نەتەوەی کورد لەدەرەوەی مێژوودا

گۆران عومەر ساڵح
  2023-07-25     217

لە ڕابردوودا، کۆمەڵگای ئێمە بە بەشداریی چالاکانە کاریگەری هەبووە لە داڕشتنەوەی مێژوودا. هاوڵاتیان بەشداربوون لە داڕشتنی سیاسەتەکان، دەربڕینی بۆچوونەکان، و پاڵنەری گۆڕانکارێکان بوون. لە چەند ساڵی ڕابردودا گۆڕانکارییەکی ترسناک ڕوویداوە، کۆمەڵگا بووەتە کۆمەڵێک چاودێر نەک بەشداربووی چالاک. وەک هاندەرێکی تۆپی پێ کە چۆن هیچ بەشدارییەک لە دروستکردنی ئەنجامی یاریەکەدا ناکات، ئابەم شێوەیە کوردی باشور بونەتە هاندەرێک کە لەدەرەوەی گۆڕەپانی مێژووەوە وەک هاندەرێک چاودێری دەکەن.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گۆڕینی کۆمەڵگا بۆ ڕۆڵی چاودێر، بریتییە لە زیادبوونی کاریگەریە نەرێنیەکانی میدیا و تەکنەلۆژیای مۆدێرن. لەگەڵ سەرهەڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمەکانی پەخشکردن، ئەم لێشاوە بەردەوامەی بابەتە بێ ناوەڕۆکەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە مەبەست یان بێ مەبەست بووە هۆی هەستکردن بە جیابوونەوەی تاک لە کێشە ڕاستەقینەکان.

ئاڵۆزی پێکهاتە کۆمەڵایەتییە مۆدێرنەکان لەگەڵ بەردەوامبوونی کێشە جیهانی و ناوخۆییەکان، نایەکسانی ئابووری و نائارامی سیاسی، هەستی نەبونی کاریگەری و بێتوانایی لەدروستکردنی گۆڕانکاری لای تاکەکان دروست کردووە، کە دەرئەنجام زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگای کردووە بە چاودێریکەرێکی ناچالاک.

ئەنجامەکانی بون بە کۆمەڵگای چاودێری ناچالاک زۆر قوڵ و مەترسیدارن لەسەر داهاتوی هەرێمی کوردوستان.بۆتە هۆی بێئاگایی، ئاست نزمی ڕۆشنبیری و دەتوانێت پێکهاتەی کۆمەڵگاکانمان لاواز بکات. کاتێک تاکەکان چیتر هەست بە ڕۆڵی خۆیان ناکەن لە کۆمەڵگاکەیاندا، هاوسۆزیان لەگەڵ خەبات و مێژوو و هەستی نەتەوەییان لاواز دەبێت و بەشداری کردن لە پرۆسەی دەنگدان کەم دەبێتەوە و بزوتنەوە ئازادی خوازەکان تەوژم لەدەست دەدەن و زۆرینە دەبێتە بینەرێکی ناچالاک لە پرۆسەی سیاسیدا. بەم هۆیە بۆشایی نێوان خەڵک و دەسەڵات فراوانتر بووە. سیاسەتمەداران پێداویستی و ئارەزووە ڕاستەقینەکانی ئەو خەڵکانەیان لەبیر کردووە کە نوێنەرایەتی دەکەن.

کۆمەڵگای کوردی هاوشێوەی نەتەوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هیچ کارلێکێک ناکات لەگەڵ گۆڕانکارێ سیاسیە جیهانێکان و هیچ کاریگەریەکی ئەوتۆی نییە تیایاندا. تەنها بینەرێکی ناچالاکە و چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکات. هەروەها هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە لە داهێنانە زانستی و هونەری و ئەدەبێکاندا. ئەم سستیە وای کردووە کە کۆمەڵگای کوردی زۆر لاوازبێت لە خۆگوجاندن لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا، دەرئەنجام کورد کراوەتە دەرەوەی بازنەی ئەو نەتەوانەی مێژوو دەنوسنەوە و وەک سەیرکەرێک سەیری ئەو ڕوداوانە دەکات کە دەبنە مێژوو و داهاتو دەنەخشێنن.

کاتێک ڕوداوە گەورە جیهانێکان هیچ کاریگەریەک لەسەر کۆمەڵگایەک دروست ناکەن ئەوە سەلمێنەری سستی کارلێکی ئەو کۆمەڵگایەیە لەگەڵ هاوکێشە سیاسییە جیهانێکان و بێ کاریگەری ئەو نەتەوەیەیە لە مێژووی سەردەمی مرۆڤایەتیدا. جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا لە سەرهەڵدانێوە کاریگەری گەورەی هەبوە لەسەر ئابوری و سیاسەتی دەوڵەتە کاریگەرەکانی جیهان کە ڕاستەوخۆ کارلێکیان لەگەڵ ئەو هاوکێشەیەدا کردووە. بەڵام حکومەتی هەرێم وەک هاندەرێک لە دورەوە سەیری گۆڕانکارێکان دەکات، هەرچەنەدە نەتەوەی کورد وەک سەیرکەرێکی تۆپی پێ دابەشبووە بۆ هاندەرانی ڕوسیا و ئۆکرانیا و چاوەڕێی ئەنجام دەکات بەبێ ئەوەی ئەنجامەکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەری هەبێت و بێ بونی هەوڵێک بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر ئەنجامەکە، وەک ئەوەی ئەم کۆمەڵگایە لە دەرەوەی ئەم هەسارەیە بێت یان لە خاڵێکدا لە تێپەڕبونی کاتدا ڕاوەستاوە.

ڕێگای گەڕاندنەوەی کاریگەری لەوانەیە سەخت بێت، هەنگاوی دیاریکراو هەیە کە تاکەکان و کۆمەڵگەکان دەتوانن بیگرنەبەر بۆ زیندووکردنەوەی ڕۆڵەکانیان وەک بەشداربووی چالاک:

هۆشیارکردنەوە: هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر گرنگی بەشداریکردنی چالاکانە لە کۆمەڵگادا. بەکارهێنانی کەناڵە جۆراوجۆرەکانی وەک میدیا، بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، و وۆرکشۆپەکان بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکە و هاندانی خەڵک بۆ ئەوەی زیاتر چالاک بن.

بەهێزکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە: هاندانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و گفتوگۆی کراوە دەربارەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان. خەڵک ئاڕاستە بکەن کە چۆن زانیاری بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە شیکردنەوەیان بۆ بکەن، پرسیار لە گریمانەکان بکەن، و بۆچوونی خۆیان پێکبهێنن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ببنە بەشداربوویەکی چالاک لە دروستکردنی کۆمەڵگاکانیان.

پەروەردەی شارستانی: برەودان بە پەروەردەی شارستانی لە قوتابخانە و ناوەندەکانی کۆمەڵگا. فێرکردنی خوێندکاران و ئەندامانی کۆمەڵگا دەربارەی ماف و بەرپرسیارێتییەکانیان و کارکردنی حکومەت. ئەمەش یارمەتییان دەدات کە لە ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگادا تێبگەن و هانیان دەدات ببنە هاوڵاتی چالاکتر.

هاندانی هاوکاریکردن : هاندانی هاوکاری لە نێوان تاکەکان، ڕێکخراوەکان و گروپەکانی کۆمەڵگا. دروستکردنی تۆڕی بەهێز دەتوانێت هەوڵەکان فراوانتر بکات و ئاسانکاری بکات بۆ خەڵک بۆ یەکخستنی هێزەکان بۆ گۆڕانکاری مانادار.

لابردنی بەربەستەکان: دیاریکردن و چارەسەرکردنی ئەو بەربەستانەی کە ڕێگری دەکەن لەوەی تاکەکان چالاک بن. کە نەبوونی توانای دەستگەیشتن بە زانیاری، سنووردارکردنی کات، یان هەستکردن بە بێهێزی بگرێتەوە.

بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا: بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەشداریکردنی بینەرێکی فراوانتر. هەڵمەت و ئامرازەکانی ئینتەرنێت دەتوانن یارمەتی خەڵک بدەن و کاریگەرییەکی زیاتر دروست بکەن.

هاندانی دەنگدان و بەشداری سیاسی: هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و حوکمڕانی ناوخۆیی. دەنگدان ڕێگایەکی بنەڕەتییە بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەوەی قسەیان هەبێت لە دروستکردنی ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین.

گۆڕینی کۆمەڵگا بۆ چاودێرە ناچالاکەکان کاریگەرییەکی نەرێنی زۆری هەیە. بێ ئومێدی، پەرت بوون و هەڕەشە لە بنەماکانی دیموکراسی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی دەکات. بە ناسینەوەی ئەو فاکتەرانەی کە ئێمەیان بەرەو ئەم دۆخە برد و هەنگاوی چالاکانە بۆ گەڕاندنەوەی کاریگەرییەکانمان، دەتوانین ئەو بەشدارییە چالاکانە زیندوو بکەینەوە کە گۆڕانکاری و پێشکەوتنی ئەرێنی هاندەدات. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ڕۆڵی چاودێری ناچالاک لە دەست بدەین و هێزی خۆمان وەک بەشداربوویەکی چالاک لە داڕشتنی داهاتووی کۆمەڵگاکەماندا لە باوەش بگرین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×