حکومەتی هەرێم چەند بڕیاریکی دەرکرد
  2025-06-18       2179       

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

ئاوێنە: لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا کرد و گوتی، بە هەموو شێوەیەک، لە هەوڵ و کارکردنمان بەردەوامین بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە و بۆ ئەم مەبەستەش لەم یەک دوو ڕۆژەی دوایی، نامەیەکمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە .

سەرۆک وەزیران گوتیشی، هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات ، بە تایبەتیش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا ، ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بنێردرێت.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد.
لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە ، کە هەمیشە دژی شەڕ و گرژی و وێرانکاری بووە و وەک هەمیشەش، فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و ئارامیی وسەقامگیریی دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هیچ لایەنێک .
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان ، پشتیوانیی هەموو هەوڵێک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و پاراستنی ئاشتی و تەناهی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ، پێشنیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ بە ڕێژەی %20 بۆ شەش مانگی دیکە لە 7/1 تا 2025/12/31 خستەڕوو .
ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەند کرد.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بابەتی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی گشتییان خستەڕوو.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و بڕیاری دامەزراندنیان لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی درا و ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و تەندروستی و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی ڕاسپارد ڕێکاری پێویست بۆ دامەزراندنیان بگرنەبەر.

زۆرترین بینراو
سەرۆکی نوێی حەماس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە چوار کوڕی لەدەستداوە
وەزیرێکی حکومەتەکەی سودانی لەبارەی دۆزینەوەی پارە لە ماڵەکەیدا: ئامادەم هاوکاری دەسەڵاتی دادوەری بکەم
ئۆجەلان: ئەگەر کورد لەتورک جیا بکەیتەوە کورد نامێنێت، ئەگەر تورک لەکورد جیا بکەیتەوە تورک نامێنێت
وتەبێژی بەنزینخانەکان: پابەندی بڕیارەکەی حکومەت نابین بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین
داهاتی گومرگیەکانی هەرێم دەچێتەسەر هەژماری هەرێمی کوردستان
موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی مه‌رجی نوێ بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ چه‌ك ڕاده‌گه‌یه‌نێت: "ته‌نیا به‌ فه‌رمانی ئیمام مه‌هدی چه‌ك دادەنێن"
ئۆزگور ئۆزێل ماڵئاوایی لەجەهەپە دەکات: ئێمە پارتی نوێی خۆمان دادەمەزرێنین
ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی لوبنان کۆبووەوە و لەبارەی ئێران هەڵوێستی نوێی راگەیاند
ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر سێ پرسی گرنگ دەدات 
وتەبێژی حکومەتی عێراق چەند بڕیار و پەیامێکی گرنگی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×