قەیرانی نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە ئاڵۆزی دەکات، پاش ئەوەی بەشێک لە خاوەن بەنزینخانەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک ڕەخنەیان لە شێوازی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی حکومەت بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین هەبوو و ڕایانگەیاند کە ناتوانن بێ بوونی هیچ جێگرەوەیەک پابەندی بن.
ئاوێنە: لەو چوارچێوەیەدا، بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان تاوەکو نەزانن پلانی حکومەت بۆ دابینکردنی جێگرەوەی گونجاو چییە، پابەندی نرخە نوێیەکان نابن. ناوبراو ڕوونی کردەوە کە بەنزینەکەیان بە نرخێکی گران کڕیوە و وتی:
"ئەگەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 820 دینار پێمانبدرێت، ئەو کات دەتوانین بە 850 دینار بفرۆشین."
لای خۆیەوە، حاجی هۆگر، ئەندامی بەنزینخانەکانی هەولێر، جەختی لەوە کردەوە کە کڕینی پێشوەختەی سووتەمەنی بە نرخێکی بەرز ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە لیترێک بەنزینی نۆرماڵیان بە هەزار و 285 دینار کڕیوە، بۆیە فرۆشتنی بە 850 دینار زەرەرێکی گەورە لە خاوەن بەنزینخانەکان دەدات.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵوێستانە، بەشێک لە بەنزینخانەکانی پارێزگای دهۆکیش ناڕەزایەتی خۆیان نیشان داوە و دووپاتیان کردووەتەوە کە بەنزینیان بە نرخی گران دابین کردووە و ناتوانن بەو نرخە هەرزانە بە شۆفێرانی بفرۆشن، داواش دەکەن حکومەت هاوکار بێت و جێگرەوەیەکی گونجاویان بۆ دابین بکات بۆ ئەوەی دووچاری زیانی مالی نەبن.