خستنەڕوی راستییەكان و رونتركردنەوەی حەقیقەتەكان لەبارەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن

هێمن هەورامی
  2023-05-29     371

 

 

پاشخانی بابەتەكە

پرسی کاراکردنەوەی کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ڕاپرسی هەرێمی كوردستان و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، یەک لە بابەتە ھەرە گرنگ و لەپێشنەکانی بەردەم کاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بون. ھەوڵ و ھیمەتی ھەمو لایەکیشمان بۆ ئەوە بو بە پشویەکی درێژەوە، خاڵی ھاوبەشی نێوان سەرجەم فراکسێۆنەکان بدۆزینەوە و بنەمای سفر یان ١٠٠ لە بیرکردنەوەو جوڵەی فراکسێۆنەکان زاڵ نەبێت بە سەر لۆجیکی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دا.

لەو پێناوەشداو لەپێناوی ئەوەی كە ئەو زەمینەسازییە سیاسییە لەبارە بهێنرێتە ئاراوە كە ئەم پرسە نیشتیمانیانە بەپێی ڕێككەوتن و گرتنەبەری ڕێوشوێنە یاسایی، پەیڕەوی و پەرلەمانییەكان، هەنگاوەكانیان بۆ بگیرێتە بەر، لە ڕێكەوتی ٣ ـی ١١ ـی ٢٠٢١ـەوە، واتە ساڵێک بەر لە کۆتایی ھاتنی وادەی خولی پێنجەمی پەرلەمان، کۆبونەوەو دیداری فراکسیۆنەکان لەسەر ئەو پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسێۆن دەستیان پێکرد. پێش ئەم ڕێكەوتەش، خودی کۆمسیۆن بە سێ نوسراوی جودا به نوسراوەكانیان (ژ. 76 له 5 ـی 8 ـی 2019) و (ژ. 62 له 4ـی 8ـی 2021) و (ژ.13 لە 3ـی 3ـی 2022)، داوای لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردبو کە چارەنوسی ئەنجومەنی كۆمسیارانی کۆمسیۆن یەکلایی بكەنەوە، بەو پێیەی لە مانگی ١٢ ـی ٢٠١٩ ـەوە وادەی یاسایی ئەنجومەنی كۆمسیاران کۆتایی ھاتبو، سەرباری ئەوەش شوێنی دو کۆمسیار بە بەتاڵی مابویەوە.

دوای چەندین ھەوڵ و دانیشتن بە داخەوە فراکسێۆنەکان نەگەیشتنە لێکتێگەیشتنی ھاوبەش. گفتوگۆكانیش كاتی زۆری خایاند، بەجۆرێك كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە وادەی یاسایی خۆیدا زەحمەت و ئەستەم كرد. سەرەنجامیش لەپێناو ڕێگرییكردن لە دروستبونی بۆشایی یاسایی و دامەزراوەیی، بەناچاری، بە دەنگی زۆرینەی ھەرە زۆری ئەندامانی پەرلەمان یاسای بەردەوامبونی خولی پێنجەمی پەرلەمان ژمارە (12)ـی ساڵی 2022، تا ٣١ی ١٢ ی ٢٠٢٣ دەنگی لەسەر درا. پاساوی یاسایی دەرچواندنی ئەم یاسایە گرتنەبەری سەرجەم ڕێكارە یاسایی و ئامادەسازییەكان بو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. ئەمەش بەڕونی لە ھۆیەکانی دەرچوانی یاساكەدا، جێگیر كراوە.

لە كاتێكدا، هەوڵە فرەلایەنەكان بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازییە هەمەلایەنەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەر بەردەوام بون، هاوتەریب هەوڵەكانی دروستكردنی بەربەستی زیاتر و دۆزینەوەی بەهانەی یەك لە دوای یەك بۆ خۆدزینەوە و ملنەدان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لابردنی بەربەستەكانی بەردەمی پرۆسەكە، بەردەوام بون.

كاتێكیش كە گرتنەبەری ڕێكارە پەیڕەوییەكان تەوەری كاراكردنەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (4)ـی ئاسایی لە ڕێكەوتی 22ـی 5ـی 2023ـدا، زیاد كرا، هەر بەگوێرەی بنەما و ڕێكارە پەیڕەوییەكانیش، بڕگەكە جێبەجێ كراو بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، بەگوێرەی بڕیارەیاسای ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجومەنەكە كاراكرایەوە. بەدوای ئەوەشدا ڕێكارە تەواوكارییەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە گیرانەبەر. بڕیارەكە لە ڕۆژنامەی فەرمیی "وەقایعی كوردستان" ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاو كرایەوە. هەردو كۆمسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خواردو بەگوێرەی فەرمانی ژمارە (1603) لە ڕێكەوتی 28ـی 5ـی 2023ـدا، دەستبەكار بون. كە ئێستا بەشێوەیەكی پەیڕەویی و یاسایی ئەنجومەنی كۆمسیاران كارا كراوەتەوە، لەمپەرێكی سەرەكی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، نەهێڵدراوە.

لەپێناو ڕونتركردنەوەی ڕاستییەكان و دەرخستنی حەقیقەتەكانی پەیوەست ئەم پرسە نیشتیمانییە گرنگە،  بەپێویستی دەزانم بەشێك لە ڕاستیی و بەڵگەكانی پەیوەست بەو بابەتە بۆ ڕای گشتی كوردستان ڕون بكەمەوە. هەندێك بابەت و وردەكاریی و پیلان بۆ تێكدانی دانیشتنەكەو سەرنەگرتنی ئەم هەوڵە هەن، با بمێنن بۆ كاتی خۆی.

 

هەوڵەكان بۆ لابردنی لەمپەرەكان لە دانیشتنێكی نائاسایی و كردنەوەی وەرزی بەهارەدا

لە پێناو ڕەخساندنی ئەو زەمینە سیاسییەی كە پرۆسەی هەڵبژاردن پێویستییەتی و نزیككردنەوەی بۆچونە سیاسییە جیاوازەكان لەبارەی پرسەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردن، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوی فەرمیی کۆبونەوەی رۆژی ١٨ ـی ١ ـی ٢٠٢٣ ـدا ئامادەیی پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوازی فرەبازنەیی (4 بازنەیی)، بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری عێراق بە پێداویستییەکانییەوەو داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و پلاندانانی عێراقیش بکرێنە بنەما. بەم هەنگاو و دەستپێشخەرییە، مەودای جیاوازی بۆچونەکان لەسەر ھەمواری یاسای ھەلبژاردن بە رێژەی ٩٥٪‏ کەمکرایەوە. سەبارەت بە پێكهاتەكانیش ھەڵوێستی فەرمیی پارتی ئەوە بو کە پێکھاتەکان خۆیان لەگەل "یۆنامی" لەسەر ھەر فۆرمولەیەک رێکبکەون، پارتی پێشوازی لێ دەکات.

دوای ئەم هەڵوێست و ھاتنەپێشەی پارتی و نیازپاکییە، ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان داوای کۆبونەوەیەکی دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسێۆنەکانی بەشدار لە کابینەی نۆیەممان کرد. لە ١٩ـی ٢ـی ٢٠٢٣ لە نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمان ئەو کۆبونەوەیە بەڕێوەچو. لە کۆبونەوەکەدا، داوام کرد کە ئێمە پێش ١ـی ٣، کە رۆژی کردنەوەی وەرزی بەھارەیە، دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان ئەنجام بدەین بۆ دو بابەت:

1- خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەمو ئەو پێشنیازەیاسایانەی بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن کە پێشتر پێشکەشکراون، واتە پرۆژەکانی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ و بزوتنەوەی ئاشوری.

2- کۆمسێۆن کارا بکەینەوە و بۆ ئەوەش بەپێی یاسای کۆمسیۆن لێژنەیەک بۆ وەرگرتنی سیڤی شوێنە بەتاڵەکان لەو کۆبونەوە نائاساییەی پەرلەمان دروست بکەین.

داواشمان کرد کە لەم کۆبونەوە نائاساییەدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاساكان دەکەین و خەسڵەتی بەپەلەش دەدەینە پێشنیازەکان بۆ ئەوەی دەستوبردیان تێدا بكرێت و  لە دانیشتنی ١ـی ٣ـدا، دانیشتنی کردنەوەی وەرزی بەھارە، خوێندنەوەی دوەمیان بۆ بکەین و پاشان لە دانیشتنی دوای ئەوەدا، ھەم دەنگ بە ھەمواری یاساکە بدەین ھەم دەنگیش بە کاراکردنەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران و هەڵبژاردنی دو کۆمسیاری نوێ بۆ پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان، بە ئەنجام بگەیەنین.

بۆ مێژو، سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ ئەوە بو کە ئاساییە دانیشتنە نائاساییەكە ئەنجام بدرێت و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاساكان بكرێ، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەم پێشنیازەی پەسەند نەكردو داوای كرد كە مۆڵەتی چەند ڕۆژێكیان بدرێتێ بۆ ئەوەی بچنەوە سلێمانی و لەگەڵ قیادەی خۆیان تاوتوێی بكەن. ئێمە ئەوكات پێمان ڕاگەیاندن كە ئەگەر ئێستاش ئەو دانیشتنە نائاساییە نەكرێت، خۆ دەبێت ئەم دو بابەتە لە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەدا هەبن.

پاش چەند رۆژێک، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و جێگرەکەی ھاتنەوە لای من و لە نوسینگەی خۆم داوایان کرد کە بۆ دانیشنتی ١ـی ٣ ئەو دو پرسە نەخرێنە بەرنامەی كارەوە، چونكە هەوڵێك هەیە كە هەردو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی كۆبونەوەیەكی خێرابكەن و خاڵە هاوبەشەكان كۆنوس بكەن، پاشان ئەو خاڵە هاوبەشانە لە پەرلەمان كاریان لەسەر بكرێت. من ئیتر لەوەوە تێگەیشتم كە سەرۆکی پەرلەمان "ئۆکەی" حیزبەکەیی لا نییە بۆ ئەوەی نە دانیشتنە نائاساییەكە بكرێت، نە ئەو دو بابەتە گرنگەش بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنی كردنەوەی وەرزی بەهارەوە، بەڵام دیسان لە پێناوی پێدانی دەرفەتێكی دیكەو هەماهەنگی هاوبەش، ڕەزامەند بوین كە ئەو دو بابەتە نەخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی 1-ـی 3ـوە.

 

بۆچی تەنانەت لێژنەی یاساییش خوێندنەوەی بۆ پێشنیازەیاساكان نەكرد؟

لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بەھارەدا، فراکسێۆنی پارتیش پێشنیازەیاسای ھەمواری یاسای ھەلبژاردنی پێشکەش کرد. هاوكات لێژنەی یاساییش، ڕۆژی یەكشەممە 12ـی 3ـی 2023 ڕایانگەیاند كە 13ـی 3 كۆبونەوەی لێژنە دەكرێت بۆ ئەوەی پێشنیازەیاساكانی، كە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەلایەن یەکێتی و پارتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو و نەوەی نوێ و بزوتنەوەی ئاشوری، پێشکەشکراون، ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی بکەن تا لە نزیکترین دانیشتندا (بڕیار درا بو كە چوارشەممە 15ـی 3 دانیشتنی پەرلەمان بكرێت) بخرێنە بەرنامەی کارەوە و خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت.

ھەڤاڵانی یەکێتی، ھەم لە فراکسێۆن ھەم لە لێژنەی یاساییش ڕازی نەبون نەنانەت لە لێژنەی یاساییش كۆبونەوە لەبارەی پێشنیازەیاساكانەوە بكرێت. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتبو ئەو دانیشنتەی لیژنەی یاسایی ببێت، کاریگەری لەسەر کۆبونەوە بڕیارلێدراوەكەی پەرلەمان لە 15ـی 3ـشدا دەبێت. جارێكی دیكە، هەر لەپێناو پێدانی دەرفەتێكی دیكەو ڕەخساندنی زەمینەیەكی دیكە بۆ ڕێككەوتنی هاوبەش، ئەو كۆبونەوەیەی لێژنەی یاساییش ئەنجام نەدرا.

 

گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی گرنگی پەیوەست بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن

پەرلەمانی كوردستان له‌ دانیشتنی ژماره‌ (2)ـی ئاسایی خۆی له‌ڕێكه‌وتی 15ـی3ـی2023ـدا به‌ بڕیاری ژماره ‌(8)، لیژنه‌یەكی په‌رله‌مانیی لە 5 كەس پێكهێنا، كە تایبه‌ت بو بە وه‌رگرتنی ناو و سیڤی كاندیدان بۆ پڕكردنەوەی دو پۆستە بەتاڵەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاران.  بەدوای ئەوەشدا جەنابی سەرۆكی هەرێم (كاك نێچیرڤان بارزانی) لە 26ـی 3ـدا به‌  فه‌رمانی هه‌رێمی ژماره‌ 90 بە ئەركی یاسایی خۆی هەستا و 18ـی 11ـی 2023 ـی وەك ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دیاری كرد. دوابەدوای ئەوەش جەنابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم (كاك مەسرور بارزانی)ـیش به‌فه‌رمانی ژماره‌ (1472) له‌ 16ـی4ـی2023 ـدا ئاماده‌یی حكومه‌تی بۆ دابینكردنی سه‌رجه‌م پێداویستیه‌كانی كۆمسیۆن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ربڕی.

هەمو ئەمانە لە كاتێكدا بون كە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵ لەمەڕ تانەكانی كە لە یاسای ژمارە (12)، یاسای بەردەوامبونی خولی پێنجەمی پەرلەمان درابون، بەڕێوەدەچون. ئەمەش پێویستی دەكرد كە پەرلەمانی كوردستانیش بە ئەركی یاسایی و مێژویی خۆی هەستێت و هەنگاوەكانی خۆی چڕ بكاتەوە و ئامادەكاریی بۆ ئەگەر و سیناریۆكانی لەمەڕ بڕیاری چاوەڕوانكراوی دادگای فیدڕاڵی ئامادە بكات. بەڵام بەداخەوە ڕێگریی لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەكرا.

چەندین جاری دیکە داوامان کردەوە کە دانیشتنی پەرلەمان بکرێ و بابەتی خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن بکەین و دانیشتن بۆ خوێندنەوەی دوەم بکەین و لە دانیشتنی دەنگدان بۆ ھەمواری یاسا، دەنگ بە کاراکردنەوەی کۆمسێۆن بدەین، بەڵام بەداخەوە نە سەرۆکی پەرلەمان و نە فراکسیۆنی یەکێتی دوا بریار و ئۆکەی حیزبەکەیان لا نەبو، بۆیە نەدەتوانرا دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.

ئەمە لە كاتێكدا، كە پێشتر و لە کاتی چونمان بۆ سلێمانی لە ٢٨ـی ١ـی ٢٠٢٣ و کۆبونەوەمان لەگەڵ شاندی یەکێتی، لە ناو کۆبونەوە چەندین جار تکاو ڕجام لە برایانی یەکێتی کرد رێگە بە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسێۆنی یەکێتی بدەن دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی یەکەمی ھەموارەکان کە پرۆژەی خۆتانەو کاراکردنەوەی کۆمسێۆن وەک خۆی کە رێککەوتنی ھەمو فراکسیۆنەکانە جێبەجێ بکرێ، بە داخەوە ھیچ بە پیرەوە ھاتنێکمان لێ نەبیبینین.

دوای ئەوەی دادگای فیدرال دانیشنتنی بڕیاردانی لەبارەی یاسای ژمارە (12)ـیەوە بۆ ٣ ـی ٥ ـی 2023 دواخست، چەند جارێکی دیکە داوامان کرد کە سود لەم دەرفەت پێدانە وەربگرین و ھەر ھیچ نەبێت خوێندنەوەی یەکەم بکرێ و کۆمسیۆن کارا بێت بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دادگای فیدراڵیش بسەلمێنین کە بەردەوامی خولی پەرلەمان بۆ ئەم ھەنگاونانە یاساییانەیە كە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پێویستیەتی. بەڵام بە داخەوە ھیچ وەڵامێکی پۆزەتیڤمان لە برایانی یەکێتی، نە لەناو پەرلەمان و نە لە دەرەوەی پەرلەمان، وەرنەگرت.

 

سودوەرنەگرتن لە دەرفەت و دەستپێشخەری و بەڵێنەكان

لەم سەروبەندانەدا، بەشی ھەڵبژاردنی پارتی و دەزگای ھەڵبژاردنی یەكێتی لە کۆبونەوەکانیان بەردەوام بون و لەسەر زۆر خاڵ رێککەوتبون. داوامان کرد ئەو خاڵانەی رێککەونتیان لەسەر کراوە بکرێنە بنەما بۆ ھەموارەکان و با لە پەرلەمان کاریان لە سەر بکرێ، بەڵام دیسان رێگە بە تیمی یەکێتی لەپەرلەمان نەدرا ھەنگاو بنێن.

دوای دەستپێخەرییەكەی (سەرۆک بارزانی) کە لە مەراسیمی کردنەوەی "یادگەی نیشتیمانی بارزانی"ـدا لە 11ـی 5ـی 2023ـدا، وەکو شاندی مەکتەب سیاسی پارتی رۆژی چوارشەمە ١٧ ـی ٥ چوینەوە سلێمانی. لەگەڵ دەستپێكی كۆبونەوە هاوبەشەكەی هەردو مەكتەبی سیاسییدا، سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەڕێز (كاك بافڵ تاڵەبانی)، لوتفی كردو پاش بەخێرهاتن، ئەوەی ڕاگەیاند كە ئەگەر بابەتێكی پێویست هەبو، پەیوەندیم پێوە بكەن. بۆیە لەو کۆبونەوەكەدا بە شاھێدی ھەردو شاند سێ جار تکا و ڕجام لە برادەرانی یەكێتی كرد كە ڕێگە بە(د. رێواز) و فراکسێۆنی یەکێتی بدەن کە پەرلەمان بۆ كاركردنەوەی كۆمسیۆن، وەك خۆی، و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، دانیشتنێك ئەنجام بدات. لەم پێناوەشدا هەر گەرەنتیەكی یاسایی و سیاسییان بۆ دڵنیایی خۆیان دەوێت، ئامادەین، بە جۆرێك با سەرەتا كۆمسیۆن كارا بكەینەوە و مەرجی ئەوەی بۆ دادەنێین كە تا یاسای هەڵبژاردنیش هەموار نەكرێتەوە، كۆمسیۆن هیچ هەنگاوێك ناهاوژێت. تەنانەت پێشمان وتن خۆ ئەگەر كۆمسیۆن كاراش بكرێتەوە پارتی زۆرینەی تێدا نییە و بێ لایەنەكانی دیكە ناتوانێت هەنگاو بنێت.

سەرەنجام لەسەر ئەوە رێککەوتین شاندی ھەڵبژاردن و فراکسیۆن بێنە پەرلەمان و بە ئامادەبونی من و (د. رێواز) کۆببنەوەو ھەوڵی نزیک بونەوە بدەین و را ھاوبەشەکان بۆ کۆبونەوەی دواتری مەکتەب سیاسی ھەردولا بھێنینەوە.

ھەمان رۆژی کۆبونەوەمان لە سلێمانی، دوای نانخواردن داوام لە کاک (د. خەسرەو گوڵ محەمەد) ئەندامی شاندی یەکێتی کرد لەگەڵ (کاک بافڵ) قسە بکات بەوپێیەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دیار نییە چۆن و بە چی ئاڕاستەیەك دەبێت. بۆیە ئێمە دەبێت ئامادەسازیی خۆمان بكەین و پێش بڕیاری دادگا، هەرچۆنێك بوە، ئێمە كۆمسیۆنی خۆمان كارا بكەینەوە. پاش گەڕانەوەمان، بەڕێز (كاك بافڵ) پەیوەندی پێوەكردین و داوای ڕونكردنەوەی زیاتری ئەو بابەتەی لێكردین كە لەگەڵ (كاك د. خەسرەو) قسەمان لەسەر كردبو. منیش بابەتەكانم بۆ بەڕێزیان ڕونتر كردەوەو داواشم لێكرد كە ئەو دەرفەت و كاتەی لەبەردەستماون بقۆزینەوەو سود لە دەستپێشخەرییەكەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) وەربگرین. هەروەك بە بەڕێزیشیانم وت ئێمە سبەی، هەینی ۱9 ـی ٥، لە پەرلەمان کۆ دەبینەوە ئەگەر ڕێنمایی تیمی یەكێتی بكرێ ڕێك بكەوین، لە ماوەی یەك هەفتەدا كۆمسیۆن كارا بكەینەوە و خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ پێشنیازەیاساكانی پێشكەشكراو بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكەین. بەڕێزیشیان وتی "ئێمەش هاوكار دەبین"!

بەڵام لە کۆبونەوەكەی رۆژی هەیینیدا لە پەرلەمان هیچ شتێکی نوێ لە هەڵویستی شاندی یەکێتیدا نەبینرا. لەسەر كاغەزێك سێ پرسیارم نوسی و دامە دەست بەڕێز (د.ریواز) و داوام لێکرد لەگەڵ قیادەی خۆیاندا لە سلێمانی باس و گفتوگۆیان لەبارەوە بكات. پرسیارەکانیش ئەمانە بون:

- ئایا لەبەرامبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی پێکەوە دەبین یان نا؟

- ڕێگە دەدەن کۆمسیۆن کارا بکەینەوە؟

- چ زەمانەتیکی یاسایی و سیاسیتان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن دەوێ؟

رۆژی شەممە 20 ـی ٥ ـی 2023، برایانی یەکێتی چەند کۆبونەوەیەکی کارگێڕییان هەبو. لە یەکێک لە کۆبونەوەکاندا بەڕێز (د. ڕێواز)ـیش بە ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشدار بو بو، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێك بۆ ئەو پرسیارانە بەدەست نەهاتن و هیچ شتێكی نوێش نەهاتنە پێش.

رۆژی یەکشەمە۲۱ ـی ٥ ـی 2023، شاندی مەکتەب سیاسی یەکێتی هاتنە پیرمام و لەگەڵ شاندی پارتیدا كۆبونەوە. بە شاهێدی هەردو شاند جارێكی دیكەش سێ جار تكاو ڕجام لێكردنەوە كە ڕێگە بە سەرۆكی پەرلەمان بدەن بۆ ئەوەی بابەتی كۆمسیۆن بخەینە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە و فراكسیۆنی یەكێتیش هاوكار بێت. تەنانەت کاک (مەحمود محەممەد) سەرۆکی شاندی پارتی، پێی وتن فەرمون با سبەی بابەتی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دانانی هەردو وەزیرەکەتان و گۆڕانکارییەکانی ئێمەش بخەینە بەرنامەی کارەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ بەپیرەوەهاتنێكمان بۆ ئەم تەرح و پێشنیازانە لێ نەبینین!

تەنانەت هەر لەو كۆبونەوەیەدا، پێمان وتن لە پێناوی یەكلاییكردنەوەی بابەتی پێكهاتەكانیش، با یەكێتی و پێكهاتەكان لەگەڵ "یۆنامی" بەبێ پارتی كۆببنەوە و بگەنە ڕێگەچارەیەك. لەو كۆبونەوەیەدا هەر ڕێككەوتنێك بكرێ لەو بارەیەوە، پارتی پشتیوان دەبێت و پەسەندی دەكات، بەڵام دیسان گەرموگوڕییەكیش بۆ ئەم پێشنیازە بەدی نەكرا. هەمو ئەمانەش لەكاتێكدا بو كە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان ژمارە (4)ـی ئاسایی لە 22ـی 5ـدا ڕاگەیەندرا بو.

 

ئیتر دەبوا چاوەڕێی چی بین؟

كە هیچ بەپیرەوەهاتنێك بۆ پێشنیازە یەك لەدوای یەكەكان نەبو. تكاوڕجاكانی ئێمەش سودێكیان نەبو. بەڵێنەكانیش جێبەجێ نەكران، نەدەزانرا چاوەڕێی چی بین و تاكەی چاوەڕێ بین. بۆیە لەپێناوی لابردنی بەربەستێكی گەورەی بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چیتر بەفیڕۆنەدانی ئەو كاتە كەمەی كە لە بەردەستدا ماوە. هەروەها ئەو لێژنە پەرلەمانییەی كە بۆ وەرگرتنی "سی ڤی" بۆ پڕكردنەوەی شوێنی دو كۆمسیارەكەی كۆمسیۆن پێكهێنرابو، سەرجەم كارەكانی خۆی تەواو كردبو، یادداشتیشی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرز كردبوەوە.

بۆیە فراكسیۆنی پارتی به‌ پشتبه‌ستن بە دەقی ڕون و زەلالی برگه‌ی چواره‌می مادده‌ی (48)ـی په‌یره‌وی ناوخۆ، 24 كاتژمێر بەرلە وادەی دانیشتنەكەی ڕۆژی 22ـی 5 داواكارییەكی بۆ زیادكردنی بڕگه‌یه‌ك بۆ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنەكە پێشكەش كردبو، به‌مه‌به‌ستی كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی دو كۆمسیاره‌كه‌ی. ئه‌م هه‌نگاوه‌ یاساییه‌ش‌ مافێكی یاسایی و په‌یره‌ویی بێچەندوچونی هەر سەرۆكی فراكسیۆنێك، یان نوێنەری پێكهاتەیەك یان 10 ئەندامی پەرلەمانە كە پێشكەشی بكەن. پەیڕەو تەنها قەیدی 24 كاتژمێری بۆ پێشكەشكردنی داواكارییەكە بۆ زیادكردنی خاڵێك لە بەرنامەی كاری ڕاگەیەندراو، داناوە. كاتێكیش داواكارییەكە لەو ماوە یاساییەدا پێشكەش كرا، ئیتر به‌پێی حوكمه‌كانی بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ مادده‌ی (16) و بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌ی (47) په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانیش، بەرپرسیارێتی یاسایی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان تا هه‌مواری به‌رنامه‌ی كاری ڕاگه‌یه‌ندراو بكه‌ن و ئه‌و بڕگه‌یه‌ی كه‌ داواكراوه‌ بۆی زیاد بكه‌ن.

هەمان رۆژ من و بەڕێز سکرتێری پەرلەمان چوینە لای بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان و داوامان کرد کە بە ئەركی یاسایی خۆمان هەستین و ئەو خاڵە بۆ بەرنامەی کار زیاد بکەین. بەڵام بەڕێزیان ئامادە نەبو كە بەرنامەی كاری هەمواركراو ئیمزا بكات و وتیشی "لەگەڵی نیم و لەگەڵیشی نابم، سبەی خاڵی یەكەم و دوەم جێبەجێ دەكەم و بۆ ئەوەی كۆمسیۆن لەوێ نابم!"

پێمان وت کە هیچ کات بە دەستەوە نەماوەو ڕێککەوتنی هەمو لا هەیە كە کۆمسیۆن وەک خۆی کارابكرێتەوە و لێژنەكەش كاری خۆی بە ئەنجام گەیاندوە. بۆیە تكایە با ئەم پرسە یەكلایی بكەینەوە و ڕۆژی سێشەممەش دانیشتنێكی دیكە بۆ خوێندنەوەی یەكەمی پێشنیازەیاساكانی پەیوەست بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و خەسڵەتی بەپەلەیان بدرێتێ، بەڵام دیار بو هیچی لە حزبەكەیەوە پێ نەوترابو. بۆیە بەرنامەی كاری واژۆ نەكرد و بەپێی پەیرەوی ناوخۆش، بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بەڕێز سكرتێری پەرلەمان بەرنامەی كار ئیمزا كرا و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بۆ بەرنامەكە زیاد كرا.

ئیوارەی رۆژی یەکشەمە ۲۱ ـی ٥، بەریز کاک (عیماد ئەحمەد) سەرۆکی شاندی یەکێتی تەلەفۆنی بۆ کردم داوای کرد کە دانیشتنی سبەی دوابخەین. پێم وت: "ئێمە ڕازین و فەرمو بە بەڕێز د.ڕێواز بڵێن با ئیعلانی دانیشتن بۆ سێشەممە یان چوارشەممە بکات و بەرنامەی کاریش کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دانانی وەزیرەکانی یەکێتی و ئاڵوگۆڕەکانی ئێمەش بێت لە ناو پەرلەماندا."

رۆژی دوشەمە ۲۲ ـی ٥ كاتژمێر 8 و 51 دەقیقەی بەیانی نامەیەكی دەنگیم بۆ بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان ناردو داوام لێكرد با دانیشتنەكەی ئەمڕۆ دوابخەین، بەمەرجێك بەڕێزیان هەر هەمان كات دانیشتنێكی دیكە ڕابگەیەنێت بۆ سبەینێ (واتە سێشەممە 23ـی 5)وە بەرنامەی كار هەمان ئەو خاڵانە بن كە لەگەڵ (كاك عیماد) باسمان كردبو. لە هەمان كاتیشدا بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی نامەیەكی دەنگی بۆ بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ناردو هەمان داوای لێكردبو. بەڵام بەداخەوە، نە سەرۆكی پەرلەمان و نە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش وەڵامێكی ئەرێنیان بۆ ئەم پێشنیازە پێ نەدرایەوە.

کە چوینە دانیشتنەکەش، پێش دەستپێک، دیسان پرسیارم لە بەرێز سەرۆکی پەرلەمان کرد كە ئایا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی بۆ پێشنیازەكەی ئێمە هەیە، وتیان: "نەخێر"!

بۆیە كاتێك دانیشتنەكە دەستی پێكرد، بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بە خراپبەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی و لێكدانەوەی نادروست بۆ دەقەكانی پەیڕەوی ناوخۆ دواخستنی دانیشتنەكەی ڕاگەیاند. لە كاتێكدا بەهیچ شێوەیەك دانیشتنی ڕاگەیەندراو كە نیسابی یاسایی دەستەبەر بێت، پێش جێبەجێكردنی بڕگەكانی و تەواوكردنیان لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەماندا نییە. بەڵكو لە كاتی دانیشتنەكاندا ئەگەر دواخستن و هەڵپەساردنێك پێویست بوایە، ئەوا بەپێی بڕگەی دوەم لە ماددەی (48) ئەوە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی دەبو لەگەڵ ڕەزامەندی زۆرینەی پەرلەمانی. بەو پێیەش سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە دانیشتنێكی یاسایی و پەیڕەوی بەجێهێشت بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19) ئەركی بەرێوەبردنی دانیشتنەكە دەكەوێتە ئەستۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان. بە تایبەتیش كە زۆرینەی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمانی، بەدەنگدان، لەگەڵ بەردەوامبونی دانیشتنەكەدا بون.

بۆیە ئێمە بە ئەركی یاسایی و پەیڕەوی خۆمان هەستاین و دانیشتنەكەمان بەڕێوەبرد. وێڕای هەوڵی بەردەوامی ئەندامانی یەكێتی بۆ ڕاوەستاندنی دانیشتنەكە، بەڵام بە جێبەجێكردنی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (48)ـی پەیڕەوی ناوخۆ، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران خاڵی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن هێنرایە خاڵی یەكەمی دانیشتنەكە و پاشانیش بە زۆرینەی دەنگی 58 پەرلەمانتاری ئامادەبو (45 ئەندامی فراكسیۆنی پارتی، 2 ئەندامی فراكسیۆنی بزوتنەوە، 1 ئەندام فراكسیۆنی سەردەم و 10 ئەندام لە پێكهاتەكان)، بڕگەكە پەسەند كرا و بەپێی بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023، ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن، كارا كرایەوە و دو كۆمسیاری نوێشی بۆ هەڵبژێردرا.

پاش ئەوەش لەبەر ئەوەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان خۆویستانە هۆڵی دانیشتن و باڵاخانەی پەرلەمانیشی بەجێهێشتبو، بە ئامادە نەبو هەژمار دەكرێت. بۆیە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (19)ـی پەیڕەو و سەرجەم دەسەڵاتەكانی لەلایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە پیادە دەكرێت. ئەمەش بە حوكمی پەیڕەوە و پێویستی بەهیچ جۆرە تەفویز و بریكارییەك نییە. هەربۆیە، بەپێی سروشتی بڕیارەكە و گرنگی ناوەڕۆكەكەی بە ئیمزای جێگری سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكە بۆ لایەنە پەیوەنددارەكان نێردرا بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی.

سەرەنجامیش بڕیارەكە لە ڕۆژنامەی فەرمی "وەقایعی كوردستان" ژمارە (305) لە 23 ـی 5ـی 2023ـدا بڵاو كرایەوە. هەردو كۆمسیارە نوێیەكەش لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریدا لە 28ـی 5ـدا سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەكار بون.

 

دەرەنجام

ئەوەی كراوە، وێڕای گرتنەبەری سەرجەم ڕێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، جێبەجێكردنی ڕێككەوتنێكی فرەلایەنەی سیاسی نێوان پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتوە كە لە 11ـی 3ـی 2023ـدا لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەنجام دراوە كە تایبەتە بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن وەك خۆی و پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی.

كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، بابەتێكی خیلافی نێوان لایەنەكان نەبوە. بەڵكو ئەگەر لە پێشتردا پارتی بەپێی ماف و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی خۆی، داوای دەكرد كە بەرمەبنای هەڵبژاردنەكانی 2018ـی كوردستان و 2021ـی عێراق كۆمسیۆن دابڕێژرێتەوە و كارا بكرێتەوە. چونكە لە كاتێكدا پارتی لە پێكهاتەكەی ئێستادا لە كۆی 9 كۆمسیار، سێكۆمسیاری هەیە، ئەوا بەپێی ئیستیحقاقی ئەو دو هەڵبژاردنە كۆمسیارەكانی دەبون بە چوار. بەڵام لە پێناو لابردنی بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن و ڕەخساندنی زەمینەی لەباری هەمەلایەنە بۆی و گەیشتن بە ڕێككەوتنی نیشتیمانی، دەستبەرداری ئەم مافەی خۆیشی بو.

ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بابەتێكی خیلافی نەبوبێت، بۆچی هەوڵی لەمپەر دروستكردن لەبەردەم كاراكردنەوەیدا درا، بۆچی هەوڵی زۆر بۆ تێكدانی ئەو دانیشتنەی درا كە كۆمسیۆنی تێدا كارا كرایەوە؟

ئێستاش جەخت دەكەینەوە پرۆسەی هەڵبژاردن ئامرازی یەكەمی پیادەكردنی دیموكراسی و دەستاودەست پێكردنی دەسەڵاتە و مافێكی بنچینەیی گەلی كوردستان و هاوڵاتیانیەتی. مافێكی حزبی و تایبەت نییە تا بكرێتە كەرەستەی دانوستاندن و ڕێگرییلێكردن. بۆیە داوا دەكەین كە پێكەوە پەلە بكەین لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەمواركردنی هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (1)ـی ساڵی 1992ـی هەمواركراو لەسەر بنەمای چوار بازنەیی و بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری و بە بنەماكردنی داتاكانی وەزارەتەكانی بارزگانی و پلاندانانی عێراق. ئەمەش لە پێناوی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆی لە 18ـی 11ـی 2023ـدا.

كەواتە، لە ئێستادا كە كاراكردنەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران، بەگرتنەبەری ڕێكارە یاسایی و پەیڕەوییەكان، كارا كراوەتەوە، هەر ڕێگریی و لەمپەردروستكردنێك لەبەردەم كارەكانیدا، لە هەرلایەكەوە بێت، بە پاڵنەری سیاسییە و ئامانجیش لێیان ڕاگرتن و خاوكردنەوەی هەنگاوەكانە بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.

 

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×