حزبی ره‌نجه‌ڕۆو په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ!

عومه‌ر عه‌لی‌ غه‌فور
  2019-04-27     706
ھیچکام لەو پەرلەمانتارانەی لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان یان عێراقدا، بەدەربڕینە بازاڕییەکە (شەبەکەیان دڕاند) و دەیان ھەزار دەنگیان ھێنا (حاکم شێخ لەتیف، مەلا عوزێر، عەلی حەمەساڵح، ھەڤاڵ ئەبوبەکر، حاجی کاروان)، تەنانەت بەقوباد تاڵەبانیشەوە، بەبێ دەنگی جەماوەری حزبەکەیان، واتە بەبێ رەسید و پاڵپشتیی حزبەکەیان نەیاندەتوانی بەدەنگی شەخسیی خۆیان کورسییەکی پەرلەمان بەدەست بھێنن، چ جای بەشی چەند کورسییەک دەنگیشیان لێ زیاد بێت، ھێندە ھەیە لەناو جەماوەری حزبەکانیاندا ئەوان لەبەر ھەر ھۆکارێک بێ سەنگیان زیاتر بووە، رەنگە لەمەدا تەنیا شاسوار عەبدولواحید ریزپەڕ (ئیستیسنا) بێت، چونکە ئەو خۆی و حزبەکەی یەک شت بوون! تا ئەم ساتەش پێموانیە ھیچ کارەکتەرێکی سەربەخۆ لە کوردستان ھێندە رەسیدی جەماوەری ھەبێت بتوانێت بەتەنیا دەنگی چوونە پەرلەمان بەدەست بھێنێت.

کەواتە پەرلەمانتار یان وەزیرێک حزب گەیاندویەتیە ئەو پۆست و فەخفەخەیە، وەکیلی حزبە و ئەو نانەی دەیخوات نانی حزبە، کە دەڵێم حزب مەبەست بنکەی جەماوەریی ئەو حزبەیە. ھەربۆیە ئەسڵ وایە ئەو کەسانە وەکیل و نوێنەری ئەو حزبە بن و لە چوارچێوەی کارنامەی حزبەکەدا کار بکەن، مەگەر لەکاتی کاندیدکردنیدا ئەوەی بەحزبی خانەخوێی راگەیاندبێت کە ئەو بەمیزاج و فیکر و قەناعەتی خۆی ئیش دەکات و مەرج نیە پابەند بێ بەبەرنامە و سیاسەتی حزبەوە، ئەمەش بە دەگمەن روودەدات. ئەگینا ھەم وەک ئوسوڵی سیاسی و ھەم وەک ئیلیتزامی ئەخلاقیش مەرجە ئەو کەسە بەکارنامەی ئەو حزبەوە پابەند بێت کە ئەوی بەو پۆستە گەیاندووە، لانیکەم تا ئەو خولەی کارەکەی تەواو دەکات، خۆ ئەگەر لە نیوەی رێگەدا قەناعەتی گۆڕا، دەبێت دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە و کورسییەکەی رادەستی خاوەنی راستەقینەی بکاتەوە.

بەڵام یەکێک لە شتە عەنتیکەکانی سیستمی سیاسیی مەملەکەتی فەنتەڵۆس (کوردستان و عێراق) ئەوەیە، کابرا ھەزار و یەک واسیتە و گزی و فزی و مەرایی و کڕوزانەوە و تەکەتولبازی دەکات تا حزب کاندیدی بکات بۆ پەرلەمان، کەچی کە دەردەچێت و دەستی لە گەنجینەکەی قارون گیر دەبێت، بێمنەت دەبێت لەو حزبەی گەیاندیە پەرلەمان و لەسەر بچوکترین ناکۆکی یەڵا لە فراکسیۆنەکەی دەچێتە دەرەوە و خۆی ناودەنێت "پەرلەمانتاری سەربەخۆ"! یان خش ژیربەژێر دەچێتە ناو حزبێکیتر!. حزبەکەشی، کە رەنجی فەرھادی کێشاوە تا دەنگی ئەو کورسیەی بەدەست ھێناوە، (خۆ دەشێت ئەو پەرلەمانتارە بەدەنگی زیادەی پەرلەمانتارێکیتر، یان بەشانس و کۆتا دەرچووبێت, ئەگینا چۆن کورسییەک ١٥ ھەزار دەنگی بوێت، کەسێک بە ٣٠٠ دەنگ یان ھەزار دەنگ بەدەستی دەھێنێت؟!) ناتوانێت دەریبکات و کورسیەکەی لێ وەربگرێتەوە و بیداتە ئەندامێکیتر، بەمە قورسایی ئەو حزبە لە پەرلەمان کەم دەکاتەوە و زەبر لە کارنامەکەی دەدات و سەرەنجام بەبەرژەوەندیی نەیارەکانی دەشکێتەوە.

بەڕای من ئەو کارەی پەرلەمانتارانی ھەڵگەڕاوە دەنگدزین و کورسی دزینێکی ئاشکرایە و ھیچی کەمتر نیە لە دەنگدزین و ویژدان کڕینی خەڵک لەلایەن حزبە دەستڕۆیشتووەکانەوە و جۆرە دەگەدانێکە لە خاوەنی ئەو دەنگانە، ئاخر چ مانای ھەیە من دەنگ بەکەسێک بدەم وەک کاندیدی حزبێکی ئەلف و لەبەر کارنامەی ئەو حزبە، کەچی کابرا سبەی لە پەرلەمان ھەڵگەڕێتەوە و زەبر لەو کارنامەیە بدات کە من دەنگم پێداوە؟

ئەم حاڵەتە، کە پێم سەیرە یاسا ئاسانکاری بۆ دەکات گوایە تا پەرلەمان ئازا و ئازاد بێت!، لە ساڵانی رابردوو پەرلەمانتارانی بەشێک لە حزبەکانی گرتەوە. سەرەتا پێش راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕەسمی، بەشێک لە پەرلەمانتارانی لیستی سەوز و سەر بەباڵی گۆڕان، بەکردەوە وایانکرد ئەگەرچی بەڕەسمی جیانەبووبوونەوە. لە خولی پاشتر کە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەنرا و ٢٥ کورسی بەدەستھێنا، سێ پەرلەمانتاریان لەسەر کێشەی وەرگرتنی سەیارە و خانوو وازیان لە گۆڕان ھێنا و وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ مانەوە و لەسەر دەنگی دەنگدەری گۆڕان موچە و خانەنشینیی چەوریان نۆش کرد و دەکەن!. لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق پەرلەمانتارێکی یەکگرتووش خۆی کرد بە "سەربەخۆ" بەبێ ئەوەی بڵێ گوناھە من بەدەنگی ئەو حزبە گەیشتومەتە ئێرە با ئەمانەتەکە تەسلیم بکەمەوە. لە خولی رابردووی پەرلەمانی کوردستانیش ئاری ھەرسین لە فراکسیۆنی پارتی وتی بوومەتە سەربەخۆ، بەڵام پێنەدەچوو جددی بێت!. دواینیشیان ھەڵگەڕانەوەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە لە حزبەکەیان. ئەڵبەت ئەمە زیاتر بەو حزبانە دەکرێت کە فەقیر و بێ دڕکن، ئەگینا مەحاڵە پەرلەمانتار بتوانێت گەمەی وا لەگەڵ حزبێکی دەسەڵاتدار و دڕ بکات.

لێرەدا مەبەست ئەوە نیە حزب لەسەر ھەقە یان نوێنەرە مونشەقەکەی، مەبەست ئەوەیە ئەو کورسییە ئیستیحقاقی جەماوەری ئەو حزبەیە، کە تۆ لەو حزبە دەرچویت، لەڕووی ئیلتیزامی ئەخلاقیەوە دەبێت ھەرچی موڵکی ئەوت لایە بیدەیتەوە. بۆت نیە ماڵێک ئەو بۆی کڕیبیت، ئۆتۆمبێلێک ئەو پێی دابیت، کورسییەک ئەو بەدەنگ و سەنگی خۆی بۆ بەدەست ھێنابیت، دەستی بەسەردا بگریت. ئەگەر وابێت ئیدی حزب چۆن دەتوانێت کارنامەی ھەبێت و فراکسیۆن بنێرێتە پەرلەمان بۆ جێبەجێکردنی، ئەگەر یاسا رێگە بۆ ئەوە خۆش بکات کابرا ھەر چووە پەرلەمان جیابێتەوە و حزبیش نەتوانێت بیگۆڕێت؟. لەوەش گرنگتر، دەنگدەر چۆن متمانەی ھەبێت دەنگ بداتەوە، لەکاتێکدا دەشێت ئەو دەنگەی دەیدات سەرەنجام بەو گەمەیە بچێتە گیرفانی نەیارەکەی، یان لانیکەم بەوھۆیەوە زایە ببێت.

حزب زۆربەی جار زاڵمە، بەڵام سەیرە کە لێرەدا مەزڵومە!!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×