پێویستە ئەردۆغان لەشکستی ھەڵبژاردنەکانەوە وانە فێرببێت

سەڵاحەدین دەمیرتاش
  2019-04-22     731
ھەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ سەرەتا بۆ ئەردۆغان و دواتریش بۆ دەسەڵاتدارێتیی تورکیا پەیامێکی گرنگ بوو. ئەردۆغان لە ھەڵبژاردنەکاندا بچوک بووەوە، پارتەکەی ئەو پێنج شاری گەورە و گرنگی لەدەستدا، بەتایبەتی ئەستەنبوڵ کە شوێنی دەستپێکردنی گەورەبوونی ئەو بوو.

پارتی داد و گەشەپێدانی بەستراوە بە ئەردۆغان، لەم ساڵانەی دواییدا نەک تەنھا لە دیموکراسی بەڵکو لە نرخ و ئەخلاقی ئیسلامیی راستەقینەش دوورکەوتنەوە.سەرۆک کۆمار و پارتەکەشی چاوی خۆیان بەرامبەر ساختەکاریی، نادادیی و ژێرپێخستنی مافەکان داخست و ئێستاش باجی ئەوە دەدەن.

ھەزاران ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلان بەھۆی ھەڵوێستی سیاسییەوە لە زیندانن، کە منیش یەکێکم لەوانە. ھێزە ئەمنییەکان لە زیندان زیندانیکراوەکانی پارتەکەمان ئەشکەنجە دەدەن. زۆربەی ئەندامانی پارتەکەی ئێمە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەک تیرۆریست ناسێنران، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پارتەی کە من چەند ساڵیک ھاوسەرۆکی بووم، ھێزی خۆی پیشان دا.

سەرەڕای ھەموو ئاستەنگەکانیش، سەرکەوتنی ھەدەپە لە ھەڵبژاردنەکاندا سەرنجی ھەموانی راکێشا.  بەم سەرکەوتنەش دەرکەوت ھەدەپە و زۆربەی کوردەکان لەبەرامبەر فشارەکانی دەوڵەت سەر دانانەوێنن. جەماوەری ھەدەپە جارێکی دیکە پیشانی دا لایەنگری ئازادی، یەکسانی، دیموکراسیی، ئاشتی و پێکەوەژیانن لە تورکیا.

دۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش ئەو دۆخەی سوریای تێدایە، پیشانی دەدات تورکیا دەبێت چی رێگایەک بگرێتەبەر. تورکیا دەبێت بۆ یەکێتی و پاراستنی کۆمەڵگە خەبات بکات و ئەمەش تەنھا بە ئاشتی و دیموکراسی سەردەکەوێت و بەدیدێت.

لە دۆخی ئێستادا، کە قەیرانی ئابوری و بێکاریی بەردەوامە، تەنھا بە رێگەی دیموکراسی و چاکسازیی سیاسیی چارەسەردەبێت. بەڵام ئەو سیاسەتەی ئەردۆغان لە ئێستادا لە تورکیا پەیڕەوی دەکات، خاوەن ئیرادە و بوێرییەک نییە چارەسەر لەگەڵ خۆیدا بھێنێت.

ئەو سیاسەتەی کە ئەردۆغان لەبەرامبەر ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتی گەلی کورد پەیڕەوی دەکات، جەمسەرگیریی لە نێو کۆمەڵگەدا دروستدەکات. گەلی کورد دەخوازێت لەگەڵ گەلانی دیکەدا لە ناو ئاشتیدا بژی و لە توندوتیژی و شەڕ بەدوور بێت. کورد زیاتر پێویستی بە دیموکراسی ھەیە. کوردەکان داخوازیی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و کلتورییان ھەیە. ئێمەش بۆ بەدەستھێنانی ئەو داخوازییانە پەیمانمان داوە، بەڵام سەرۆک کۆمار و دەسەڵات ئاستەنگن لەبەردەم داخوازییەکانی گەلی کورددا.

پەرلەمانتاری ئێمە لەیلا گویڤەن و چەند کەسێکی دیکە لە ناوە و دەرەوەی زیندان دەستیان بە مانگرتنی بێسنور کردووە، داخوازی ئەم مانگرتووانەش ھەڵگرتنی گۆشەگیرییە لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان. ئۆجالان کە ٢٠ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵییە گۆشەگیریی خراوەتە سەر و بەردەوام رێگریی لێدەکرێت لەگەڵ پارێزەران و خێزانەکەیدا دیدار ئەنجامبدات.

ئەو کەسانەی دەستیان بە مانگرتنی بێسنور کردووە لەو بڕوایەدان، ئۆجالان خاوەن رۆڵیکی سەرەکییە بۆ دیموکراسیی و ئاشتی. دەزانن کە کاریگەری ئۆجالان لە نێو کوردانی تورکیا و سوریا گەلێک زۆرە. ھەربۆیە بۆ دەستپیکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، جگە لە ئۆجالان رۆڵی کەسی دیکە قەبوڵ ناکەن، ھیچ پرۆسەیەکی ئاشتی بەبێ ئۆجالان سەرناکەوێت و دانوستانەکانی پێشووی ئەردۆغانیش لە ساڵانی رابردوودا لەگەڵ پەکەکە، راستی ئەم قسەیە دەسەلمێنن. زۆربەی کوردەکانیش ئۆجالان وەک مەرجەعی سەرەکی خۆیان دەبینن.

لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانەوە دەرکەوت، نەک تەنھا پارتەکەی ئێمە، بەڵکو ھەموو پێکھاتە و گەلانی تورکیا دەخوازن لەنێو ئاشتی و دیموکراسیدا بژین، لەبەرامبەر دەسەڵاتی تاکەکەسیی و ئۆتۆریتەییدا دەوەستنەوە. ھیوام وایە ئەردۆغان ئەمەی بینیبێت و ھەستی پێکردبێت، ئەگەر ئەم شتانەش لەبەرچاو نەگرێت، بەر زەبرێکی دیکەش دەکەوێت.

باوەڕی من و ھەڤاڵەکانم لە زینداندا بۆ دیموکراسی و ئاشتی بەردەوامە و کۆتایی نایەت. ئێمە باوەڕمان بە پاشەرۆژیکی گەش و دیموکرات ھەیە لە تورکیا. ئێمە پێمانوایە ھەڵبژاردنی ئەمجارە رێگای دیموکراسی کردووەتەوە، ئەگەر حکومەتیش بەردەوامی بە تاکڕەویی و ئۆتۆریتەیی خۆی بدات، رووبەڕووی قەیرانی سیاسیی و ئابوری زیاتر دەبێتەوە.

ئێمە بانگ لە کۆمەگەی نێودەوڵەتی دەکەین تورکیا بۆ ئاشتی و دیموکراسی ھانبدەن. وەک گەلانی تورکیا، سەرەڕای زۆربوونی جیاوازییەکان، دەتوانین لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکەین. مێژووی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیاش گەواھیی بۆ پێکەوەژیان دەدەن.

ھەدەپە و گەلی کورد ھەمیشە ئامادەن بۆ ئاشتی. بە باوەڕی منیس ئێمە سەردەکەوین. ھەموو پێکھاتەکانی کۆمەڵگا کۆدەکەینەوە و دەبین بە خاوەنی دیموکراسی و ئابورییەکی بەھێز. ھەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاریس  ئەم رێگایەی پیشانی ئێمە دا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×