یادی هەڵەبجە مەکەنەوە، وەڵامی (کامیل عەبدولقادر )بدەنەوە
هیدایەت مەلا عەلی
2019-02-15   1642
هەموو ساڵێک لە (١٦-٣)دا بەبۆنەی ساڵڕۆژی تاوانی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە، لەو شارەو هەندێک لەشارەکانی تری هەرێمی کوردستان، یادو بۆنەی جۆرا و جۆر بەڕێوەدەچێت، ١٦-٣-٢٠١٩ نزیک بە ٣١ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیە و ٢٨ ساڵ بەسەر دەسەڵاتی (یەکێتی و پارتی)و (حیزبە هاوپەیمانەکانیان) تێدەپەڕێت لەهەرێمی کوردستاندا.
بەشێکی زۆر لەویادانەی لەساڵانی پێشوودا (حیزبەکان و حکومەت) ئەنجامیانداوە، داهات و پارەیەکی زۆریان تێدا خەرج کردوە، لەیادی ٢٥ ساڵەی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا نزیک بە ٥ ملیۆن دۆلار بەفیڕۆدراو سوتێنرا، لەپشتی ئەم یادە کە خەڵکی هەڵەبجە بە هەزارن قوربانی و بریندار و ونبوونی مناڵەکانیان باجەکەیداوە، گۆرانیبێژ هەبووە شیعری گۆرانیەکەی نەنوسراوە لەلایەن شاعیرەکەیەوە بەڵام دەیان هەزار دۆلاری وەک خەڵات وەرگرتووە لە حکومەت!!!!.
هەمیشە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەم یادانەی کردۆتە بڵندگۆیەک بۆ فریوودانی خەڵکی هەڵەبجە بەتایبەت و خەڵکی کوردستان بەگشتی، هەڵەبجە وەک کۆمپانیایەک بۆ سەرمایەگوزاری و چاوبەست و شێواندنی ڕاستی تاوانەکانیان بەکاردەهێنن، هەمیشە ڕۆڵی ئەو حیزبانەی کە ئێستا داهات و سەروەت و سامانی کوردستانیان لەبەردەستایە و خۆیان بەشێکی کارای ئەو کۆمەڵکوژیەبوون، بەم یادانە پەردەیەکی ڕەش بەسەر ڕابووردوویاندا دەدەن و فێڵ لە یادەوەری و قوربانیەکانی خەڵکی زەحمەتکێشی هەڵەبجە دەکەن.
هیچ کات و ساتێک ئەو یادانە نەیانتوانیووە بەشێوەیەکی سەرەتایش بێت وەڵام بەگرفتە ئینسانی وسیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی هەڵەبجە بدەنەوە، کە سەدان لێکەوتە و دەرهاویشتەی ناجۆری کردۆتە واقیعی ژیانی خەڵکی هەڵەبجە، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و سەدان کێشەی کۆمەڵایەتی لەپشتی کەنووی ئەم دەسەڵات و یادانەدا بەفەرامۆشی سپێراوە، تاکو ئیستا نزیک لە ١٠٠ بەرکەوتووی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە کۆچیدواییان کردوە کەدەکرا بەشێکی زۆریان لەژیاندا بمانایە.
(کامیل عەبدولقادر) یەکێک لەبەرکەوتووانی چەکی کیمیاییە لە هەڵەبجە، بەهۆی کاریگەری چەکی کیمیایی لەسەر (سییەکانی) بەشێکی زۆری لەکارکەوتووە و پێوویستی بە چاندنەوەی هەیە، (کامیل عەبدولقادر) سەرەڕای ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە خێزانەکەی لەتاوانی کیمیایبارانی هەڵەبجەدا وەک پەپولە باڵیانگرت و فڕین، بەڵام هەمیشە وەک هێمای ئیرادە و خۆراگری و جوانبینی بۆ ژیان و ئاییندە دەرکەووتووە و درێژەی بە کار و فەرمانەکانیداوە.
(کامیل عەبدولقادر) و (سەرجەم بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی) بۆ من هیچ جیاوازییەکیان نیە، هەموو لە ڕوانگەی ئینسانی و هاوشاری و مافی ساڕێژکردنی برینەکانیان بەبەشێک لە ئاوات و ئومێدەکانی خۆم ئەزانم، هەموو وەک ئینسان و هاولاتی مافی ژیان و پاراستنی تەندروستیان هەیە، بەڵام ئەوەی کە وایلێکردم کە ئەم وتارە تایبەتە سەبارەت بە (کامیل عەبدولقادر) بنووسم ٣ هۆکار و دۆخێکی تایبەتە کە ئێستا ناوبراو بە ئازارەوە ڕۆژگارەکانی تێدەپەڕێنێت.
(کامیل عەبدولقادر) وەک بەرکەوتویەکی چەکی کیمیایی لە ئێستادا لە دۆخێکی زۆر هەستیار و تایبەتدایە، ئەم دۆخ و هەستیارییەی برین و ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی (کامیل عەبدولقادر) تەواوی کۆی گشتی دامودەزگای دەسەڵاتداریەتی لە ئۆرگانە جیاوازەکاندا دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتیەکی مێژووی، وەک چۆن لە ٢٨ ساڵی ڕابوردوودا هیچیان بۆ هەڵەبجە نەکردوە، چۆن ئەو داهاتانەی لە یادی هەڵەبجەدا بەفیڕۆیانداوە، لە (ئەمساڵدا یادی کیمیابارانی هەڵەبجە نەکەنەوە)، لەبری ئەوە بۆیەک جار وەڵامی داواکاری و پێداویستی بەرکەوتوویەکی کیمیابارانی هەڵەبجە بدەنەوە، لەناو خەم و ئازار و دابڕانی زیاتر لە ١٤ مانگ لە هاوژین و مناڵەکانی دەریبهینن،(هەرچەندە من وەک خۆم هیچ باوەڕێکم پێتان نیە مەبەستم لە دەسەڵاتە).
(کامیل عەبدولقادر) ئیستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی (ئەڵمانیا)یە، چاوەڕێی نەشتەرگەری چاندندنەوە بۆ (سییەکانی) دەکات، ئەگەر بەفەرمی مافی پەنابەری و مانەوەی پێبدرێت لە (ئەڵمانیا)، هەمانکات پێویستیەکی ئینسانی و کۆمەڵایەتی و سۆزداری و خزمەتگوزاری بەوەهەیە کە هاوژین و مناڵەکانی بتوانن (فیزەیان) پێبدرێت و بەدیداری یەکتر شادببنەوە.
ئەو ٣ هۆکارەی وایکرد (کامیل عەبدولقادر) تایبەت ببێتە جێگای سەرنجی ئەم وتارەم، ئەو هۆکار و داواکاری و هەستی پێداویستیە ئینسانیەیە کە ناوبراو پێیداگوزەر دەکات، هەر بۆیە منیش داوادەکەم کە ئەمساڵ (یادی هەڵەبجە مەکەنەوە و ئەگەر بڕیارە کارێکتان لەدەست بێت بۆ کامیل عەبدولقادر)ی بکەن، ئەگەر نا ئیتر ئەوەندە یاری بە کەرامەت و ژیان و چارەنووسی خەڵکی هەڵەبجە و قوربانیەکانیەوە مەکەن.
هۆکاری یەکەم: ٤ مانگ پێش ئێستا (کامیل عەبدولقادر) نامەیەک ئاڕاستەی (بەرهەم ساڵح) وەک سەرۆک کۆماری (عێراق) دەکات، لەو نامەیەدا ناوبراو داوا دەکات کە (بەرهەم ساڵح) ئاسانکاری و تواناکانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی (ئەڵمانیا) مافی مانەوەی خۆی و پێدانی (فیزەی) سەفەری هاوژین و مناڵەکانی بۆ (ئەڵمانیا) بەزووترین کات بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ساڵی ٢٠٠٥ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق (بەرهەم ساڵح) هاتە هەڵەبجە و قسەی بۆ خەڵک کرد، سوێندی خوارد بە جامانەکەی (عومەری خاوەر) کە ئەو نوێنەری خەڵکی هەڵەبجە دەبێت، یەکێک لە ئامادەبووانی ئەو کۆبونەوەیە (کامیل عەبدولقادر)بوو.
هۆکاری دووەم: چەند ڕۆژێک پێش ئیستا لە پەیوەندیەکدا بۆ هەواڵپرسینی باری تەندروستی (کامیل عەبدولقادر) لە پەیامێکی دەنگی تاسەرئێسک هەستبزوێن و ئینسانیدا بەم جۆرە وەڵامیداومەتەوە و دەڵێت: ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەوەی مناڵەکانم بێن بۆلام، لانی کەم ئەگەر مردم با مناڵەکانم بەدەورمەوەبن!!!!!، ئایا داهات و تاڵانی و گەندەڵی ئەو وڵاتە ئەوەندە نیە کە ئەم خواستەی (کامیل عەبدولقادر) بۆ هیوای ژیان، نەک تەنها بۆ بینینەوەی هاوژین و مناڵەکانی جێبەجێ بکرێت؟؟؟؟.
هۆکاری سێیەم: ڕۆژی ١٣-٢-٢٠١٩ (کامیل عەبدولقادر) لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک یەکێک لە گۆرانیەکانی (عەدنان کەریم) دادەگرێت بەناوی (بیرتان ئەکەم)، هەرکەسێک کە خاوەنی سەرەتایترین و سادەترین هەست و پڕنسیبی ئینسانی بێت، لەو دۆخە دژوار و ئاڵۆزەی (کامیل عەبدولقادر)ی تێدایە تێدەگات، بەڵام دڵنیام بازرگانەکانی خوێن تێناگەن، هەر تاکێک گوێ لەو گۆرانیە بگرێت بۆی دەردەکەوێت کە ئەم ئینسانە، ئەم بەرکەوتووی چەکی کیمییایە، ئەم هێمای خۆڕاگری و لەخۆبوردوویەی هەڵەبجە لە چ کەشێکی هەستیار و چاوەڕوانیەکی قوڵدایە.
بەڕاست لە جێگای خۆیدا نیە کە دەڵێم (یادی هەڵەبجە مەکەنەوە، وەڵامی کامیل عەبدولقادر بدەنەوە).
١٤-٢-٢٠١٩