ڕاگەیاندنە حیزبییەكان نەبونی هەوڵەكانتان هەواڵێكی خۆشە

‎كاوە رەش
  2019-09-30     648

‎كاوەڕەش/ بەریتانیا
‎ئینگلیز ڕستەی جوان دەبێژن كەدەڵێن، ( no news good news)نەبوونی هەواڵ، هەواڵێكی خۆشە.
‎ لەنەبیستنی هەواڵی ئەو هەموو ڕادیۆو تەلەفیزیۆنە حیزبی و سێبەرەكانیان ،بۆ ئێمە دەبێتە هەواڵێكی خۆش.
‎مایەی لەنگی و شەرمەندەییە لەو سەردەمەدا حیزب خۆی پێ سۆشیال دیموكرات بێت ،یاخود خۆی ناو نابێت پارتی دیموكرات، كەچی هەریەكەو دەیان ڕاگەیاندنی حیزبی و بەرسێبەری هەبێت. كەهەریەكەو سەر بەباڵێكی نێو حیزبەكەو بەرپرسێكی دەست ڕۆیشت و سەرمایەدارە.
‎بزوێنەری ڕاگەیاندنی حیزبی، كەبەقوتی خەڵك و پارەی بیرە نەوتەكان دوكەڵەی بێزاركەر دەردەهاوێ، هیچ بەهانەو مانەیەكی نیە كەبۆلەمەو دوا بەردەوام بن لەنیشاندانی ڕووی دزێوی دەسەڵات بەمێكاج كراوی.  ئەمڕۆ لەوسەردەمیپێشەكەوتنی تەكنەلۆجیادا بەهۆی تۆڕی ئینتەرنێت و مۆبایلە زیرەكەكەی ناو لەپی دەستت دەزانی لەوپەڕی گۆی زەوی چی دەگوزەرێ و چی ڕوو دەدات، نەخوازە لەگەڕەك و شارو شارۆچكەكەت.
‎هیچ بەهانەیەك نیە كەحیزبی كوردی بەردەوام بێت لەبەهەدەردانی سەروەت و سامانی میللەت، لەبەڕێوەبردنی ئەو هەموو دەزگا بێ كەڵكانەی ڕاگەیاندن، لەشارو شارۆچكەكان هەرێم.
‎لەووڵاتانی پێگەیشتوو تێگەیشتوو، جگە لەدەزگایەكی راگەیاندنی  نیشتیمانی، هیچحیزب و دەسەڵاتدارێك، خاوەنی ڕاگەیاندن  و دەزاگایمێدیای نیە.
‎جگە لەكەناڵە بێ لایەن و سەبەخۆكان، كەدەبێ خۆیان سەرچاوەی دەهات بەدەست بخەن، لەپرۆگرام و پڕوپاگەندە بازرگانیەكان، یاخود وەرگرتنی كرێی مۆڵەتی سەیركردن، لەلایەن ئەو كەناڵانەی خەڵك ئارەزوویان دەكات.
‎ئەوانەی ڕۆژێك سەیری ڕاگەیاندنە پڕۆفیشناڵەكانی دەرەوەی ووڵاتیان كربێ، هەرگیز نایبینی هەواڵی  قیڕكردنی شەقامێكو چاككردنەوەی بۆڕیەكی شكاو، سەردانی بەرپرسێكی حیزبی بۆ گەڕەك و شارێك، ببێتە هەواڵ و مانشێتی ڕاگەیاندن.
‎لەو هەرێمۆچكەی باشور كەهێشتا سنوری نەزاندراوە، حیزب نەك بە یەك ڕاگەیاندنی نوسراو بیندراو ی تێر ناخوا، بەڵكو خاوەنی دەیان ڕاگەیاندنی  بێ كەڵكە،كۆبۆتە شوێنی  كەسانی مشەخۆروبێ ئیش.
‎حیزب ڕاگەیاندنی فەرمی و سێبەری كردۆتە ڕێگایەك، كەهەرچی خۆی بەباش و خراپی بزانێ تێیدا بەگەڕی دەخات.
‎ڕاگەیاندنی سێبەرو حیزبی هەیە، كەنزیكەی هێندەی وەزارەتێك  پارەی تێداخەرج دەكرێ،  لەكاتێكدا نەبونیسودی زیاترە وەك لەبەهەدەردانی پارەو قوتی خەڵكی تێیدا.
‎ئەگەر تەنها لەپێنج ووڵاتی ئەوروپی یاخود دەرەوە دە كارمەند  كاری بۆبكەن،جگەلەوانەی ناوخۆ، دەبێ ئەو دەكارمەندە  لانی كەمهەریەكەی ڕۆژی سەد دۆلارێك  موچەو دەهاتیدەست بكەوێت لەكەناڵ و دەزگایە، جگە لەتێچوی  كارەكانیان، خۆئەوەیلەدەرەوە ژیابێ دەزانێ  تێچوی ژیانو كاروبارەكان چۆنە.
‎ئەوا ئەو دە كارمەندە مانگانە  لانی كەمسێ چوار دەفتەر دۆلاریان خەرجیە،
‎ئەگەر سەردەمانێك گرینگی و ڕۆڵیان هەبووبێت، ئەوا ‎ لەدوای  ساڵی وەو٢٠٠٣نەمانی ڕژێمی بەعس، هیچ بەهانەیەك نەماوە بۆ بەفیڕۆدانی سامانی میللەت لەڕاگەیاندنی حیزبی.
‎ ڕاگەیاندنی  سێبەرو حیزب،چونكە بەپارەی دزراو  دەنەڕێنێ، لەناوجەرگەیپایتەخت خەڵك و ئاو و كارەباو پێداویستی سەرەتای دەست ناكەوێت نایكاتە هەواڵ و، ڕاپۆرتێكی مەیدانی لەسەر بكات، بەڵكو  پەیامنێرە گیرفانپڕەكانیان لە گوانتانامۆ و دارستانەكانی ئەمەزۆنەوە ڕاپۆرت دەكەن، كەهیچ سەرداوێكی ئەو شوێنانە بەمیللەتی كوردەوە گرێ نەدراوە.
‎یان لەوەش كارەستبارتر دێن، كەسانی هەژارو كەم دەرامەت دەخەنە گۆشەیەكەوە، تا بپاڕێتەوە لەسەر شاشەكانیان، گوایە خەڵك هاوكاریان بكەن، لەكاتێكدا هەر ئەو ڕاگەیاندنەو ئەو حیزبەی لەپشتیەوەیەتی، قوتی ئەو كەسە كەم دەرامەت و بێ دەرەتانانەی  دزیوەو خۆڵیپێدەكەنە چاوی بینەرەوە.
‎ ئیدی كاتی ئەوە هاتوە تەواوی ڕاگەیاندنە حیزبی و سێبەرەكان، دابخرێن. ئەو سەروەت و سامانەی لەوانە بەفیڕۆ دەدرێ، بخرێتە خزمەتی بواری تەندروستی و خوێندنەوە.
‎بائیدی دەست هەڵبگرن لەدابەشكردنی كۆمەڵگاو، لێ گەڕێن با ڕاگەیاندنی نیشتیمانی و  ئازادو سەربەخۆدروست بێت و، ببێتە  گۆڕەپانی نوسینو داهێنان، تێیدا دەنگ و ڕەنگی هەموو چینەكانی كۆمەڵگا لەخۆ بگرێ ‎ بۆیە نەبونی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبیی و سێبەر، بۆ خەڵك هەواڵێكی خۆشە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×