سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە ڕێگەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیی لە جۆری (MQ-1) لە ئاسمانی گەرووی هورمز خستووەتە خوارەوە.
ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە بەکارهێنانی سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی، بووەتە هۆی پێکانی ئەو درۆنە ئەمریکییە و تێکشکاندنی. لە لایەکی دیکەشەوە، سوپای ئێران ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، فڕۆکەیەکی دیکەی پێشکەوتووی بێفڕۆکەوانیان لە جۆری (ئۆربیتر - Orbiter) خستووەتە خوارەوە، کە بە مەبەستی سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیاری لە ئاسمانی گەرووی هورمزدا ئەرکدار کرابوو.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، کە پێنجشەممەی ڕابردووش سوپای پاسداران خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی دیکەی ئەمریکیی لە جۆری (MQ-9) لە ئاسمانی دوورگەی قشم ڕاگەیاندبوو.
لە کاردانەوەی ئەم گرژییانە و پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردبووەوە کە ئەگەری ڕوودانی "پێشهاتێکی گەورە" لە داهاتوویەکی نزیکدا دژ بە ئێران لە ئارادایە. ناوبراو ڕوونی کردبووەوە کە بژاردەکانی سەر مێزی گفتوگۆی واشنتن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران بریتین لە؛ لەناوبردنی تەواوەتی، سەپاندنی گەمارۆی ئابووریی توند، یان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ.
لە لایەکی دیکەوە و وەک ڕێکارێکی پێشوەختە، ڕۆژی یەکشەممە باڵیۆزخانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەریەک لە پایتەختەکانی (بەیروت، کوەیت، مەنامە، بەغدا، مەسقەت و عەمان)، هۆشداریی ئەمنییان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان دەرکرد و داوایان لێ کردن بەوپەڕی وریاییەوە لەو وڵاتانەدا مامەڵە بکەن.