هەنگاوێک لە،قەراغی هەڵدێردا

ئیبراهیم حسێن
  2022-08-06     450

سەرباری هەڕەشە و گوڕەشەکانی چین و سەرباری هەموو ئەو مەترسیانەی کە ڕەنگە لە هەڵسوکەوتێکی بەوجۆرە بکەوێتەوە و سەرباری ئەوەی گوایە بایدن و پنتاگۆن بیلۆسیان لەنەگونجاوی ئەم سەردانە ئاگادار کردبوو، بە تایبەتی دوای ئەوەی سەرۆکی چین لە پەیوەندیەکەی لەگەڵ بایدن گوتبوی کە ئەوەی یاری بە ئاگر دەکا دەسوتێ، بەڵام بیلۆسی سەرۆکی سیناتی ئەمریکی، هاوڕێ لەگەڵ چەک و جبەخانەی هێزی ئاسمانی سەردانی تایوانی کرد. بیلۆسی وەک ئەوەی کە ئێلێتی سیاسی بۆرژوازی ئەمریکا لەسەری ڕاهاتوە، لەکاتی گەیشتنیدا لە بارەی سەردانەکەی وتی ئێمە پشتی دیموکراسی لە تایوان بەرنادەین و لە پشتگیری تایوان بەردەوام دەبین.

سیاسەتمەداران و ئێلێتی سیاسی و میدیای بۆرژوازی لە ئەمریکا بە مەبەستی پاساودان و سوککردنی ڕەزای قورسی ئەم شەقاوەگەریە بێ پەردەیە و کەمکردنەوەی حەرەجی ئەم بێدەربەستی و بێباکیە لە ئاست ئەگەری ڕاکێشانی دنیا و مرۆڤایەتی بۆناو کورەی جەنگێکی گەورەی ژیان وێرانکەر کە ئەگەر ڕووبدا تەڕ و وشک دەسوتێنێ ، پەیتا پەیتا دەیانوت کە سەردانی تایوان بڕیاری شەخسی و تایبەتی بیلۆسیە و دیموکراسی ئەمریکی ئەوەندە بوردەبار و سینگ فراوانە کە ناتوانێ و ڕێگا بە خۆی نادا ڕێگا لەسەرۆکی پەرلەمانەکەی بگرێ کە بڕیاری شەخسی خۆی پیادە بکا. ئەگەر تەنانەت ئەوە سەربکێشێتە بەڕێخستنی جەنگ و میلیتاریزم و وێرانیەک کە  لەچاویدا هەموو جەنگ و میلیتاریزم و وێرانیەکی تری تا ئێستا وەکو یاری ئاگرینە بێت، دەبێ بە دیموکراسی و سینگ فراوانی دیمکراسی بۆرژوازی ئەمریکی ببەخشرێ.

بەڵام  مەسەلەی بیلۆسی وئێلێتی سیاسی حاکمی بۆرژوازی ئەمریکا، چارەنووسی دیموکراتی نیە لەتایوان. مەسەلەکە ئەوە نیە کە چین دیکتاتۆرە و تایوان و ئەمریکا دیموکرات. مەسەلەکە ئەوەنیە کە دڵی ئێلێتی سیاسی دەسەڵاتدداری ئەمریکا ئەوەندە ناسکە پێی قبوڵ ناکرێ هاوڵاتی تایوانی لە ماف و ئازادیە فەردی و مەدەنیەکان بێبەش بن، پێی قبوڵ ناکرێ لە سبەینێی تێکەڵ بوونی تایوان بە چین هاوڵاتی تایوانی، کرێکار و زەحمەتکێشی  تایوان مافی دربڕین و گوزارشت لە خۆکردن و ڕێکخراو بوون و مانگرتن و هەڵسوڕانی سیاسی نابێ و لە دنیای دیموکرات دادەبڕێن. ئەمە مەسخەرەیەکی پوچە. چ لە ئەمریکا و تایوان و چ لە چین دا دیکتاتۆری چینایەتی  بۆرژوازی لە دوو شێوەی جیاوازدا  بەڕێوەدەچێ لەوێ بەشێوەیەک و لەولاتر لە شێوەیەکی تردا. لەوێ بەشێوە دیموکراتیەکەی و لەچین لەشێوە دەوڵەتیەکەیدا.

هەر ئەم دنیا دیموکراتە، ڕۆژئاوا و ئەرمریکا گەورەترین سەرمایە و تەکنۆلۆژیای خۆی بردۆتە چین بۆ لەزەتبردن لە هێزی کاری هەرزانی چینی کرێکار لە چین بە جۆرێک کە تا ئێستا چین لەسایەی خێر و بێری بازاڕی کاری هەرزان، بەهەشتی سەرمایە و تەکنۆلۆژیای ڕۆژئاوا بووە و هەیە. لەمسەر بۆ ئەوسەری دنیا، خوێناویترین ئیستبدادە بۆرژواییەکان لە ژێر پارێزبەندی ڕۆژئاوا و ئەمریکای دیموکراتدا بوون بۆ پاراستنی بازاڕی کاری هەرزان و ڕاگرتنی نیوە زیاتری دانیشتوانی دنیا لە بێمافی و سەرکزی سیاسی  ئابوری و لە دواکەوتویی فەرهەنگیدا. هەر ئەم دنیا دیموکراتەی ڕۆژئاوا، خوڵقێنەری ڕەشترین هێز و جوڵانەوەی دینی و مەزهەبی دژه ژیان و مەدەنییەت بوون لە ڕۆژهەڵاتی دنیادا. لە قاعیدە و تاڵیبانەوە تا داعش و نوسڕە. هەر ئەم دنیایە کۆمەڵگەکانی لە گۆشەوکەنارەکانی دنیادا بەسەر مرڤایەتیدا وێران کردوە، لەیۆغسلافیاوە تا عێراق، لە لیبیاوە تا ئەفغانستان و پەیامبەران و وکیلەکانی ئەم دیموکراسیە کە ئەم دیمکراسیە ڕایسپاردبوون لە ڕۆژهەڵاتی دنیادا نوێنەرایەتی بکەن، لیبڕاڵەکان نەبوون ، هێزە سکولارترەکانی بۆرژوازی ڕۆژهەڵات نەبوون، بەڵکو مالکی  و سەدر و ابوبەکر بغدادی و زواهیری و تاڵەبانی و بارزانیەکان بوون. چارەڕەشی و بەدبەختی مرۆڤایەتی لە ڕۆژهەڵاتی دنیادا زیندوترین گەواهی پوچی وهەمەجیەت و بێ مروەتی وملهوڕی ئەم دیموکراسیەی بۆرژوازی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و سەرمایەداری ئەمڕۆیە.

بەوپێیە تایوان و چارەنوسی دیمکراسی لە تایوان ، تایتڵی جەنگ و دەعوایەکی تری خوێناویە لە دنیا دا. تایتڵی ئاوابوونێکی خوێناوی دنیای دوای شەڕی ساردە. ئەگەر دنیای سەرکەوتوی شەڕی سارد بە خوڵقاندنی یوغسلافیا و شەڕەقەومی و خوێناویەکان لە کەمپی حۆیدا دەستی پێکرد و دواتر تەواوی ڕۆژهەڵاتی کێشایە ناو وێرانی و داڕوخان و نغرۆبوونێکی گەورە، وا ئێستا خەریکە ئاوابوونەکەشی بە بەوێرانی کێشانێکی گەورەتری گۆشەوکەنارە ئارامترەکانی دنیا لە ئەوروپا و دەریای چیندا، تەواو دەبێ.

هەرچەندە  بیلۆسی تایوان و چارەنوسی دیمکراسی لە تایواندا لەدوای خۆی بە دیار قەدەری خۆیەوە و لە ژێر ڕەحمەتی سین و ئەگەری جەنگ و وێرانیەکی ترسناکدا بەجهێشت بەڵام بەو ملهوڕیەی جارێکی تر ئەوەی سەلماند کە ئێلێتی سیاسی ورژوازی دەسەڵاتداری ئەمریکا تا کۆتایی و تا ئەگەری ڕاکێشانی دنیا بەرەو کابوسێکی گەورەی تر ئامادەنین مل بە مەنتیقی دنیای گۆڕاو بدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×