(نەورۆز تەنها پاقلە خواردن و هەڵپەڕکێ نیە. نەورۆز بە رۆژی حساب دەست پێ دەکات ئنجا بە ئاهەنگ کۆتایی دێت.)
شاعیری فارسی فیردۆسی باسی کاوەو زوحاکی لە "شانامە"دا تۆمار کردووە. دوای ٦٠٠ ساڵ لەم باسەی فیردۆسییەوە، ئەمیری کورد شەرەفخانی بەتڵیسیی ساڵی ١٥٩٦ دەربارەی زوحاک و نەورۆز لە کتێبی "شەرەفنامە"دا نوسیوویەتی. شەرەفخان ئەم باسەی رێک لە فیردۆسییەوە وەر گرتووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەفسانەی کاوەو زوحاک زیاد لە ١٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی (٢٠٢٤)ەوە فیردۆسی شاعیری فارس لە "شانامە"دا تۆماری کردووە (١). ئەمە یەکێکە لە داستانە کوردییەکان کە کورد تەنها نیە تیایدا. ئەم داستانی زوحاک و نەورۆزە بە درێژایی مێژوو دیارە بە گوێرەی گەلان و وەخت شێوەی جیاوازیی وەر گرتووەو بینراوە. ئینگڤار کارڵسۆن یەکێک لەو شێوە داستانەمان بۆ دەخاتە رو:
"لە زۆر کۆندا لە سەرو شارێکی بچوک لە کێوانی زاگرۆس لە لاپاڵی شاخێکدا قەڵایەک کون کراوە کە دەرگاکانی لە تەختە بوون. لە ناو قوڵایی ئەم قەڵایەدا پادشایەکی ئاسوریی ژیاوە کە ناوی زوحاک بووە. سەربازەکانی ئەم زوحاکە خەڵکیان چەوساندۆتەوە.
زوحاک پێشتر بە یارمەتی ئەهریمەن کە رۆحی خراپە بووە، بە سەر جەمشید پاشادا سەر کەوتووە. جەمشید پاشا خوداکانی رۆژی لەگەڵ بووە. بەڵام خەڵک نرخی ئەمیان نە زانیووە. زوحاک جەمشید پاشا دەکوژێت و دەیکات بە دو کەرتەوە.
ئەهریمەن لە فۆرمی کەڵەشێردا گوشت و خوێن دەرخواردی زوحاک دەدات. رۆژێک کە زوحاک پێزانینی خۆی پیشانی ئەهریمەن دەدات بۆ ئەو خواردنە خۆشەی کە دەیداتێ، ئەهریمەن وەکو سوپاس هەردوو سەرشانی زوحاک ماچ دەکات. لە شوێنی ماچەکانی ئەهریمەن شەبەنگێکی گەورە پەیدا دەبێت و دو ئەژدیهای زۆر چونیەک لە سەر شانەکانی دەڕوێن. زوحاک ئیتر دەتوقێت و بێ هودە هەوڵ دەدات ئەم دو ئەژدیهایە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە.
ئەم جارەیان ئەهریمەن دەچێتە بەرگی دوکتۆرەوەو بە زوحاک دەڵێت هەرگیز ئەو دو ئەژدیهایەی لە کۆڵ نابێتەوە. هەر کاتێکیش ئەژدیهاکان برسییان دەبێت، زوحاک توشی ژانێک دەبێت کە تەنها بەوە دەڕوات ئەژدیهاکان بە مێشکی کچان و کوڕانی لاو تێر بکات. لەوە بە دوا لە شارو گوندەکانی دامێن قەڵاکە رۆژانە دو خورت هەڵ دەبژێردران و دەکوژران. ئنجا مێشکی دو کوژراوەکە دەخرایە سەتڵێکەوە. سەتڵەکە لە پارچە تەختەی دارگوێز دروست کراوە کە بە سێ شریتی تەنکی ئاڵتون بەسترابوون بە یەکەوە. سەتڵە مێشکەکە دو پاسەوان دەیبرد بۆ بەردەمی دەرگای قەڵاکە. لە ئەوێوە سەتڵە مێشک دەبرا بۆ ژورەوەو دەر خواردی ئەژدیهاکانی زوحاک دەدران بۆ ئەوەی زوحاک ژانی بشکێت.
کاتێک زوحاک دەستی گرت بە سەر دەستەڵاتدا، ئیتر خۆر نەی ویست هەڵ بێت. بەروبومی جوتیاران، دارو گوڵ هەموویان وشک بون. شوتییە گەورەکان کە ناوچەکەیان پێ ناسرابوون رزین. تاوس و کەو کە لە دەوری دارهەنارەکان دەبوون بە پۆل، ئەو دەڤەرەیان بەجێ هێشت. هەروەها بازەکان کە بە سەر کێوەکانەوە دەورەیان دەکرد، دیار نەمان. دنیا تاریک و سارد دا هات و خەڵک بێزار بون. هەموو لە زوحاک تۆقی بوون و بەیتی گازەندیان بە گۆرانی بۆ حاڵی خۆیان دەوت. ئەم دەنگی ناڕەزاییە لە شمشاڵی داری درێژەوە لە دۆڵەکانەوە دەبیستران.
لە دامێنی قەڵای پاشاییەوە ئاسنگەرێک دەژیا کە ناڵی بۆ ئەسپە کێوییە ناودارەکان دروست دەکرد. هەروەها ئاسنگەر تاوەو قابلەمەشی بۆ خەڵکی شار دروست دەکرد. ئاسنگەر ناوی کاوە بوو. کاوە رقی لە زوحاک بوو کە شانزە منداڵ لە حەڤدە منداڵی کاوەی بردبوو. کاوە دوای ئەوەی کە داوای لێ کرا دوا منداڵی کە کچ بوو بکات بە قوربانیی، شەو لە سەربانی خانووەکەی جینگڵی دا هەتا بەیانی. کاتێک ئەستێرەیەکی بینی کشا، خەیاڵێکی کەوتە سەر. بۆ بەیانی کاوە سوار دەبێت و بە دو سەتڵی مەعدەنەوە دەچێت بۆ قەڵای زوحاک. سەتڵەکان لە سەتڵە تەختەکەدا کە لەوێ دا نراوە، بە تاڵ دەکاتەوە بۆ خۆراکی ئەژدیهاکان. کاوە لە جیاتی ئەوەی کچەکەی بکات بە قوربانیی، مەڕێک دەکوژێت و مێشکەکەی دەخاتە سەتڵەکەی زوحاکەوە. کەس و تەنانەت ئەژدیهاکانیش هەست بە ئەمە ناکەن. واتۆکە لە ناو خەڵکی شاردا بڵاو دەبێتەوەو هەر یەکە کە ناچار دەکرێت قوربانیی بدات، هەمان رێگا دەگرێتە بەر. بەم شێوەیە ژیانی سەدان منداڵ رزگار دەبێت. ئەم منداڵانە دەبرێن بۆ بڵندترین و دورترین کێو بۆ ئەوەی لە ئەوێ لە ئەماندا بن. لەو سەرە لە شاخی زاگرۆس ئەم زاڕۆکانە لە ئازادییدا هەڵ دەدەن. لەوێ فێری هونەری ژیانی سەخت دەبن. سواریی ئەسپی یاخی، راوە ماسیی، گۆرانی و سەما.
لە کاوەوە خۆیان فێری جەنگیش دەکەن. رۆژێک دا دێت بگەڕێنەوە بۆ زێد و لە زۆردار خۆیان رزگاری بکەن. کات دەڕوات و لە کۆتاییدا رۆژیان دێت. سوپای کاوە دەکەوێتە رێ بەرەو قەڵای زوحاک بە ناو گوندو شارەکاندا. سەگان دەست دەکەن بە وەڕین. خەڵکیی لە ماڵ دەچنە دەرەوە بۆ پشتگیریی و نان، ئاو، زەیتون و ماستیان بۆ دەبەن. کاتێک کاوەو منداڵەکان لە قەڵاکە نزیک دەبنەوە ژن و پیاو کێڵگەکانیان بە جێ دەهێڵن و دەچنە ناویان. کاتێک دەگەنە قەڵا ژمارەیان دەبێت بە چەند هەزار کەسێک. لە دەرەوەی قەڵا کاوە دەچێتە سەر تاشەبەردێک. کاوە بەروانکە چەرمەکەی ئاسنگەریی پێوەیەو بە دەستێکی چەکوشکەی رووەو دەروازەی قەڵا بەرز دەکاتەوە. جەماوەری خەڵکەکە شاڵاو دەبەن بۆ قەڵا و پیاوەکانی زوحاک را دەماڵن. کاوە خۆی دەکات بە ناو شاڵاوەکەدا بۆ هۆڵی پاشایی. لەوێ زوحاک بە چەکوشەکەی دەکوژێت، سەری دەپەڕێنێت و ئیتر هەردوو ئەژدیهاکەش دەمرن.
دوای ئەوە کاوە هەڵ دەگەڕێت بۆ لوتکەی چیا. لەوێ ئاگرێک دەکاتەوە وەکو راگەیاندن کە خەڵک ئازاد کرا. هەر دوای ئەو سەدان ئاگری دی لەسەر لوتکەکان دەکرێنەوە بۆ بڵاوبوونەوەی پەیامەکە. هەوا پاک دەبێتەوە لە بۆگەنی زوحاک و کردەوە ناجۆرەکانی. خۆر لە هەور دێتەوە دەرەوە. گوڵ دەگەشێنەوە. دارهەنجیر گوڵ دەکەن و شوتی شین دەبنەوە وەکو جاران. بازەکان دەگەڕێنەوەو شەماڵ بە ناو کێوەکاندا هەڵ دەکات. تاوسەکان پەڕە جوانەکانیان پەخش دەکەنەوە. ئەسپە کێوییەکان بە تاو بە ناو دەشتەکاندا بە چوارناڵە دێن. زاڕۆکان هەنجیری پڕگوێز دەخۆن و بەرامەی نانی گەرمی تازە بە سەر مێرگەکاندا بڵاو دەبێتەوە.
ئاگرەکان تا دێن کڵپە دەکەن و بەرز دەبنەوە. خەڵک دەستی یەکتر دەگرن، ریز دەبەستن، گۆرانی دەڵێن و لەسەر ریتمی شمشاڵ و دەهۆڵ هەڵ دەپەڕن. ئێستا کوردان ئازادن و ئەو رۆژە ناو دەبەن بە نەورۆز. رۆژی نوێ."
ئینگمار کارڵسۆن دەڵێت نەورۆزگێڕان بەردی بناغەی ئەفسانەی بەرگرییانەی کوردانە. رۆژی (٢١)ی مارت کە هەموو ساڵێک ئاهەنگی دەگێڕدرێت وەکو ساڵی تازەی کوردیی، مانایەکی بەهێزی سیمبۆلیی هەیە لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورددا."
لەو باسەی سەرەوە چەند خاڵێک ئەنجامگیر دەکەین:
١. کاوەو زوحاک ئەفسانەن نەک روداوێکی مێژوویی.
٢. ئەم ئەفسانەیە لە کات و شوێنێکەوە هەڵ قوڵاوە کە دواتر ژمارەیەک گەل ئەم ئەفسانەیەی لە خۆیدا هەڵ گرتووە. لەوانە فارس و ئەفغانیی.
٣. ئەفسانەکە دەری دەخات کە پادشا، واتە دەستەڵات لە کاتی سروشتییدا پێویستییەکی کۆمەڵایەتییە و لە خەڵکە باشەکەیەتی. بەڵام کاتێک خەڵکەکەی نازانن دەستی پێوە بگرن و بیپارێزن ئیتر ئەهریمەن پادشایەکی خراپکار دەهێنێتە سەر حوکم کە وڵات دەخاتە ژێر زوڵم و ناهەموارییەوە.
٤. لە پاش زوڵمێکی زۆر، ناهەموارییەکی قووڵ، کاوە رێگا چارەیەک دەدۆزێتەوە بۆ رزگاربوون لەم دەستەڵاتە.
٥. کاوە بە رزگارکردنی دوا منداڵی دەست پێ دەکات کە کچە. دور لە قەمچی دەستەڵاتی زوحاک خۆیان پەروەردە دەکەن، رێک دەخەن و لە کاتی گونجاودا دەستەڵاتی زوحاک را دەماڵن.
٦. دوای سەرکەوتن بە سەر زاڵمدا ئاگر دەکەنەوە و ئاهەنگ دەگێڕن.
ئەم ئەفسانەیە بێگومان دەوری بینیووە لە دەرونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کورداندا. دوژمنانی کوردیش ئەگەر بۆیان قەدەغە نەکرابێت ئەوا ئاقڵانەتر هەوڵیان داوە ناوەڕۆکەکەی بگۆڕن.
نەورۆز لە ئێستادا لە باشور ئاوەڕوتبۆتەوە لە واتا شۆڕشگێڕییەکەی. کراوە بە جەژنی خۆڕازانەوە، خواردن و سەیران. گەشتۆتە ئەو ئاستەی کە هەر قسەکەی کاک نەوشیروان مستەفا ئەمین هەڵ دەگرێت: "نەورۆز مناسەبەتێکی عالەمییەو هەموو میللەتە بێ ئیشەکان بە موڵکی خۆیانی دەزانن٢."
تێبینیی و سەرچاوە:
1. sid 29, Ingmar Karlsson, Inga vänner Utom Bergen.
٢. دامەزراوەی نەوشیروان مستەفا، https://www.facebook.com/nawshirwa.../posts/5280471835319761