سەرکردایەتیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی تازەترین شەپۆلی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران -بۆ یانزەیەمین شەوی لەسەریەک- کۆتایی پێهێناوە. هێرشەکان بنکە سەربازی و لۆجستییەکان، ئاشیانەی فڕۆکەکان و کۆگاكانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. هاوکات پەیامنێری ئەلجەزیرە چالاکبوونی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی لە تاران-ی پایتەخت پشتڕاستکردەوە.
ئاوێنە: سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هێرشانەی کاتژمێر 8:15ی شەو بەکاتی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستیان پێکردووە، ئامانجیان لاوازکردنی تواناکانی ئێرانە لە دروستکردنی مەترسی بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هورمز.
سێنتکۆم ئاشکراشی کرد کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، ئێران هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لە 30 کەشتیی بازرگانی کە بەم ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە حەیاتییەدا تێپەڕیون (کە شوێنێکی ستراتیژییە بۆ بازرگانیی ناوچەیی و جیهانی)، بەمەش ژیانی دەریاوانە بێتاوانەکانی خستووەتە مەترسییەوە و ئازادیی کەشتیوانیی بەزاندووە.
بیاننامەکە جەختیشی کردووەتەوە کە گەرووی هورمز هێشتا بەڕووی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکاندا ئاوەڵایە، و لە سەرەتای مانگی ئایاری ڕابردووەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوکار بووە لە ئاسانکاریکردن بۆ تێپەڕبوونی نزیکەی 900 کەشتیی بازرگانی و 450 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو.
پێشتریش پەیامنێری ئەلجەزیرە ڕایگەیاندبوو کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی تاران کەوتوونەتە کار، ئەمەش دوای ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم هات دەربارەی دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی ضربەی سەربازی بۆ سەر ئامانجەکان لە ئێران بۆ یانزەیەمین شەوی بەردەوام.
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە بەرگرییە ئاسمانییەکان لە ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران چالاک کراون، کە ئەمە یەکەمجارە لە سەرەتای گرژییەکانی دوایی و شەڕی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕووبدات.
لە خولەکەکانی ڕابردوودا، میدیا ئێرانییەکان باسیان لە بیسترانی دەنگی تەقینەوە لە شارەکانی چابەهار و کونارەک لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان (باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران) و شاری ماهشەهر لە پارێزگای خوزستان (باشووری ڕۆژئاوای ئێران) کردووە.
کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئێران ئاماژەیان بە هێرشکردنە سەر شاری بەهبەهان لە پارێزگای خوزستان (باشووری ڕۆژئاوا)، شاری تەبرێز لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات (باکووری ڕۆژئاوا) و شاری سیریک لە پارێزگای هورمزگان (باشووری ئێران) کردووە.
لە هەمان کاتدا، بەرپرسێک لە پارێزگای خوزستان باسی لە هێرشێکی مووشەکیی ئەمریکا کرد کە دەوروبەری شارەکانی بەهبەهان و ئومێدیەی لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران کردووەتە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانیی نیمچە فەرمی لە سەرچاوە بەرپرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ئازەربایجانەوە گواستییەوە کە بنکەیەکی سەربازی لە ننزیک تەبرێز بەر هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا کەوتووە.
دواتر هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا فراوانتر بوون و شارەکانی چووار و ئابدانان لە پارێزگای ئیلام، شاری بانه لە پارێزگای کوردستانی ئێران و ناوچەکانی شاری کەبودراهەنگ لە پارێزگای هەمەدان (لە ڕۆژئاوای وڵات)یان گرتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، هێرشەکان شاری سیریک-یشیان لە پارێزگای هورمزگان لە باشووری وڵات کردووەتە ئامانج.
لە ماوەی چەند شەوی یەکبەدوایەکدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان هێرشی چڕی کردووەتە سەر بنکەکانی بڕیاردانی سەربازی، توانای دەریایی، شوێنی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ئێران؛ هەروەها هێرشەکان وێستگەی ئەتۆمیی دارخوێن-یشیان گرتووەتەوە کە لە قۆناغی دروستکردندایە.
لەلایەکی دیکەوە، تاران بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرێن، کوێت و ئوردن وەڵامی دایەوە. ڕۆژی سێشەممە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە ژێرخانی کۆمپانیای تەکنەلۆجیی ئەمریکی (ئەمەزۆن)ی لە بەحرێن کردووەتە ئامانج.
ئەم قۆناغە نوێیەی پێکدادانەکان بووەتە خوێناویترین قۆناغ بۆ سەربازانی ئەمریکا لە تەواوی ئەم شەڕەدا. ژمارەی کوژراوانی سوپای ئەمریکا لە پشووی کۆتایی هەفتەدا بۆ 17 سەرباز بەرزبووەوە.
ترەمپ لەسەر سۆشیالمیدیای "ترووس سۆشیاڵ" ڕۆژی دووشەممە نووسیویەتی: "هەر جارێک ئێران سەربازێکی ئەمریکی بکوژێت، چەندین هێندە باجەکەی دەداتەوە."