ئەمریکاو ئیسرائیل‌و ئێران ئامادەکاری بۆ گەڕێکی نوێی جەنگ دەکەن
  2026-09-21       67       

ئا: ئاوێنە

 

لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان، ئێران جارێکی دیکە هۆشداری توندی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد سەبارەت بە ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێکی نوێ بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی. لەم چوارچێوەیەدا، حوسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە (٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦) بە ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی راگەیاند، ئەگەر ئەمریکا دەستدرێژییەکی نوێ بکات، ئەوا تاران ناچار دەبێت سنوورە جوگرافییەکانی جەنگەکە و جۆری ئەو چەکانەی بەکاردەهێنرێن بەتەواوی بگۆڕێت. ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئامادەکاریی تەواوی هەیە بۆ چوونە ناو ململانێیەکی درێژخایەنەوە ئەگەر بارودۆخەکە بیخوازێت.

 

​لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان لە تاران ئاماژە بەوە دەکەن کە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە پێشبینی هێرشێکی چاوەڕوانکراوی دیکەی ئەمریکا دەکەن. بەپێی زانیارییەکان و لەپێناو ئامادەباشیدا، مۆڵەتی سەرجەم ئەفسەرە پلە باڵاکانی سوپا و بەرپرسانی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا و ئەمنییەکان هەڵوەشێندراوەتەوە و خراونەتە ئەرکەوە.

​پێشتر و لە رۆژی یەکشەممە، فەرماندەیی یەکگرتووی شەڕی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردبوو کە زانیارییان پێگەیشتووە سەبارەت بەوەی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران. فەرماندەییەکە هۆشداریشی دا کە هەر هێرشێکی ئەمریکا لێکەوتەی قورسی دەبێت، و لە بەرامبەردا تاران هێرشەکانی بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەردەوام دەکات.

​لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری روودانی پێشهاتێکی گەورە سەبارەت بە ئێران ئەگەرێکی کراوەیە. سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە لە ئێستادا لە قۆناغی هەڵسەنگاندن و بڕیارداندایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا.

​سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی کۆشکی سپی، ترەمپ ئاشکرایکرد کە سێ بژاردەی سەرەکی لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکە؛ بژاردەی یەکەم بریتییە لە سڕینەوەی تەواوەتی و تێکدانی ئێران، بژاردەی دووەم هێشتنەوەیەتی بۆ ئەوەی ئابووریی وڵاتەکە بەتەواوی تێکبشکێت و تێبکۆشێت، لە کاتێکدا بژاردەی سێیەم خۆی لە گەیشتن بە رێککەوتن و واژۆکردنی پەیماننامەیەکدا دەبینێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×