لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا کە ڕۆژی یەکشەممە لە شاری هەولێر بەڕێوەچو، یەکگرتنەوەی یەکجارەکیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان وەک هێزێکی نیشتمانی و پیشەیی ڕاگەیەندرا. ئەم هەنگاوە، کە بە هەماهەنگی و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان جێبەجێ کراوە، ئامانج لێی دورخستنەوەی دەستوەردانی حزبی و بونیادنانی هێزێکە کە پارێزەری سەرجەم پێکهاتەکان بێت.
ئاوێنە: لەمبارەیەوە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی پڕۆسەکەی خستەڕو و ئاشکرای کرد کە تەواوی هێزەکان لە چوارچێوەی ١١ فیرقەی سەربازی، دو هێزی پشتیوانی، یەکەیەکی کۆماندۆ و دو دەڤەری سەربازیدا ڕێکخراونەتەوە. ناوبراو ئەم هەنگاوەی بە "وەرچەرخانێکی مێژویی" ناوبرد کە تێیدا خەونی لەمێژینەی دروستبونی سوپایەکی نیشتمانی و دامەزراوەیی بوەتە واقیع و کۆتایی بە پڕۆسەی ڕێکخستنەوەکە هێنراوە.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر مێژوی ئەم پڕۆسەیە و ئاماژەی بەوە کرد کە هەنگاوەکانی دروستکردنی ئەم هێزە نیشتمانییە دور لە ململانێ حزبییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٦ کە لەسەر دەستی مەسعود بارزانی دەستی پێکردوە.
لە هەمان کاتدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیەی بە یەکێک لە بەڵێنە سەرەکییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم وەسف کرد. جەختی لەوەش کردەوە کە بەهۆی کارکردنی هاوبەش و بەردەوام لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، پێشمەرگە ئێستا بوەتە هێزێکی دەستوری لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگریی عێراقدا، کە زامنی ئاشتی و سەقامگیری دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، سەرۆکی حکومەت پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد و داوای کرد کە بەغدا هاوکار بێت لە پاراستنی مافەکانی پێشمەرگە. ناوبراو جەختی لە پێویستیی یەکخستن و هاوتاکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق کردەوە، بەو پێیەی دەستوری عێراق پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی وڵات دەناسێنێت و پێویستە مافەکانیان یەکسان بێت.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ماوەی چەندین دەیە بەسەر دو هێزی جیاوازدا دابەش ببوون؛ یەکەی ٧٠ کە سەربە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و یەکەی ٨٠ کە سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانە. هەنگاوەکانی چاکسازی و یەکخستنەوەی ئەم هێزانە بە شێوەیەکی کرداری لە کاتی شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی وڵاتانی هاوپەیمان (بەتایبەت ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا) دەستی پێکرد. لە ساڵی ٢٠١٦دا نەخشەڕێگایەک کە لە ٣٥ خاڵ پێکهاتبو، وەک بنەمایەک بۆ چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتو پەسەند کرا و ئەمڕۆ گەیشتە قۆناغی کۆتایی.