ئاوات شێخ جەناب: بەغدا زیاتر لە ١٠ ساڵە هیچ بودجەیەکی وەبەرهێنانی نەناردووە و کێشەی "تەوتین" کۆتایی هاتووە
  2026-09-21       49       

​ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە تا ئێستا، حکوومەتی فیدراڵی یەک دیناری وەکوو بودجەی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکردووە.

ئاوێنە: ​وەزیری دارایی ئەو هەنگاوەی بەغدای بە "بەردەوامیی ئەو ناعەدالەتییە" ناوبرد کە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت. بەپێی داتا بڵاوکراوەکانی تایبەت بە پشکی پارێزگاکان، تەنیا لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا (بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٥)، قەبارەی تەرخانکراو بۆ بودجەی وەبەرهێنان نزیکەی ١٦٥ ترلیۆن دینار بووە، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان لەو بڕە پارەیە سفر بووە.

​دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای بێبەشبوونیان لەو بودجەیەی بەغدا، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەر داهاتی ناوخۆ سەدان پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری، وەک دروستکردنی ڕێگاوبان و بەنداوەکانیان جێبەجێ کردووە.

​لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاوات شێخ جەناب جەختی لەوە کردەوە کە هەولێر سەرجەم پابەندبوونە دارایی و کارگێڕییەکانی بەرامبەر بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ جێبەجێ کردووە. ڕوونیشی کردەوە کە هەرێم هەموو داواکارییەکانی وەک لیستی مووچەخۆران (پەیڕۆڵ)، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە و داتاکانی سیستەمی بایۆمەتریی ڕادەستی بەغدا کردووە، هەروەها تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقیش سێ مانگ جارێک سەردانی هەرێم دەکەن بەمەبەستی وردبینی و چاودێریکردنی دۆسیە داراییەکان.

​سەبارەت بە پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان (تەوتین) کە لە ماوەی ڕابردوودا جێگەی مشتومڕێکی زۆر بوو لە نێوان هەردوو حکوومەتدا، وەزیری دارایی دڵنیایی دا کە ئەو بابەتە بە ڕێژەی ٩٩٪ جێبەجێ کراوە و لە ئێستادا هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی لەبەردەمدا نەماوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×