دەکرێتە سیستەمی ئەلیکترۆنی. لەمەودوا لە کاتی کڕینی هەر سیمکارتێکدا، لە ڕێگەی تەکنەلۆجیای خوێندنەوەی دیجیتاڵی (NFC و MRZ)ـەوە پشکنینی ورد بۆ کارتی نیشتمانی یان پاسپۆرتی کڕیارەکە دەکرێت. هاوکات وێنەی زیندووی ڕووخساری کەسەکە دەگیرێت تاوەکو لەگەڵ زانیارییە فەرمییەکانیدا بەراورد بکرێت، ئەوەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ساختەکاری و فێڵێک لە پرۆسەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕێنماییە نوێیەکاندا، سنوورێک بۆ خاوەندارێتیی سیمکارت دانراوە؛ بە جۆرێک هەر هاووڵاتییەکی عێراقی تەنها مافی ئەوەی هەیە حەوت (٧) سیمکارتی پەیوەندیکردنی ئاسایی و حەوت (٧) سیمکارتی تایبەت بە هێڵی ئینتەرنێت (داتا) بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو سیمکارتانەی کە پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە فرۆشراون و لە کاردان، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن مۆڵەتی ٧٢٠ ڕۆژی داوەتە کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن. لەو ماوەیەدا پێویستە کۆمپانیاکان سەرجەم بەشداربووانی ئێستایان لەسەر بنەمای ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە نوێیە دووبارە تۆمار بکەنەوە.
دەستەکە سزای توندی بۆ سەرپێچیکاران دیاری کردووە و لە نووسراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە بۆ هەر تاکە سیمکارتێکی سەرپێچیکار، بڕی سێ (٣) ملیۆن دیناری عێراقی وەک پێبژاردن (غەرامە) بەسەر لایەنی کەمتەرخەمدا دەسەپێنرێت.
لە ڕووی پاراستنی ئاسایشی زانیارییەکانیشەوە، کۆمپانیاکانی پەیوەندی پابەند کراون بەوەی سەرجەم داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە هاووڵاتیان لە سەنتەری زانیاریی پارێزراو لە ناوخۆی شاری بەغدا پاشەکەوت بکەن. هەروەها کۆمپانیاکان بەرپرسیارێتیی تەواوی یاساییان دەکەوێتە ئەستۆ لە ئەگەری دزەکردنی هەر زانیارییەکی بەشداربووان.
بەپێی خشتەی زەمەنیی دیاریکراو لە نووسراوەکەدا، ئەم ڕێسا و بڕیارە نوێیانە دوای تێپەڕبوونی ٩٠ ڕۆژ بەسەر بڵاوکردنەوەیان لە ماڵپەڕی فەرمیی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، دەبنە بڕیاری ناچاری و بە فەرمی دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.