دز و مافیای حکومەتیی و درزەکانی دوای ڕاپەڕین!

محەمەد چاوشین
  2022-03-05     479

ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لەدژی ڕێژیمی دیکتاتۆر و سەرەڕۆی  پێشووی عێراق، وێستگەیەکی گرنگ و پڕبایەخ بوو لە تێکۆشانی گەلەکەمان لە باشووری کوردستاندا. چونکە ئەو ڕاپەڕینە مەزنە گەلی کوردی لە فەوتان و لەناوچوون پاراست کە ڕێژیمی دیکتاتۆری سەدام حوسێن بەھەموو توانایەکەوە کاری لەسەر دەکرد و خواستی ئەوەی ھەبوو نەتەوەکەمان لەچوارچێوەی فکری ناسیۆنالیزمی عەرەبییدا ئاسمیلە بکات و شوناسی نەتەوەیی و کوردبوونمان بسڕێتەوە!.
ڕاپەڕین ئەوسا درز و کەلەبەرەکانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمانی نەھێشت و ھەموومانی بەیەکەوە، چ لە شاخ و چ لەشار، لەچوارچێوە و دەوری خواستێکی گەورەی نەتەوەیی کۆکردەوە. خواستی ئازادی و سەربەخۆیی و ڕزگاربوون لەدەست ڕێژیمێکی فاشیست و سەرەڕۆ کە مۆتەکە و مەترسییەکی گەورە بوو لەبەردەم  خواست و ئاواتی دێرینەی نەتەوەکەمان،خواستی  ژیانێکی ئازادانە وەکوو ھەر نەتەوەیەکی دیکەی سەر گۆی زەوی کە بە ئازادانە دەژیت.
ئەوسا وابوو، چاوی ھەمووان لەسەر ئازادی، سەربەخۆیی و دەربازوون لە قۆناغە سەختەکە و ھاوھەڵوێستی و یەکڕیزی بوو!.
لێ ھەنووکە ڕەوشەکە تەواو پێچەوانەیە!. ئامانجەکانی ڕاپەڕین لەلایەن مافیایەکی حکوومەتییەوەبە لاڕێ و ئاراستەیەکی دیکەدا بردران!. 
خەڵکی ڕاپەڕیوو لە بەری ڕەنجی خەبات و تێکۆشانی خۆی نەخوارد و ھیچ بەرھەمیشی لێ نەچنیوەتەوە کە بڕیار وابوو ھەموومان لەژێر چەتری دەستکەوتەکانی ڕاپەڕیندا، بێ ھیچ ھەڵاواردن و جیاوازییەک پشوو بدەین و ژیانێکی شەڕەفەتمەندانە و پڕ لە کەرامەت بەسەر ببەین!.
نووکە لە ھەرێمی کوردستاندا، دزی زۆرە، گەندەڵی و ھەڵلووشینی سامانی گشتیی وڵاتیش بێ ئەژمار!. لەبەرامبەریشدا، تادێ خەڵک و حکوومەت زیاتر لێک دوور دەکەونەوە و درز و کەلەبەری گەورەتریش لەنێوانی ئەم دوانەدا درووست دەبێت!.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەدرێژایی ٣١ ساڵی دوای ڕاپەڕین، ھەرگیز وەکوو ئێستا ھێندە تەریک و بێ پشتیوان نەبووە لەلایەن خەڵکەوە!. بۆچی وایە؟ چونکە مافیای حکوومەتیی زۆرە و ھیچ چەشنە دادپەروەرییەکیش لە ئارادا نییە!. 
حکوومەت و قەوارەی ھەرێمی کوردستان کە بەری ڕەنجی تێکۆشانی خەڵک و بەرھەمی ڕاپەڕینن، بەدەست مافیای حکوومەتییەوە گیری خواردووە!. 
لەژێر سایەی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕیندا کەمینەیەکی مافیای حکوومەتیی دەوڵەمەند دەبن و بوون، لەشکرێکیش لە چین و توێژە پەراوێزخراوەکەی کۆمەڵگا ڕۆژ بەڕۆژ ھەژارتر و تەریک تر دەبن و بوون!.
بەداخەوە!، دوای ڕاپەڕین مافیای حکوومەتیی دۆخێکی وەھای خوڵقاند کە یەکڕیزی نەتەوەیی لەسەر زەمینی واقیع بوونی نەمێنێ، زۆرینەی خەڵک ئینتیمای بۆ خاک و نیشتیمان کاڵ بێتەوە!.
 تەنانەت لەشکرێکیش لە خەڵک ئارەزووی قوڵپکردنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دووبارە گەڕانەوەی ڕێژیمی پێشووی دیکتاتۆریش بخوازن!.
دز زۆرن، درز و کەلەبەرەکانیش گەورەن، زەنگی مەترسی بۆسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان لێدراوە!، تادێ مەترسییەکانی سەر دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینیش زۆرتردەبن، کەچی مافیای حکوومەتیی گوێیەکی نییە بۆ بیستن!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×