میدیای پارتی بڵاویکردەوە، سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و سێ تەوەری گرنگ گفتوگۆی لەسەر دەکرێ؛ ماوەی لێخۆشبوونی سەرپێچیی هاتووچۆ، لێخۆشبوونی پارەی کەڵەکەبووی کارەبا و مۆڵەتی بێ مووچە.
ئاوێنە: سبەی چوارشەممە 22-7-2026، سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ دەربارەی سێ تەوەری گرنگ دەدرێت، ئەوانیش درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون له سزای سەرپێچیی هاتووچۆ، دابەزاندنی ڕێژەیەک له پارەی کەڵەکەبووی کارەبا له ئەستۆی هاووڵاتییان، مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران.
بڕگەی یەکەم: بڕیاردان لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە درێژکردنەوەی شەش مانگی دیکەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بە لێخۆشبوون لە 20٪ـی له سزای سەرپێچیی هاتووچۆ، لەسەر ئەم بابەتە وەزیری ناوخۆ بابەتێک پێشکەش دەکات، تێیدا پێشنیاز کراوە، لێخۆشبوون لە سزای هاتووچۆ لە 1-7-2026 تاوەکو 31-12-2026، درێژ بکرێتەوە.
بڕگەی دووەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بارودۆخی کارەبا و سووتەمەنی له هەرێمی کوردستان، و هەنگاوەکانی هەردوو وەزارەتی (کارەبا، سامانه سرووشتییەکان) لەسەر ئەم بابەتە، هەروەک لەسەر پێشنیاری تایبەت بە ئاسانکاریی بۆ پێدانی پارەی کارەبا لەلایەن هاووڵاتییان له ڕێگای دابەزاندنی ڕێژەیەک له پارەی کەڵەکەبوو له ئەستۆی هاووڵاتییان، بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
بڕگەی سێیەم: گفتوگۆ لەسەر چەند ڕاسپاردەیەکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە ڕێکخستنەوەی بابەتی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەم بابەتە پێشتر بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (38) له 2015/4/5 ڕێکخراوه، لەسەر ئەم بابەتەش سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێک دەخاتەڕوو، ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت:
یەکەم: فەرمانبەران دەتوانن بۆ ماوەی پێنج ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن و دەکرێت دوای دەستبەکاربوونەوە بە هەمان ئەندازه مۆڵەتەکەیان درێژبکرێتەوە کە دەکرێتە 10 ساڵ.
دووەم: مامۆستا و پزیشک و دەرمانساز تەنهـا دەتوانن بۆ ماوەی دوو ساڵ مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن.
سێیەم: له ڕێککەوتی (2025/6/18) ههر فەرمانبەرێک مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرێت بە خزمەت بۆی هەژمار ناکرێت.
چوارەم: ڕۆژانه داواکارییەکی زۆر ئاراستەی وەزارەتەکان و ئەم سەرۆکایەتییە دەکرێت بۆ درێژکردنەوەی مۆڵەتە بێ مووچەکان بە تایبەت ئهو بەڕێزانەی لە دەرەوەی وڵاتن بەتایبەت ئەو فەمانبەرانە (بەشێکیان ماوەی مۆڵەتی بێ مووچەیان (رصیدیان) کۆتایی هاتووە و مافی مۆڵەتییان نەماوە، بەشێکیان رصید و مافی مۆڵەتییان ماوه بەڵام ناگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان (بەهەر هۆکارێک بێت) تاوەكوو بەپێی ڕێکاره یاساییەکان دەستبەکارببنەوە و دواتر مۆڵەتیان درێژبکرێتەوە) تاوەکو بەپێی ڕێککارە یاساییەکان دەستبەکارببنەوە، دواتر مۆڵەتیان درێژ بکرێتەوە.
پێنجەم: له حاڵەتی تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکان و دەستبەکارنەبوونەوەیان، کۆتایی بە ڕاژەکانیان دەهێندرێت.
شەشەم: گرنگه ڕەچاوی ئەوە بکرێت له حاڵەتی درێژکردنەوە و کار ئاسانی، کاریگەری نەرێنی دروست نەکات و نەبێته هۆی دروستبوونی گرفت و کەمی میلاک.