سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا ئاشکرایکرد، تا ئێستا خنکانی کۆمەڵێک کۆچبەری کوردی راپەڕین "بنەمای نییە".
ئاوێنە: ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا بە کوردستان٢٤ی ڕایگەیاند "لە ڕێگەی پەیوەندییە بەردەوامەکانیان لەگەڵ ڕێکخراو و چالاکوانانی بواری پەنابەران لە ئەوروپا بەدواداچوونی وردیان ئەنجامداوە، تائێستا هیچ ئاماژە و بەڵگەیەک نییە کە هەواڵی خنکانی ئەو کۆچبەرە کوردانە پشتڕاست بکاتەوە".
وتیشی "تائێستا ڕاستیی بابەتەکە ئەوەیە کە 21 کۆچبەری کورد کە هەندێکیان لە مانگی ئاداری ئەمساڵ و هەندێکی تریشیان لە مانگی ئابەوە، پەیوەندییان لەگەڵ کەسوکاریان پچڕاوە".
بەکر عەلی جەختیکردەوە، کە ناکرێت لەسەر بنەمای هەواڵی بێ بەڵگە دڵی کەسوکاری کۆچبەران نیگەران بکەین؛ نە لەلایەن حکومەتی لیبیا و نە لای دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیاشەوە هیچ بەڵگەیەک نییە کە بەلەمەکە نقوم بووبێت، یاخود ئەو کۆچبەرانە گیانیان لەدەستدابێت و ناسرابێتنەوە، بۆیە هەموو ئەوانەی بڵاودەکرێنەوە هەواڵی بێ بەڵگەن.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، دەنگۆی خنکانی 18 کۆچبەر لەنێوان کەناراوەکانی لیبیا و ئیتاڵیا کە گوایە 10 کەسیان کوردن و دانیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕینن بڵاوکرایەوە.