جۆزێف عۆن، سەرۆکی کۆماری لوبنان لە میانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن، زانیاری نوێی دەربارەی هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ پرسی داماڵینی چەکی حزبوڵا خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە ئاساییکردنەوەی ئەم پرسە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە و دابینکردنی سێ مەرجی بنەڕەتی هەیە.
ئاوێنە: بەپێی وتەکانی سەرۆکی لوبنان، ئاماژە بە سێ ڕەگەزە سەرەکییەکەی پرۆسەکە کراوە کە بریتیین لە:
1- کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل لەسەر تەواوی خاکی لوبنان.
2- دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی کۆنترۆڵی ناوچەکان لەلایەن سوپای فەرمیی لوبنانەوە.
3- جێبەجێکردنی بەرنامەی دووبارە ئاوەدانکردنەوە کە تەنها لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە بەڕێوەببرێت و دوور بێت لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی.
جۆزێف عۆن جەختی لەوەش کردەوە کە ئارامی و یەکگرتوویی لوبنان تەنیا لە ڕێگەی گەیشتن بە مۆدێلی «یەک دەوڵەت و یەک سوپا» دەستەبەر دەبێت؛ سوپایەک کە بێ جیاوازی بەرگری لە تەواوی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی بپارسێت. ئاماژەی بەوەش کرد، سەرکەوتنی ئەزموونی دەوڵەتداری لە لوبنان، کە لەسەر بنەماکانی ئازادی، فرەیی و سەروەریی یاسا دامەزراوە، پەیامێکی ئومێدبەخش دەبێت بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بە سەرپەرشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تەواوبوونی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان ڕاگەیەندرا و یەکەکانی سوپای لوبنان لەو ناوچانەدا جێگیر کران.