ھەدەپەو ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا

د.سەلام عەبدولکەریم
  2019-02-19     650

"ئاڵنگاری لەپێناوی مانەوەو بەربەرەکانی تۆتالیتاریزم"
 ٣١ی مارسی ئەمساڵ ھاووڵاتییانی تورکیا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانیان لەبەڕێوەبردنی شارەوانییەکانی تورکیا. ئەوەی تائێستا زانراوە، ئەوەیە، کە پارتی دادو گەشەپێدانی فەرمانڕەوا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی جەماوەر لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرست درێژە بەبەشداری سیاسی خۆیان بەھاوبەشی دەدەن، ئەگەرچی بەشێک لەشرۆڤەکارانی کێڵگەی سیاسی تورکیا بۆچوونیان وایە بەلەبەرچاوگرتنی ھەڵکشانی تەوژمی نەتەوەپەرستەکان لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ زیاتر ھاتنەپێشەوە ھەریەکە لەپارتی مەھەپە و پارتە نوێیەکەی میراڵ ئەکشنار بەناوی پارتی چاکە، لەم ھەڵبژاردنی شارەوانیەشدا ئەو تەوژمە نەتەوەپەرستیە زیاتر ھەڵدەکشێ و دێتە پێشەوە بەتایبەت لەنێو ھاوپەیمانێتیەکەی جەماوەر و زیاتریش باس لەسودمەندبوونی کاندیدەکانی مەھەپە دەکرێت، واتە لێکدانەوەکان بەو ئاراستەیەدان کە لەم ھەڵبژاردنەدا مەھەپە زیاتر لەئاکەپە سوود لەو ھاوپەیمانییەتییە دەبینێت لەرووی زیاتربوونی نفوزی سیاسی و ئەنجامەکانی و دەرچوونی کاندیدەکان وەک لە ئاکەپە.

ئەوەی تایبەتە بەپارتی دیموکراتی گەلان ئەوەیە، کە لەماوەی رابردوودا ھاوپەیمانی لەگەڵ ژمارەیەک لەپارتی سیاسی کوردی ئەنجامدا، ئەمەش ھەنگاوێکی زۆر بایەخدار بوو لەرووی نزیکبوونەوەی ئاراستە سیاسییەکانی جوڵانەوەی خەباتی سیاسی کورد لەتورکیا بەگشتی و لەباکووری کوردستان بەتایبەت، چونکە لانیکەم کۆتایی بەو دووری و  دژبەرییە سیاسی و ناکۆکییانە ھێنا، کە زیاتر لەپرۆسەی سیاسی و ھەڵبژاردنەکاندا ئاکەپە سوودی لێدەبینی و جۆرێک لەساردبوونەوەی لای دەنگدەری شار و ناوچە کوردنشینەکانی باکووری کوردستان دروستکردبوو، بۆیە ھەدەپە ھەنگاوی سەرەکی و سیاسی یەکەمی ھاویشت و بەپێی پێشبینی و  لێکدانەوەکان پێدەچێت رێژەی زیاتری دەنگ و کورسی سەرۆک شارەوانییەکانی لەھەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ٢٠١٤ زیاتر بێت، ئەگەرچی پێشبینی تریش ھەن، کە وا لێکدەدەنەوە لەبەر چەند ھۆکارێک کەمتر بکات، کە دواتر روونیان دەکەینەوە.

بەربەستەکانی بەردەم ھەدەپە لەم ھەڵبژاردنەدا

 لەراستیدا بەربەستی زۆر و گەورە ھەیە، کەخۆی لەچەند شتێکدا دەبینێتەوە، یەکەمیان مەترسی ئەوەیە، کە ئاکەپە و بەرەی ھاوپەیمانییەکەی لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرست زۆرینە نەھێنن، یاخود ئاکەپە بەدیاریکراوی شارەوانی شارە گەورەکانی وەک ئەنکەرە و ئەستەمبوڵ و ئەزمیری لەکیس بچێت، بەپێی دەسەڵاتەکانی  سەرۆک کۆمار و پرۆژە یاسای سیستەمی سەرۆکایەتی، کە لەئێستادا ئەردوگان سەرۆک کۆماری تورکیایە، بانگەشەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکات، کە ئەمە لای چاودێرانی سیاسی دۆخی تورکیا بەربەرستێکی گەورەشە بۆ ھەدەپە دیسان، چونکە ئاکەپە لەشارە تورکییەکاندا رکابەری پارتی گەلی کۆماری بکات، ئەوا لەشارە کوردییەکاندا رکابەری سەرەکی ھەدەپە دەکات و دەشزانێت سەرکەوتن بەسەر ھەدەپەدا مەغزای سیاسی و مەعنەوی گەورەی ھەیە بۆ پاشەکشە پێکردنی زیاتری بوونی سیاسی ھەدەپە و کێشەی کورد بەو ئاراستەیەی کە ھەدەپە دەخوازێت چارەسەری بکات.

دووەم بەربەستی بەردەم ھەدەپە بریتییە لەمەترسی بەردەوامی مۆدێلی قەیوم، چونکە جگە لەوەی ھەدەپە لەھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٤ توانیبووی ١٠٢ شارەوانی بباتەوە، بەڵام پاش ھەڵمەتە سەربازیەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە کوردیەکەمان لە٢٠١٥ ئاکەپە و ئەردوگان بەبڕیاری سیاسی و دادوەری ساختە نزیکەی ٩٥ سەرۆک شارەوانیان لەسەر کارەکانیان لادا و لەشوێنی سەرۆک شارەوانی سەر بەخۆیان دامەزراند، کە پێی دەوترێت قەیوم، ئەوەی مەترسی ئەم بەربەستەش دەکاتە پێشبینییەکی دروست ھەڕەشەکانی سەرۆک و سەرکردایەتی ئاکەپەیە لە ئەردوگانەوە تا خوارەوە، چونکە خودی ئەرودوگان خۆی ماوەیەک پێش ئێستا وتی:"دەنگ مەدەن بەکاندیدەکانی ھەدەپە، چونکە ئێمە لایان دەبەین لەپۆستەکانیان"، جگەلەوەی بەروونی ئاماژەی بەگۆڕین و لابردنی ئەو سەرۆک شارەوانییەی دیکەی ھەدەپە کرد، لەئەگەری دەرچوونیان پاش ٣١ی مارس،  ئەمە ئەگەرچی وەک ھەڵمەتی پێشوەختەی پڕوپاگەندەی سیاسی ئاکەپە بێت، بەڵام پێشتر ئەم قسەیە لەسەر زەوی واقیع جێبەجێکراوە، بۆیە مەترسی ئەم بەربەستە مەترسیەکی جدیە بۆ ھەدەپە.

بەربەستی سێیەمی بەردەم ھەدەپە بریتیە لەوەی، کە دەسەڵاتی لێپرسینەوە لەسەرۆک شارەوانییەکان لەوەزارەتی ناوخۆوە گوازرایەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، بەمەش مەترسی ھەدەپە زیاتر دەبێت لەئەگەری دەرچوونی ژمارەیەکی زۆری سەرۆک شارەوانیەکانی، چونکە لەو دۆخەدا ئەردوگان تەحەکوم بەدەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی کۆمارەوە دەکات و ئەوکاتەش ھەرکات بیەوێت دەتوانێت لێپرسینەوە  لەسەرۆک شارەوانییە کوردیەکان بکات و بڕیاری لابردن و دانانی سەرۆک شارەوانی قەیومیان لەشوێن دەربکات.

چوارەمین بەربەرستی بەردەم ھەدەپە بریتییە لەمەسەلەی بوجەی شارەوانیەکان و لایەنی بەرپرس لەکۆمەکی دارایی شارەوانیەکانی تورکیا بۆ بەڕێوەبردنی ئیش وکار و پرۆژە  خزمەتگوزارییەکانیان، چونکە لەمانگی ٨ی ٢٠١٨ەوە ئاکەپە کاری لەسەر ئەوە کرد و بەبڕیاری ژمارە (١٧)ی سەرۆکایەتی دوای ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیای ٢٠١٩ بوجەی شارەوانیەکان گرێدرا بەبودجەی گشتیەوە، کە (بیرات بیراق) ی وەزیری گەنجینە و دارایی و زاوای ئەردوگان بەڕێوەی دەبات و سەرپەرشتی دەکات، بەمەش ناوەندی و مەرکەزییەتی دەسەڵات دەسەلمێنێت، جگەلەوەی بوجەی شارەوانییەکان لەرێژەی(١٥%) بۆ (١٢.٩%) کەمکراوەتەوە، بەمەش شارەوانییەکان ناچار دەکرێن پشت بەحکومەتی ناوەند ببەستن و دەشزانین حکومەتی ناوەند کێ و چۆن دەبرێت بەڕێوە و سیاسەتی لەرابردووشدا بەرامبەر شارەوانییەکانی ھەدەپە چۆن و چی بووە! لێرەوە مەترسی ئەوەش دێتە ئاراوە، کە لەحاڵەتی دەرچوونی سەرۆک شارەوانییەکانی سەر بەھەدەپە، یان لەرێگەی لابردنیانەوە یان لەرێگەی تەمویل نەکردنیان و دابین نەکردنی بوجەی پێویست لەلایەن وەزارەتی گەنجینە و داراییەوە کار لەسەر لاوازکردنی ئەدا و لەسەرکارلادانی سەرۆک شارەوانییە دەرچووەکانی ھەدەپە دەکرێت.

لەکاندیدی ئایدۆلۆجییەوە بۆ کاندیدی دڵخوازی خەڵک

 پاش ئەو رێ و شوێنە نادیموکراسیەی لە ٢٠١٥ ەوە دژی سەرۆک شارەوانییە شەرعییەکانی ھەدەپە گیراوەتە بەر و لەجێگەیان قەیوم دامەزرا، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە ھەدەپە کاری لەسەر کاندیدکردنی ئەو کەسایەتییانە کردووە، کە کەمتر ئایدۆلۆجین، واتە کەمتر پەیوەستن بەئایدۆلۆجیای سیاسی پارتەکەیانەوە، بەڵکو زیاتر کاری لەسەر کاندیدی دڵخوازی نێو خەڵک کردووە، لەوانەش تورکان ئاڵچی، ھاوسەری پارێزەری تیرۆرکراو تاھیر ئاڵچی، کە لەساڵی ٢٠١٥ لەلایەن رژێمی تورکیاوە لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێک لەسەر ئاشتی تیرۆرکرا. ئەم خانمە، کە ھەدەپە کاندیدی کردووە پاش تیرۆرکردنی ھاوسەرەکەی وازی لەوەزیفەکەی لەدیاربەکر ھێنا و چووە ئەستەمبوڵ و بەخوێندنی یاساوە خەریکبوو، دواتریش سەرقاڵبوو بەدامەزراندنی رێکخراوێکی مافی مرۆڤ بەناوی تاھیر ئاڵچی ھاوسەرییەوە. جگە لەتورکان ئاڵچی نموونەی کاندیدی دیکەش بەدیدەکرێت.

ھەدەپە.. ئاڵنگاری و جەنگی دیموکراسی لەپێناوی مانەوەدا

 بە روانین بۆ ئەو بەربەستانەی بەردەم ھەدەپە، جگە لەو رێ و شوێنە بەردەوامانەی حکومەتی تورکیا دژی سەرکردە و ئەندامان و رێکخستن و شارەوانییەکانی سەر بەھەدەپە گرتویەتیەبەر و تائێستاش بەردەوامە و پێدەچێت تانزیک دەبینەوە لەمانگی ئازار زیاتریش ببن، بەتایبەت زیندانیکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و لابردنی سەرۆک شارەوانییەکان و گرتن و قۆڵبەستکردنی ئەندامان و رێکخستنەکانی ھەدەپە، تێبینی ئەوە دەکەین، کە ئەردوگان و حکومەتی تورکیاش دەیانەوێت بەھەر شێوەیەک بووە ھەدەپە بکەنە دەرەوەی شانۆی سیاسی و ئیدارەی شارەوانییەکانی تورکیا بەتایبەتیش لەناوچە کوردییەکان، چونکە ئەوەی پێشبینیکراو و چاوەڕوانکراوە خستنەکاری مەکینەی ئاینی و جوڵاندنی سۆزی ئاینی و راسپاردنی ئیمام و وتاربێژ و مەلای مزگەوتەکانە لەشارە کوردییەکاندا بۆ راکێشانی سۆزی دەنگدەرانی کورد، چونکە ئەردوگان و ئاکەپە دەزانن بەشێک لەھاووڵاتیانی کورد لەرێگەی سۆزی ئاینی و مەسەلە ئاینیەکانەوە کاریات  تێدەکرێت، وەک چۆن لەکاتی ھەڵبژاردنەکانی تردا ئەم حاڵەتەمان بینی، تەنانەت نەک تورکیا و باکوری کوردستان،  بەڵکو مەکینە میدیایی و ئاینییەکانی پشتیوانی لەئەردوگان و ئاکپارتیمان لەباشووری کوردستانیش بینی و نمونە بەرچاوەکانی سۆشیال میدیا و خۆھەڵواسین بەکار و خزمەتەکانی ئەردوگان و ئاکەپە و تەرویج پێدانی بەڵگەیەکی روون بوون لەو رووەوە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئایا ئەردوگان و ئاکەپە بۆ شارە تورکیەکانی وەک ئەستەمبوڵ و ئەنکەرە و ئەزمیرو ئالانیا، کەقوڵایی شێوە ژیانی عەلمانیەتی تورکیان بەھەمان زمانی ئاینی دەدوێن؟ بێگومان نەخێر، چونکە ھاوڵاتیانی ئەو شارانە لێیان قبوڵ ناکەن و گوێشیان لێناگرن، ھەر بۆیە تێبینی جیاوازی گوتاری ئەردوگان و ئاکەپە لەو شارانە بەراورد بەشارە کوردیەکان دەکەین. بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە رۆخی ئاڵنگاریی و بەرەنگاربوونەوە و گیانی جەنگی دیموکراسی ھەدەپەیە لەم ھەڵبژاردنەشدا، لەبەرئەوەی پێشوەخت ئەردوگان و ئاکەپە ھەموو رێگەکانی بەردەم گەشەکردن و خزمەتی شارەوانییەکانی سەر بەھەدەپەیان بڕیوە و کرتیش لەسەر بەرتەسک کردنەوەی بوونی سیاسی ھەدەپە دەکەن، بەتایبەت، کە ھەدەپە زیاتر لەسەر بنەمای شوناس و بەھا مرۆیی و ئازادییەکان کار دەکات لەسەراسەری تورکیا بەگشتی و لەشارەکانی باکووری کوردستان، ھەروەک تێبینی دەکەین بەربەستەکانی بەردەم ھەدەپە گەورە و مەترسیدارن، چونکە ئەردوگان و ئاکەپە و مەھەپەی نەتەوەپەرست ھاوپەیمانی ئەگەر لەشارە گەورە  تورکیەکانی وەک ئەنکەرە و ئەستەمبوڵ و ئەزمیر پارتی گەلی کۆماری رکابەری سەرەکیان بێت، ئەوا لەدیاربەکر و سەرجەم شارەکانی تری باکوری کوردستان ھەدەپە رکابەری سەرەکی و لەمپەری گرنگی بەردەم خەونی تاکڕەوی ئەردوگان و رۆحییەتە دوژمنکارانەکەیەتی بەرامبەر بەمافی نەتەوەیی کورد و چارەسەری کێشەی رەوای ملیۆنان مرۆڤی کورد، بۆیە ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ھەدەپە جەنگی بەرەنگاری و مانەوەیە لەبەرامبەر سیستەمێکدا، کە بەزەیی نیە بۆ کۆتایی ھێنان لەبوونی سیاسی ھەدەپە و ھەر جوڵانەوەیەکی سیاسی دیکە، کە بۆنی کوردبوونی لێبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×