نامەیەکی کراوە بۆ ئەندام پەرلەمانانی عێراق

رزگار گوڵەباخ
  2020-07-23     499
ئەم نامە کراوەیەتان  من هاونیشتمانیەکی کورد، کوردێکی تاراوگەو خەمخۆرێک ئاراستە دەکەم. دیارە ناوەڕۆکی ئەم نامە کراوەیە ئەو ئەندام پەرلەمانتارانەی خولەکانی پیشوتری پەرلەمانی عێراق دەگرێتەوە.
/ دەتوانن پێمان بڵێن ئیوە لە بەغدای پایتەخت چ دەکەن و چ بۆ ئەو ئەو شارانەی هەرێمی کوردستان دەکەن کە نوێنەرایەتییان دەکەن؟
/ دەتوانن پێمان بڵێن (هەر کەس بە پێی ئەو خولە پەرلەمانییەی تێدا بەشدار بووە) تا ئێستا چیتان بۆ هەرێمەکە بەدەست هێناوە ؟
/ دەتوانن پێمان بڵێن تا ئێستا کامەتان لێدوانێکی فەرمی  میدیایی لەکەناڵە عەرەبییەکاندا داوە یان نوسینێکی لەیەکێک لەڕۆژنامە، گۆڤارو ماڵپەرە عەرەبییەکاندا داوە کە ڕەخنە بێت لەحکومەتی ناوەند، یان خوا نەخواستە باسکردنی گەندەڵی حکومەتی ناوەند بێت؟
/ دەتوانن پێمان بڵێن کامتان تا ئێستا (بە پێی ئەندام بوونی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی ئێراقدا) بەدوا چوون ، لێکۆڵینەوە، لێووردبوونەوە لە داهاتی  ٢١ خاڵە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەنددا کردووە ؟
/ دەتوانن پێمان بڵێن کامتان تا ئێستا (بە پێی ئەندام بوونی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی ئێراقدا) بەدوا چوون ، لێکۆڵینەوە، لێووردبوونەوە لە داهات ، خەرجی ، دەست کەوت ، بودجەی حەشدی شەعبی کردووە؟
/ دەتوانن پێمان بڵێن کامتان تا ئێستا بە دوا چوون، لێکۆڵینەوە ، لێ ووردبوونەوە و داوای ڕوونکردوەتان دەربارەی داهاتی گشتی ئێراق کە نەوت پشکی سەرەکییەتی ، کردووە تابزانرێت ئاخۆ ئەو داهاتە چۆن سەرف دەکرێت ؟
/ دەتوانن پێمان بڵێن کە بودجەی هەرێم کەمکرایەوە بۆ لە سەتا دوازدە چیتان کرد و کام هەڵوێستەتان نوواند ؟
/ دەتوانن پێمان بڵێن بۆ لە ڕوانگەی کەم بەرپرسیارێتی نیشتمانی، نەتەوەیی و ئەخلاقییەوە بەشداری پرۆسەی دەنگدانتان بە فەرمی ناساندنی حەشدی  شەعبی کرد و بایکۆتی پرۆسەی دەنگدانتان بە کابینەی وەزاری یان باشتر بڵێین پرۆسەی دەنگدان بە وەزیرە کوردەکان نەکرد ؟ کام پرۆسەیان پێویست تر بوو؟
/ دەتوانن پێمان بڵێن لەسەر دوا تاوانکاری دەست درێژی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان ( بە دەڤەری بادینان و سلێمانییەوە ) و ئەو ئێراقەی بە شان و باڵیدا هەڵدەدەن و خەمخۆرنی هەڵوێستتان چی بوو؟ چیتان کرد لەسەر ئاستی پەرلەمانی ئێراق؟ وورەتان هەبوو داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمان بکەن و داوای هەڵوێستێکی فەرمی پەرلەمانی بکەن ؟
/ دەتوانن پێمان بڵێن لەسەر دەست درێژییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر  دەڤەری سلێمانی و موشەک باران کردنی بارەگای پارتێکی کوردیی ڕۆژهەڵات چیتان کرد و کام هەڵوێستتان نواند ؟ کام جم و جۆڵی سیاسیتان کرد ؟
/ دەتوانن پێمان بڵێن بۆ ئێراقتان لێکرد و بە نموونەی ووڵات و دادوەر و یەکسان خواز، وا شەوتان خستۆتە سەر ڕۆژ تا موچەی فەرمانبەران ، داهاتی گومرگ و فڕۆکەخانەکان و تەنانەت داهاتی ناوخۆیی هەرێمیش بخنە دەست حکومەتی ناوەند بەو پێیەی دەکەوێتە دەستێکی پاکەوە، لە کاتێکدا ئێراق لە ڕیزبەندی دەولەتانی گەندەڵدا تەنها لە پێش سودانەوەیە.
/ دەتوانن پێمان بڵێن کامتان تا ئێستا لێدوانێکی فەرمی لە سەر هەر کام لە شێوازی کارکردن ، کارگێڕی، سیاسی و خزمەتگوزاری یەکێک لە شارەکانی تری ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند داوە؟ ئەلە لە کاتێکدا دەیان ئەندام پەرلەمانی ئێراق دەیان جاران لێدوانی ژەهراو لێوا لێو لە ڕەگەزپەرستی لەمەڕ شارەکانی هەرێم، سەرکردایەتی و پێشمەرگە داوە. وەک بە بیر هێنانەوەیەک لێدوانەکانی حەنان فەتلاوی.
/ دەتوانن پێمان بڵێن بۆ توانیتان خۆتان بگەیەننە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ ٤٠٠ هەزاری بودجەکەی هەرێم ، بەوەی قەرزی پشکی کۆمپانیاکانی لێدرایەوە، بەڵام لەسەر دەست درێژی دەوڵەتی تورک نەتان توانی ئەو پەیوەندییە دبلۆماسییە بکەن؟
/ دەتوانن پێمان بڵێن بۆ تیاتاندایە سەری زمان و بنی زمانی لە ساتەوەختێکدا پرۆسەی دەستاو دەست کردنی کورسی بوو، کەچی خۆدی نەیتوانی دەست بەردانی خۆ کاندی کردنەوە بێت، تا ئەو کورسی پەرلەمانە دەستا و دەست پێبکات تا کەسێکی تری شارەکەی خۆی کاندید بکردبایە. دیارە دەست کەوتە مادی ئەو کورسی پەرلەمانییە هێندەیە ، تا چاوپۆشی لە دەستەواژەی دەستاو دەست کردنی کورسی بکرێت و پرنسیپی ( ئۆخەی ئۆخەی .... هەر کەس بۆ خۆی ) زیندوو نەکرێتەوە. لێرەدا ئەو پەندە کوردییەمان بیر دەکەوێتەوە کە دەبێژێت ( بێڵە قوڕ بەدەست خەڵکییەوە سوکە ).کورسیش کاتێک  خۆشەویست نییە کە خۆتی لەسەر دانەنیشتبیت.
/

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×