ئەحمەد حاجی رەشید بۆ ئاوێنە: دادگای فیدراڵی خۆی نادات لە فەرمانسالاریەکە و نوسراویش ناکات تا بە دادوەری یەدەگ بڕیارەکە بدرێت
  2025-06-17       708       

بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی کۆبوونەوە لەسەر فەرمانسالارییەکەی مووچە بکات، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی هەموو دادوەرەکان؛ بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە بۆ هەفتەی داهاتوو رۆژی سێشەممە دواخرا، لایخۆشییەوە پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق دەڵێت "دادگای باڵای فیدراڵی لەبەر دۆخی سیاسی نایەوێت خۆی لەوبابەتەیە بدات بەهەر جۆرێک بێت دەیەوێت خۆی لێ دەربکات، هەروەها ناشیەوێت نوسراو بۆ فایەق زێدان بکات تاوەکو بە دادوەری یەدەگ کۆبوونەوەکە ئەنجامبدرێت".


ئاوێنە: ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی پەرلەمانی پێشووی عێراق لەسەر فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لەبارەی ئامادەنەبوونی دادوەرانی دادگای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەسەر فەرمانە "وەلائی"یەکە، بە ئاوێنەی وت "بڕیاری فەرمانسالاری لەکاتێکدا دەکرێت کە یاسایەک جێبەجێ بکرێت و لەئەنجامی ئەو یاسایەدا کێشەیەک دروست ببێت، دواتر بە بڕیارێکی فەرمانسالاری لەلایەن دادگای باڵاوە دەدرێت تاوەکو پێداچونەوە بەو یاسایەدا بکرێت، لەئێستادا لەبەر ئەوەی یاسای بودجە جێبەجێ نەکراوە دادگای فیدراڵی ناتوانێت ئەو فەرمانە وەلائییە دەربکات".

ناوبراو خاڵێکی دیکە لەوبارەیەوە روندەکاتەوە و دەڵێت "دوێنێ شەو لەکۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت دا؛ هەموو هێزە سیاسی شیعییەکان پشتگیری پێدانی مووچەیان کرد بەڵام لەبەرامبەریدا دەبێت هەرێم پابەند ببێت. کە هەرێم پابەند نابێت دادگای فیدڕاڵی سەیری دۆخی سیاسی بە ئیمتیاز دادگایی دەکات لە مەجالی سیاسی، لەبەر ئەوەش دادگای فیدراڵی خۆی نادات لەبابەتەکە و خۆی لێدەردەچێنێت و ناچنە کۆبونەوەوە".

پەیوەست بەوەی تاچەند کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی لەرێگەی "یەدەگ"ەکانەوە دەتوانرێت ئەنجامبدرێت؟ ئەحمەد حاجی ئاشکرایکرد "دەبێت دادگای فیدراڵی نامەیەک بکات بۆ فایەق زێدان و بڵێت؛ لەبەر ئەوەی دادوەرەکان لە حەجن با یەدەگەکان بێنە شوێنیان، بەڵام تاوەکو ئێستا دادگا ئامادە نییە ئەو نامەیە بکات بۆ فایەق زێدان، چونکە موراعاتی دۆخە سیاسییەکە دەکات".

سەبارەت بەوەی تاچەند کۆنەبوونەوەی دادگاکە بەهۆی ئامادەنەبوونی چەند دادوەرێکەوەیە؟ پەرلەمانتارەکەی پێشووی عێراق، وتی "لەبەرئەوەی دەبێت حاجییان هەموویان بە وشکانی بێنەوە ئەگەری هەیە وەجبە هەبێت نەهاتبێتەوە". دەربارەی دۆخی ئاڵۆزی ئیسرائیل و ئێران و تاچەند کاریگەری لەسەر دواخستنی فەرمانەسالارییەکە دەبێت؟ ئەحمەدی حاجی رەشید رایگەیاند "مەرج نییە دەبێت کەی ئەو دۆخەیە کۆتایی هات ئەوکاتەیە دادگای فیدراڵی کۆببێتەوە".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×