حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت بەردەوامیدان بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دڵنیاییدان لە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئاماژە بەوەش دەکات کە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک بە تەواوی ناوخۆییە و تەنیا لە بەغدا بڕیاری لێ دەدرێت.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بەردەوامیدان بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دڵنیاییە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها حکومەتی عێراق ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کێڵگە نەوتییەکانی لە ئەستۆدایە."
لەبارەی پرسی چەک و سەروەریی دەوڵەتەوە، وتەبێژی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک بە دەست دەوڵەتەوە پرسێکی تەواو ناوخۆییە و تەنیا لە بەغدا بڕیاری لێ دەدرێت، لە هیچ پایتەختێکی دیکەش گفتوگۆی لەسەر نەکراوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەیدەر عەبودی ئاشکرای کرد کە بڕیارە سبەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وەزاری و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی ئێران سەردانی تاران بکات. ڕوونیشیکردەوە لەو سەردانەدا، پرسی دابینکردنی غاز لە نێوان بەغدا و تاران بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ.