ئەنجومەنی باڵای‌ میدیا، لەنێوان سانسۆرو چاودێریی‌ ژینگەی میدیاییدا

د. یه‌حیا عومه‌ر رێشاوی
  2019-12-16     671
ھەر پرۆسەیەک کە پەیوەندی بە مرۆڤەکانەوە ھەبێت و کاریگەریی لەسەر ژیانیان دروست بکات ئاتاجی رێکخستن و دانانی رێنماییە، نەخاسمە پرۆسە و کایەیەکی گرنگی وەک (میدیا)، کە کاریگەریەکەی لە ھەڵکشانێکی شێتانەدایە، ھەربۆیە باوەرناکەم نە رۆژنامەنووسان و نە مامۆستایانی ئەکادیمی و نەچاودێرانی رەوشی میدیا بە شێوەیەکی گشتی، بە رێکخستن و دانانی رێنمایی بۆ کاری میدیایی دژ بن، ئەوەش کە ھەموومان لەسەری کۆکین ئەوەیە کە میدیا لە ھەرێمی کوردستاندا بە دەست کێشە و گرفتی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێت و ئاتاجی قسە لەسەرکردن و شرۆڤەکردن و چارەسەرە و لە چەندین شوێن و بۆنە ئاماژەی پێدراوە و ئەم نوسینە بۆ ئەم باسە تەرخان نەکراوە. 

ئەوەی لێرەدا دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم و ھاورێیانی رۆژنامەنووس (مەم بورھان قانع و ئاسۆس ھەردی) لە دوو وتاری جیاوازدا ئاماژەیان پێدابوو باس و خواسی پێکھینانی ئەنجومەنێکی باڵایە بۆ رێکخستنی کاری راگەیاندن لە ھەرێمی کوردستاندا، کە ھەریەک لەو دوو بەرێزە بە مەترسی بۆ سەر ئازادی رادەربرین و ژینگەی کاری رۆژنامەنووسی وەسفیان کردبوو، بە حوکمی ئەو ئەزموونە تاڵەی کە لەگەڵ ئەم جۆرە دەستە و ئەنجومەن و سەندیکایانە ھەیە. 

لێرەدا و پێش بەشداریکردنمان لە کارەکانی کۆنفراسی گرێدراو بۆ ئەم مەبەستە (کە ئێمە ئاگاداری پرۆژە پێشنیاز کراوەکە نین و تەنھا وەک میوان بە سوپاسەوە بانگھێشت کراوین)، ئەم چەند خاڵە دەخەمە روو: 
یەکەم: گەشەی میدیایی و ژینگەی کاری میدیایی بە جۆرێک گۆرانکاریی بەسەردا ھاتووە، مەسەلەی دیسپلین کردن و کۆنترۆڵکردن رۆژ بە رۆژ سەختتر دەبێت و پاسەوانەکانی بەر دەرگای کاری رۆژنامەنوسی رۆژانە خانەنشین دەبن و کارەکەیان لە دەست دەدەن ! ئێران و چین و سعودیە نمونەی بەرجەستەن بۆ سەختبونی دانانی رێوشوین و چوارچێوە دانان بۆ کاری میدیایی. 

دووەم: ھەمیشە ئازادی رادەربڕین و میدیا پەیوەستە بە فەراھەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری میدیایی و پەیوەستە بە بونی دیموکراسیەتێکی راستەقینە و ئابوری ئازاد و سەروەری یاسا و فەراھەمکردنی ھەلی یەکسانی کێبرکێ بۆ ھەموان، جێگیر نەبوونی ئەم بنەمایانە لە ھەر کۆمەلگەیەکدا ئەنجومەن و دەستە و سەندیکا بۆ کاری رۆژنامەنووسی لە مانای راستەقینەکەی خاڵی دەکاتەوە. 

سێھەم: بێگومان ئەگەر ھەماھەنگیەکی راستەقینە لە نێوان بەرێوەبەر و بەرپرسانی دەزگا میدیاییەکان و ئەنجومەن و سەندیکا میدیاییەکان و دەزگا یاسایی و قەزائیەکاندا نەبێت و ئەم جۆرە دەستانە بە لێکتیگەیشتن دروست نەکرێن، ناتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت و ھەر لەسەرەتاوە بە ئیفلیجی لە دایک دەبێت. 

چوارەم: ئەوەی بە تەواوی ئامانجە گەورەکەی ئەم جۆرە دەستە و ئەنجومەنانە لەبار دەبات، بیرکردنەوەی حزبیانەیە لە بەرێوەبردنیدا، بە مانا پێش ئەوەی بیر لە بەرژوەندیە نیشتمانیەکانی ئەم جۆرە دەستە و ئەنجومەنانە بکرێتەوە، بیر لە موحاسەسەی حزبی و ناوچەیی بکرێتەوە، بە دڵنیاییەوە ھەر لە سەرەتاوە لە دانانی کەسەکاندا بەدەر دەکەوێت کە تا چەندێک بەرژوەندی نیشتیمانیی پێش بەرژوەندی حزبی خراوە، ئەم کارەش دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی حەقیقی میسداقیەتی دامەزراندی ئەم جۆرە دەستە و ئەنجومەنانە. 

پێنجەم: جگە لەم خاڵانە، بێگومان ناوەرۆکی ئەو پرۆژەیە و ئەوەی لە چەند رۆژی داھاتوودا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت دەری دەخات کە تا چەندێک بۆ دیسپلین کردن و کۆنترڵکردنە و تا چەندێکیش دەیەوێت چارەسەری قەیرانەکانی بواری میدیا لە ھەرێمدا بکات و خەوشەکانی کەم بکاتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەوانەی لە خەمی ئازادی رادەربریندان و پەرۆشی  پاراستنی ئەو پانتاییە رێژەییەن لە ئازادی وشە ھەرگیز رێگە نادەن دامەزراندنی ئەو جۆرە دەست و ئەنجومەنانە ببێتە بەھانەیەکە بۆ سانسۆر و بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربرین.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×